ئاسایشی سلێمانی: تۆمەتبارانی کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەسەر ڕووداوی تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، توانرا تۆمەتبارانی ئەم کردەوەيه دەستگیر بکەین.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، لەسەر ڕووداوی تیرۆرکردنی ئەکادیمیست و سەرنووسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی، ناگیهان ئاکارسەل ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕاگەیاند، تۆمەتبارانی ڕووداوی کوشتنی ناگیهان ئاکارسەل دەستگیرکرا.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە؛

"سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەمە ( ٢٠٢٢/١٠/٤) ئاگادارکراین لە ڕووداوێکی كوشتنی ژنێک بەناوی (ناگەهان کمال ئاکارسێڵ ) لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی، دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەست بە لێکۆڵینەوە کرا و پاش بەدواداچوونی وورد لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا لە ژێر ڕێنمایی بەڕێز سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر- کۆیە، توانرا تۆمەتبارانی ئەم کردەوەيه دەستگیر بکەین و لە ئیستا لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەر ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە، لێرەوە سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی هاوڵاتیانی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر دەکەین کە هاوکارمان بوون لە دەستخستنی زانیاری لەسەر تۆمەتباران".

 

ئەم ڕاگەیەندراوەی ئاسایشی سلێمانی دوای ئەوەدێت، کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە گردبوونەوەی ژنان بۆ ئیدانەکردنی شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل و ڕێپێوان بۆ بەردەم مەکتەبی سیاسی یەنەکە، ژنانی بەشداربوو ماوەی ٤٨ کاتژمێریان دا بە بەرپرسانی ئیدارەی سلێمانی تا بکوژان ئاشکرا بکرێن.