چیرۆکی شەپۆلی لەسێدارەکان لە ئێران بەردەوامی هەیە
ژیانی سەدان کەس تەنها لەبەر بۆچونەکانیان لە مەترسیدایە و بێدەنگی لەسەریان بە واتای شکست دێت، ئەمەش کاردانەوەی بەربڵاو لە بەرامبەر شەپۆلی سێدارەکان لە ئێران فراوانتر دەکات.

سەیران زکری
لەیلاخ-شەپۆلی لەسێدارەدان لە ئێران بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو شایەتی زیادبوونی نائارامکەر و بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، کە نیگەرانییەکی گەورەی لای هاوڵاتیان دروست کردووە. زۆرێک لە چالاکوانان و کۆمەڵناسان پێیان وایە ئێران بە پەنابردن بۆ لەسێدارەدان، هەوڵ دەدات کەشێکی ترس و تیرۆر بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی دروست بکات.
لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٥دا ٨٥ کەس لە سێدارە دراون، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە لە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوودا لە ٢٣ کەس زیاتر نەبوو، بەڵام ئەم زیادبوونە زیاتر لە سێ هێندە ئاماژەیە بۆ سیاسەتێکی ئامانجدار و خێرا. شایانی باسە ئەم شەپۆلە لە سێدارەدانە ڕاستەوخۆ دوای نەورۆز، لە ٩ی نیسان دەستی پێکرد و تا ئێستاش بێ پچڕان بەردەوامە.
ڕاپۆرتی هەڵمەتی 'سێشەممان نا بۆ لەسێدارەدان' ئاماژەی بەوە کردووە کە ژمارەی لەسێدارەدان تەنیا لە مانگی ئایاردا نزیکەی ١٢٩ کەس بووە. لەنێویاندا چوار ژن و دوو منداڵ هەبوون، ژمارەکەش بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی ڕابردوو دوو هێندە زیادی کردووە.
لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی زۆر لەوانەی لە سێدارە دەدرێن زیندانی سیاسین، زۆر کەسی دیکەش هێشتا مەترسی لە سێدارەدانیان لەبەردەمدایە، ئەمەش توڕەیی و نیگەرانی چالاکوانانی مافی مرۆڤی لێکەوتۆتەوە، زۆر کاردەکەن بۆ شکاندنی ئەم حوکمانە و ڕاگرتنی سووڕی لەسێدارەدان.
"ئازادی لەسەر بوێری ئەوان بونیاد ندراوە"
ڕاشین باکرۆ، چالاکوان لەو بارەیەوە وتی: بۆ ئەو کەسانە دەنووسم کە تەنیا لەبەر بیروباوەڕەکانیان زیندانی کراون، بۆ ئەوانەی دەنگیان تەنانەت لە پشت مێزی دادگاشەوە هێشتا ئیلهامبەخشە بۆ هاوڵاتیان و زیندانەکانیان نەیتوانیوە بێدەنگیان بکات، دەنووسم چونکە ڕەنگە ڕۆژێک لەسەر بیروباوەڕەکانم زیندانی بکرێم، من دەمەوێت کەسێکبم لەبیرنەکرێم، وریشە و پەخشان و زەینەب و شەریفە و ژنە شەڕڤانانی ترم لەبیرە، "لەو ڕۆژ و مانگانەی تێپەڕین هەرگیز لەبیرم نەکردوون".
لە خەیاڵمدایە، لە تەنیشتیان لە زینداندام، باسی ژنیان لەگەڵ دەکەم، باسی ستەمکاریی گەلان و کەمینەکان دەکەم، دەزانم کە ئەوان لە دیوی دیوارەکان لە بەرخۆدان نەوەستاون، ئەوان دەنگی ژنانی دیکەن، ئازارەکانی خۆیان دەشارنەوە تا گوێی گوێگر بن بۆ ژنانی تر، چونکە ناتوانن بێ ئامانج بمێننەوە. ئەوان خودی ژیانن، پڕن لە مانا، پاڵنەر، سۆز، و وریایی. شاخەکان ئەوانیان لەبیرە، دارەکانیش، هەرکاتێک ناویان بیست، سوێند بە ئازایەتیان دەخۆن.
ڕاشین باکرۆ پرسیاری کرد،چۆن بیرۆکەی لەسێدارەدان ئاوا جێگیرکراو دەبێت؟
چۆن ژیان لە ڕەگ و ڕیشەی خۆی بێبەش دەکرێت کە ناوەڕۆکی ژیانە؟
ئەم ژنانە هاتوون ئەم جیهانە گەندەڵە بگۆڕن کە بەربەرییەت دروستی کردووە. ناکرێت ئەوەندە بە سادەیی بێدەنگ بکرێن. ناتوانرێت وا پیشان بدرێت کە چیتر بوونیان نەماوە بە ڕاکێشانی کورسییەکە لە ژێر پێیانەوە.
ئێمە دەنووسین بۆ ئەوەی لەبیر نەکەین
ڕاشین باکرۆ ڕوونیکردەوە: کاری من نووسینە، بۆ ئەوەی لە یادەوەری مێژوودا بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بزانن کام ڕووناکی لە دڵی تاریکیدا درەوشایەوە، کام ژن بە بێدەنگی و بە چەقبەستوویی بەرامبەر مەرگ و بێدەنگی وەستاو، “لە هەڵمەتی سێشەممان بۆ لەسێدارەدان، هەموو وزەمان بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان تەرخانکرد، هەندێکجار لە کۆبوونەوە خێزانییەکان باسی زیندانییەکانمان دەکرد، هەندێکجار لە ماڵەکانی یەکتردا کۆدەبووینەوە. هەرجارە، ژنانمان بانگهێشت دەکرد، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بارودۆخی ئەو ئازادیخوازانە، چی بکرێت؟
چۆن دەتوانین کاریگەر بین؟
چۆن دەتوانین ڕێگری لە لەسێدارەدان بکەین؟”
ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێکجار بیرۆکەی نوێ لەدایک دەبن، هەندێکجاریش ژنان دەچنە پاڵمانەوە کە هەرگیز ناوی وریشە و هاوەڵەکانییان نەبیستووە، بەڵام بیستنی ئەم ناوانە هانیان دەدات بۆ ئەوەی بیربکەنەوە، دڵیان بەم ڕێبازە ببەستێتەوە، من باوەڕم وایە کە یەکگرتوویی لە هەموو هەنگاوێکدا پێویستە، ئێمەی ژنان، دەبێت دەنگی یەکتر بین، بەبێ گوێدانە زمان، نەتەوە، یان پێگەمان، وتی: ئێمە پێکەوە کۆدەبینەوە و ئەو نامانە دەخوێنینەوە، کە ئەم ژنانە بڵاوی دەکەنەوە لە زیندانەوە، ئەم نامانە هێزێکن بۆ بەرەنگاربوونەوە، بەڵسیمێکن بۆ ترسەکان و هاندەرێکن بۆ خۆڕاگریکردن لە باوەڕدا، ئەوەی ژنان وەک مرۆڤی ئازاد شایەنیەتی، هەموو سێشەممەیەک بیرمان دەخرێتەوە کە ژیان لە مەترسیدایە، مافی ئەوەمان نییە بێباکانە بمێنینەوە، چونکە ئەوان لە پێناو ئازادییەکەماندا زیندانی کراوون.
جەختی لەوەش کردەوە، بەپێچەوانەی زۆرێک لە چالاکوانان، حەزم لە کاری زەق و بێ ئەنجام نییە، من باوەڕم وایە گۆڕانکاری لە ماڵەوە دەستپێدەکات، لە ڕێگەی پەیوەندی نزیکەوە، لە ڕێگەی گفتوگۆی بچووک بەڵام کاریگەرەوە. دەبێت لە ڕێگەی مێشک و گوێگرتن لە بۆچوونی جیاوازەوە بگەینە خاڵی هاوبەش. من باوەڕم بەم ڕێبازە هەیە، دەزانم کە ژمارەی ژنانی هۆشیار و خەمخۆر و دڵسۆز ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات. ئەو ژنانەی کە لەوانەیە لە کاری ڕۆژانەی ماڵدا گیر بمێننەوە، بەڵام دەتوانن، پێویستە دایکێکی هۆشیار بن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا زیاتر ژنانی کرێکار و دەرچووانی زانکۆمان لە ڕیزەکانی چالاکواناندا بینیبێت، ئێستا کاتی ژنانی ماڵەوە هاتووە، تەنانەت کەسانی نەخوێندەواریش، بچنە ناو ئەم گروپانەوە. ئەوان ئەزموونی گەورەیان هەیە، ژیان باشتر دەزانن و قووڵتر دەستیان لە ئازارەکان داوە". لە کۆتاییدا بە هیوایەکی بێدەنگ بەڵام پتەوەوە وتی: بە هیوای ڕۆژێک کە زیندانەکان چۆڵ بن و کەس بەهۆی تاوانی بیرکردنەوە زیندانی نەکرێت.