کەمپینی"هانا" لە ڕێگەی هەدەپە و خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستانەوە هاوکارییەکان دەگەیەنێت

بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیان لێکەوتوانی بوومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان کەمپینی 'هانا" بەردەوام دەبێت و ئەندامێکی کەمپینەکە ڕایگەیاند، لە ڕێگەی هەدەپە و خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستانەوە هاوکارییەکان دەگەیەننە زیانلێکەوتووان

سلێمانی

 

ماوەی سێ ڕۆژە لە کارگەی جگەرەکە لە شاری سلێمانی کەمپینی "هانا" بەردەوامە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە بە هەزاران کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٣ ملیۆن کەس بێ ماڵ و حاڵ بوون.

 

کەمپینی هانا دڵنیایی دەداتە ئەو کەسانەی کە هاوکارییەکان دەگەیەنن، کە پەیوەندییان لەگەڵ هەدەپە لە باکووری کوردستان و خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەیە و لەو ڕێگەیەوە هاوکارییەکان دەگاتە دەست گەلی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان.

 

"تورکیا هیچ هاوکاریەکی زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکە ناکات"

ڕووناک مەجید، ئەندامی کەمپینی هانا، ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە هاتووین هاوکاری کۆبکەینەوە بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە، هەرچەندە ناتوانین لە ئازارەکانیان کەمبکەینەوە، بەڵام دەتوانین لە ڕووی مادیەوە هاوکاریەکیان بکەین، ئێمە وەکو گەلی کورد پێویستە پشتیوان و هاوکاری یەک بین لە کاتی هەر ڕووداوێکدا، سەرەڕای ساردی کەشوهەوا و قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان، بەڵام دەبینین خەڵک بەردەوامن لە هێنانی هاوکاریەکانیان، ئێمە خەڵکی باشووری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هاوکاریەکان دەگاتە دەست زیانلێکەوتووان و دەنێردرێن بۆ نوێنەرانی گەل لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان کە هەدەپە و خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

ڕووناک مەجید وتیشی: هەرچەندە ٢٢ دەوڵەت پشتیوانی ئەوەیان کرد کە دەبێت تورکیا هاوکاری ئەو ناوچانە بکات، بەڵام تا ئێستا هیچ هاوکاریەک لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە نەگەشتووەتە دەستی ئەو خێزانانە و ڕێگری لە چوونی ئامێرەکانیش دەکات بۆ ناوچە زیانلێکەوتووەکان، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە تورکیا بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت گەلی کورد لەناوببات، بۆیە ئەو بینایانەی کە ڕووخاون لە سەردەمی هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەردۆغانەوە دروست کراون و بەرگەی بوومەلەرزە ناگرن.