هەولێر دژی داگیرکارییەکان بێدەنگی و ڕێگرییەکانی شکاند

ئەمڕۆ لە شاری هەولێر سەرەڕای ڕێگرییەکانی ئاسایش، خۆپیشاندان دژی داگیرکارییەکان کرا و داوای هەڵوێستیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی هەرێم کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە بەردەم بینای نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر، دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و بە دەستپێشخەری لیژنەی کاری هاوبەشی چەپەکان، کە پێکدێن لە حزبی شیوعی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشان و بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کورد و بە بەشداری هاوڵاتیانی شاری هەولێر خۆپیشاندان بەڕێوەچوو.

 

پێش دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکە هێزێکی زۆری ئەمنی لە بەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئامادە باشیدا بوون و هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەر و ڕۆژنامەنووسان تا ڕێگری لە بەشداربووان بکەن، بەڵام بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە ئاستەنگ و ڕێگرییەکانیان تێکشکاند و سەرەڕای هێرشکردنە سەریان خۆپیشاندانیان کرد.

 

لە خۆپیشاندانەکە کە ژن و منداڵ و بەتەمەن بەشداربوون، دروشمەکانی "تیرۆرست ئەردۆغان، دەرچۆ لە خاکی کوردان"، "لەسەر خاکی خۆمانین، دژی ستەمکارانین"، "باکور باشور ڕۆژهەڵات، یەک ئامانج و یەک خەبات"، "ئەردۆغان..ئەردۆغان، ستەمکاری بێویژدان"و "سوپای تورکی داگیرکەر، لە کوردستان بڕۆ دەر" وترانەوە، لە بەیاننامەیەکیشدا داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕابگرێت و حکومەتی هەرێمیش هەڵوێستی هەبێت، بەو مەبەستەش یاداشتێکیان ئاڕاستەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.