حەمرین حەسەن: لە سەرەتای ساڵەوە ٢٧ کەس کە ١٩یان ژنن لە کامپی هۆل کوژراون

حەمرین حەسەن، بەڕێوەبەری کامپی هۆل باسی لە مەترسییەکانی کامپەکە کرد و رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا ١٩ ژن لەکۆی ٢٧ کەس لەو کامپەدا لەلایەن ئاوارەکانی کامپەکەوە کوژراون.

سۆرگول شێخۆ

 

حەسەکە- کامپی هۆل دەکەوێتە ٤٥کم لە ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەتوانرێت وەک بۆمبێکی چێندراوی کاریگەر پێناسە بکرێت، چونکە ئەو کەسانەی لە کامپەکەدا دەژین جگە لە سەربڕین و تاریکی و کۆیلەکردنی ژنان هیچ شتێکی دیکە نازانن، کاتێک ژنێک بیەوێت لە هزری داعشی ڕزگاری ببێت، هەموو جۆرە توندوتیژی و کوشتنێکی دڕندانەی بەرامبەر ئەنجامدەدرێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، لە بەشی "کۆچبەری" یان بەشەکانی دیکە لێکۆڵینەوە لە ژنانی داعش دەکرێت، لە شەڕی داعشدا کە لەلایەن شەڕڤانانی یەپەژە/قەسەدە ئەنجامدرا، بینیمان چۆن چەتەکان ژنانیان ژێردەستە و کۆیلە کرد و وەک قەڵغان بۆخۆیان بەکاریان دەهێنان.

 

لەلایەکی دیکەوە ئەو ژنانەی کە گەشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئایدۆلۆژیای داعش ڕێیەکی هەڵەیە و دەیانەوێت لێی ڕزگاریان ببن دەکوژرێن و سەر دەبڕدرێن و تەرمەکانیان زیاتر لە ئاوەڕۆکاندا لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە دەدۆزرێنەوە، زۆرێک لەو تەرمانە سەربڕدراون، هەرکەسێک بچێتە ناو کامپەکە نەک هەڕەشەی کوشتنی لیدەکرێت و منداڵانیش بە بەرد و وتنەوەی دروشمی داعش ئێشتا ماوە دوایان دەکەون، منداڵانی کامپەکە هێمای سەربڕین لەو کەسانە دەکەن کە بەلای کامپەکەدا تێدەپەڕن، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر داهاتووی منداڵەکان و کۆمەڵگەش.

 

ئەو ژنانەی لە کامپەکەدا هەڵدێن، لە ڕێگەی ڕێکخراوێکی سەر بە تورکیاوە بە ناوی IHH دەگەنە تورکیا، یان ناوچە داگیرکراوەکان، لەناو کامپی هۆڵدا ٧٧٩١ خێزان-٢٩ هەزار و ١٥٢ ئاوارەی عێراقی، ٤٩٩٨ خێزان-١٨ هەزار و ٨٦٣ ئاوارەی سوری، ٢٤١٦ خێزان-٨ هەزار و ١٠٩ ژنی بیانی داعش لەناو کامپی هۆڵدا دەژین، کۆی گشتی ئەو کەسانەی لەناو کامپی هۆلدا دەژین ٥٦ هەزار و ٩٧ کەسە، بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی کامپەکە لە دوای دروستکردنی کامپی هۆلەوە زیاتر لە ١٥٠ کەس کوژراون کە ژن و منداڵ و پیاون.

 

"لە کۆی ٢٧ کەس ١٩ ژن لە ساڵی ٢٠٢٢دا کوژراون و بەڵگە کراون"

بەڕێوەبەری کامپی هۆل، حەمرین حەسەن، باسی کوشتنی ژنانی ئەم دواییەی کامپی هۆل دەکات و وتی: لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ەوە لە کۆی ٢٧ کوشتن لەناو کامپەکەدا کوژرانی ١٩ ژنمان بەڵگە کردووە، ئەمەش زیادبوونی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان لەناو کامپەکەدا دەردەخات، ئەمە مەترسییەکی ڕۆژانەیە و ڕەنگە ڕۆژێک بێت نەتوانین کۆنتڕۆڵی بکەین، گرنگترین هۆکاری ئەم کوشتنانە و بە تایبەتی بۆ ژنان ئەوەیە کە ئێستا دەیانەوێت خۆیان ڕزگار بکەن لە عەقڵیەتی توندڕەوی داعش، چونکە باڵی داعشی ژنان- الحسب کە سوپای ئەوانە، ئەم ژنانە دەکوژن و بەمە پەیامێک بۆ هەمووان دەنێرێت کە ئەمە چارەنووسی ئەوانەیە کە لە ڕێگای داعش دەردەچێت و ڕێگەیەکی دیکە هەڵدەبژێرێت.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە کەمپی هۆل وەک هیچ کامپێکی دیکە نییە، لەوێدا منداڵان و ژنانی داعش تێیدا گەورە دەبن و مەترسیدارتر دەبن. کامپی هۆل نیشانەی عەقڵیەتی توندڕەوی داعشە و مەترسییەکەی لە پەرەسەندندایە. بە تایبەت بەبێ ئەوەی دەوڵەتان هاوڵاتیانی خۆی بگەڕێنێتەوە و دەستگیریان بکات، "کامپەکە خەریکە دەبێتە کێشەیەکی جیهانی کە پێویستە وڵاتانی پەیوەندیدار دەستوەردان بکەن بۆ چارەسەرکردنی، چونکە ئەم کێشەیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە گەشەکردندایە".

 

"یان هاوڵاتییەکانیان ببنەوە، یان دادگایەکی نێودەوڵەتی دابمەزرێنن"

حەمرین حەسەن لە کۆتایی قسەکانیدا وتی بوونی ژنان و چەتەکانی داعش لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کێشەیەکی جیهانییە، "کێشەکانی ژنان و چەتەکانی داعش کێشەیەکە هەموو جیهان گرێدراوە پێوەی نەک تەنها ئێمە، هەربۆیە ئەو وڵاتانەی کە دان بە هاوڵاتیانی خۆیاندا نانێن و ئەم کێشەیە لەبیر دەکەن و پشتگوێ دەخەن، دەبێ بە بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن و هەنگاوی کۆنکرێتی بنێن بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، یان دەبێت دادگایەکی نێودەوڵەتی دابمەزرێت بۆ دادگاییکردنی تاوانباران و گەڕانەوەی دادپەروەری بۆ قوربانیان".