چیرۆکی هەدیل: چوار ساڵ دیلبوون و ڕزگاربوون
هەدیل نایف کە لە لایەن داعشەوە ڕفێندرا و دوای چوار ساڵ و نیو لە دیلێتی لەلایەن یەپەژەوە ئازادکرا، ئاماژەی بەوەشکرد کە هێشتا هەست دەکات لە خەوندایە، ئەویش وتی: تا هەموو کوڕە ونبووەکانمان ئازاد نەبن، هەست بە ئازادی ناکەم.

جیهان زەمۆ
شنگال- ٣ی ئابی ٢٠١٤ ڕۆژێکی تاریک و شەرمەزاری بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، تاوان و پراکتیزە نامرۆڤەکانی داعش کە بێ وەستان خەریکی تاقیکردنەوەی دڕندەی بوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەم ڕۆژەدا گەیشتە لوتکە، لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا داعش هێرشی کردە سەر زێدی دێرین و خاکی ئێزدییەکان لە شنگال و هیچ کەسێکی بە زیندووی نەهێشتەوە، داعش لە کۆتاییدا لەسەر لەناوبردنی پێکهاتە ڕەسەنەکان و بیروباوەڕەکان و گەلان - سامانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامەزرا، ئەمجارە هێزە دوژمنکارەکانی بەڕامبه ڕ بەیەکسانی و ئازادی گەلان بڕیاریان داوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێنەوە بۆ تاڵاوێکی خوێن و بەعه قڵ و دڵی رەشەوە وەزاڵ بن لەم ناوچەیه.
کۆمەڵگەی ئێزدی ئەم ڕۆژە بە فەرمان پێناسە دەکات، فەرمان ئاماژەیە بۆ لەناوچوونی ئایین و بیروباوەڕەکانیان واتە لەناوچوونیان، یادەوەری فەرمان لە نێو کۆمەڵگەی ئێزدیدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە، چونکە هێزەکانی نامرۆڤایەتی ڕەتیدەکەنەوە ئەم یادەوەرییە کاڵ ببێتەوە، ئەم کۆمەڵگەیە لانیکەم دە ساڵ جارێک هێرشیان دەکرێتە سەر، بە وتەی پێکهاتەی ئێزدی، ٧٤ فەرمانیان بۆ کراوە، بەڵام ژمارە ڕاستەقینەکە زۆر لەوە زیاترە، ماڵ و زەوی و زێدی ئەوان ٧٤ جار تاڵان کرا و کچ و کوڕەکانیان کراون بە کۆیلە و کۆمەڵگەکەیان تووشی کۆمەڵکوژییەکی دڕندانە بووە.
١١ ساڵ بەسەر فەرمانی ساڵی ٢٠١٤دا تێپەڕیوە، لە ماوەی ئەم ١١ ساڵەدا کۆمەڵگەی ئێزدی چەندین پێشهاتی ئەرێنی بەخۆیەوە بینیوە بە بیرۆکەی ئازادی، بۆ یەکەمجار ئاگاداری هێرشەکانی دژیان و هۆکارەکانیان بوون، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی فەرمانی ساڵی ٢٠١٤، کۆمەڵگەی ئێزدی لە هەموو شوێنێک یادی شەهیدانی ئەو فەرمانەیان کردەوە، هەوڵ دەدەن یادی ئەو هێرشانە و ئەو بەرخۆدانانە بکەنەوە کە لە دژی ئەوان کرا. ئێمەش هەوڵمانداوە ئەم هەلە بقۆزینەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ لای شایەتحاڵانی فەرمانەکە و گوێ لە چیرۆکەکانیان بگرین لەسەر فەرمانەکە، بۆ ئەوانەی ئەو ڕۆژانەیان بەسەر بردووە، قسەکردن لەسەریان ئاسان نییە، بۆ ئێمەش ئاسان نییە گوێ لەو ئەزموون و چیرۆکانە بگرین، لەم بابەتەدا چیرۆکی هەدیل نایف، ژنێکی گەنجی ئێزدی دەخەینە ڕوو کە لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا لەلایەن داعشەوە گیرا و چوار ساڵ و نیو لە دەستی داعشدا مایەوە.
"ئێمە متمانەمان بە پێشمەرگە هەبوو و باوەڕمان وابوو ئەوان دەمانپارێزن"
هەدیل نایف تەمەنی ١٩ ساڵ بوو کاتێک لەلایەن داعشەوە گیرا، کچێکی بچوکی تەمەن یەک ساڵ و سێ مانگی هەبوو، هاوڵاتیانی گوندی گرزەرکی و لە کاتی دەرکردنی فەرمانەکەدا لە ماڵی دایکی لە شاری گرزەرکی بووە، هەدیل قسەی لەگەڵ ئاژانسەکەمان کرد سەبارەت بە ڕۆژی فەرمانەکە و ئەوەی کە شایەتحاڵی بووە، ئێمە بیستبوومان داعش هێرش دەکاتە سەر هاوڵاتیان، بەڵام متمانەمان بە پێشمەرگە هەبوو و باوەڕمان وابوو کە ئەوان دەمانپارێزن، هەر بۆیە ئێمە هەڵنەهاتین تا داعش هێرشی کردە سەر گرزەرکی لە کاتژمێر ٢:٠٠ی بەیانی پێشمەرگە پێشتر هەڵاتبوو، هاوڵاتیانی گرزەرکی بە هەموو هێز و تواناکانیان بەرەنگاری داعش بوون، لەم نێوەندەدا هاوڵاتیان کرزرکیان بەجێهێشت، بەرەو خوارەوەی لێژاییەکە دەڕۆیشتن بۆ ئەوەی بگەینە ناوچەیە شاخاوییەکان، ئێمە نزیکەی ٢٠ کەس بووین بە خوشک و برا و دایک و باوکەکانمانەوە، بەو پێیەی ئۆتۆمبێلمان نەبوو بە پێ ڕۆیشتین، هەزاران کەس بە هەمان شێوەی ئێمە بێهیوا و بە دوودڵییەوە بەڕێکەوتن، کاتژمێر ٩:٠٠ی بەیانی چەتەکانی داعش چوونە ناو شاری شنگال و پێش کاتژمێر ١١:٠٠ی بەیانی لەسەر ڕێگای خۆڵاوی بە ئێمە گەیشتنەوە و سواری ئۆتۆمبێلیان کردین و بردیانینەوە بۆ شنگال.
ئێمەیان بردە زیندانی بادوش
هەدیل وتیشی: لە شنگال بردیانن بۆ هۆڵێکی گەورەی ئاهەنگ کە ژن و پیاو لێیک جیاکرانەوە، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دوایین شوێن کە لەوێوە بردیانین بۆی پێگەیەکی پێشووی پێشمەرگە، لەوێ ئێمە لە حەوشەدا ماینەوە، پیاوەکانیش خرانە ژوورەوە بۆ ئەوەی دەرباز نەبن، لەم نێوەندەدا باوکم هەلی ئەوەی هەبوو لەسەر ڕێگاکە هەڵبێت، پێیان وتین: ئەگەر موسڵمان ببن هیچتان لێناکەین، ئەو شەوە کاتژمێر ١٢ ئێمەیان بردە بەعجە و پیاوەکانیشیان برد بۆ تەلعەفەر و موسڵ، لەوێدا ژنە گەنجەکان و بەشێک لە کچە بچووکەکان لە ژنەکانی دیکە جیا دەکرانەوە، من و خوشکەکەم و هاوژینیی براکەم بەم شێوەیە لە باقی خێزانەکە جیا بووینەوە و دوای سێ ڕۆژ، بردیانین بۆ تلعەفەر، لەوێ ئێمە خراینە خوێندنگەیەک و پاسەوانی ٢٤ کاتژمێری دەکراین بۆ ئەوەی نەتوانین هەڵبێین، دوای چوار ڕۆژ بەهۆی شەڕی ئەوێ بردیانین بۆ زیندانی بادوش، لەوێدا ناچاریان کردین جارێکی تر موسڵمان بین دەیانوت هەرکەسێک موسڵمان بووبێت ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکرێت، داوای ناوی ئەو کەسانەیان لێکردین لە خێزانەکانماندا کە دەتوانن بمانبەن بۆ لای خۆیان، بەو پێیەی هاوژینەکەم نەگیراوە، ناوی ناسیاوێکم پێ وتن کە ئەویش دەستگیرکراوە، بەڵام دوای هەفتەیەک تێگەیشتین ئەوەی دەیانوت ڕاست نییە، هەفتەیەک بوو کە لە خێزانەکەمان دابڕاین و بە هیچ شێوەیەک هیچ هەواڵێکمان لێیان نەبوو.
"منداڵەکانمانیان برد بۆ ئەوەی شەڕیان لەگەڵدا بکەن"
هەدیل نایف و چەندین ژنی گەنجی تر بەم شێوەیە لە بنەماڵەکانیان دابڕان، لە هەر وێستگەیەکدا ئەندامێکی خێزانەکەیان لێ وەردەگیرا، لە زیندانی بادوش برا بچووکەکەی و دوو خوشکەکەی بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە، هەدیل لە پێناسەکردنی ئەو ساتانەدا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەوێ کوڕانی تەمەن ٧ بۆ ١٣ ساڵان لە دایکیان جیاکرانەوە و دەبردران،دواجار بیستمان ئەم منداڵانە کە ژمارەیان لە دەوروبەری ٣٠٠ کەس بوو، براونەتە گوندی کۆجۆ بۆ ئەوەی شەڕیان لەگەڵدا بکەن، براکەی منیشی تێدابوو، هەروەها کچە جوانەکانیشیان بە پێی پێوەرەکانی خۆیان بۆ خۆیان برد، ئەوان دایکە گەورەکانیان نارد بۆ باشوور، ئەو ژنانەی کە حەزیان لێ بوو هێشتیانەوە و ئەوانەی کە نەیاندەویست دەیاننارد بۆ سووریا، ئەوە بوو کە دوو خوشکەکەم لە من جیابوونەوە؛ یەکێکیان هێشتا لە دەستی داعشدایە، ٩ مانگ لە عێراق ماینەوە و دوای ٩ مانگ بە ئۆتۆمبێلی گەورە بردیانین، سەرەتا بۆ ڕەققە و دوای ٢٥ ڕۆژ، ئێمەیان بردە دێرەزوور.
ڕووبەڕووی کردەوەی نامرۆڤانە بوومەوە
لە ماوەی ئەم چوار ساڵ و نیوەدا، هەدیل بۆ چەندین شار و شارۆچکەی عێراق و سووریا گواسترایەوە و ٧ جار فرۆشرا و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بووەوە، ئەو ژنە بە توڕەیی و خەمێکی قووڵەوە باسی ئەو ڕۆژانەی کرد و وتی: چوار ساڵ و نیوم لە چنگی داعشدا بەسەر برد، لە ماوەی چوار ساڵی دیلێتیدا ٧ جار فرۆشرام و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بوومەوە، لەبەر ئەوەی ئێزدین، هەمیشە ناچاریان دەکردین موسڵمان بین، ناچاریان دەکردین بە ڕۆژوو بین و نوێژ بکەین، ئەوان تەنها دەرگای ژوورەکانمانیان دەکردەوە بۆ ئەوەی کاری ماڵەوە بکەین، دوای تەواوبوونی کارەکانمان جارێکی تر لە ژوورەکەدا زیندانیان دەکردین هەرچەندە هەموو شتێکمان دەکرد، بەڵام کچەکەم زۆر بچووک بوو و لەبەر ئەوەی لە زمانی عەرەبی نەدەزانی و لێیان تێنەدەگەیشت، جارێکیان بە توندی لە کچەکەمیاندا کە سێ مانگ نیشانەکان لەسەر جەستەی مانەوە، هەمیشە دەیانویست لە منی ببەن، بردنی کچەکەمیان وەک هەڕەشەیەک بەکارهێنا هەندێک جار، ئەوانەی ئێمەیان دەکڕی، دەیانبردینە لای خێزانەکانیان، پاشان خراپتر بوو چونکە خێزانەکانیان ئێمەیان نەدەویست بۆیە بەردەوام ئەشکەنجەیان دەداین، نامرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ کردین، زۆر جار بێ خواردن و بێ ئاو بەجێیان ئەهێشتین،جارێکیان ئەو چەتەیەی کە ئێمەی بەدەستەوە بوو، چووە شەڕ و لە ماڵەوە لەبیری کردین، نزیکەی دوو هەفتە بەبێ ئاو و خواردن لە ماڵەکەدا زیندانی بووین، جارێکیترێش ئێمەیان بردە شوێنێکی سەربازی کە دەرکەوت کێڵگەیەکی نەوتییە، لەوێ خۆیان بۆ شەڕ ئامادە دەکرد، هەموو شتێکیان پڕکردەوە، لە دەفری چایەوە تا هەموو ئامێرەکانی ئەوێ بە تی ئێن تی. سێ مانگ لەو کێڵگە نەوتییەدا ڕاگیراین بەبێ ئەوەی خۆر ببینین.
"ئەمە شوێنی ئێمە نییە ناتوانین لێرە بمێنینەوە"
سەرەڕای هەموو شتێک هەدیل نایف هەرگیز هیوای لەدەست نەدا کە ڕۆژێک ئازاد بێت، هەوڵیدا خۆی لە باندەکان ڕزگار بکات، بەڵام هەر جارێک دەگیرێت و ئەشکەنجەی توندی دەدرێتە بەر، سەبارەت بە هەوڵەکانی هەڵهاتنیشی ڕوونیکردەوە، لەماوەی ئەم چوار ساڵ و نیوەدا تەنها دووجار هەلی هەڵاتنم بۆ ڕەخسا، یەکەم جار لەگەڵ هاوڕێیەکم بوو کە هاوڵاتی گوندی کۆجۆ بوو، هەردووکمان بە چەتەیەک فرۆشراین، بڕیارماندا هەڵبێین و خۆمان ئازاد بکەین، لەو کاتەدا لە موسڵ بووین، ڕۆژێک ژنێکی عەرەب لەگەڵمان بوو، پێی وتین ئەگەر هەڵهاتن، هاوکارتان دەبم، ئەو ڕۆژەی خەریک بوو هەڵبێین دەست و قاچی ئەو ژنانەمان بەستەوە کە سەر بە داعش بوون و دەستمان بەسەر ئامێرەکانی پەیوەندیکردنیاندا گرت و لە ماڵەوە دەرچووین پێش ئەوەی بچین هاوڕێکەم سەیری کردم و لێی پرسیم چی لە منداڵەکان دەکەین؟ هاوڕێکەم منداڵی لەگەڵ ئەو پیاوەدا هەبوو کە دەستدرێژی کردبووە سەری، بڕیارماندا لەگەڵ خۆمان نەیانبەین، چونکە موسڵ شارێکی گەورەیە و مردنیشمان لەبەرچاو گرت و هەڵاتین.
وتی: کاتێک چووینە ماڵی ئەو ژنە عەرەبە، ژنێکی ئێزدیش لەوێ بوو، ژنێکمان نارد بۆ لای ناسیاوێکمان بۆ ئەوەی ئاگاداری هەڵهاتنەکەمان بکات، لەکاتێکدا هێشتا لەو ماڵەدا بووین، ئەو کەسەی لێی هەڵهاتبووین هات و هەڕەشەی لەو ژنە کرد کە لە ماڵەکەی خۆیدا ئێمەی شاردبووەوە،ئەگەر ئێمە ڕادەستی نەکات کوڕەکەی دەکوژێت، ژنەکە ناچار بوو هاتە لای ئێمە و پێی وتین: کوڕەکەم دەکوژن، ئەو ژنە عەرەبە لە سەر تا پێ لە ترسەوە دەلەرزی، چونکە بیرێک هەبوو داعش ئەو کەسانەی تێدا فڕێدابوو کە دەیانکوژن و ئەوانیش ئەو بیرەیان پیشان دابوو، پێش ئەوەی چتەکان بگەن، هەوڵماندا لە ماڵەکە هەڵبێن، بەڵام پێش ئەوەی بڕۆین ئۆتۆمبێلێکی چەتەکان لەبەردەمماندا وەستا، چاویان بەستین و دەستبەندیان کردین و بە زۆر ئێمەیان خستەوە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە، چونکە هاوڕێکەم جارێکی دیکە هەوڵی هەڵاتنی دابوو و بوو گیرا، وتی ئەمجارە بەدڵنیاییەوە ئێمە دەسوتێنن، چاومان بەسترابوو نەماندەزانی بەرەو کوێ دەڕۆین، بەم شێوەیە بردیانینە دادگای داعش، لە دادگا لێیان پرسین بۆچی هەڵهاتیت؟ پێم وتن ئەگەر کچ و ژنەکانتان لە زیندان بوایە و ئەمەیان بەسەردا هاتبایە ئەوانیش هەڵدەهاتن، ئێمە ئێزدیین و ئەمە شوێنی ئێمە نییە لێرە بمێنینەوە.
بە زنجیر و کێبڵ و دار لێیانداین
هەدیل نایف ڕوونیشیکردەوە، دوای دادگاییکردنەکە خۆی و هاوڕێکەی ڕادەستی ئەو چاتەیە کراون کە لێی هەڵهاتبوون، چەتەکە ڕاست لە دەرەوەی هۆڵی دادگا دەستی کرد بە لێدانیان، وتی: ئەو دارەی دەستی پێگرتبوو، بەهۆی ئەو لێدانانەی کە بەرگەی گرتبووین تا گەیشتینە ماڵەوە شکا، کاتێک گەیشتین، ئێمەی بردە ژوورێک و دەست و قاچیمانی بە زنجیر بەست و دەستی کرد بە لێدان، لە ئێوارەوە تا کاتژمێر ٤:٠٠ی بەیانی بە زنجیر و کێبڵ و دار لێی داین، بە توندی لە پێمانی دا، خوێنێ لێ دەڕژا، هەروەها داوای لێکردین هەستنین و بە پێیە خوێناوییەکانمان بە ژوورەکەدا بگەڕێین و بە پێی خۆمان ژوورەکە بسڕین، هێشتا پێم لەو لێدانە چاک نەبووەتەوە.
"پێم وابوو خەون دەبینم"
دوای چوار ساڵ و نیو، شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە هەدیل نایفیان ئازاد کرد، بەڵام بۆ ماوەیەکی زۆر لە حاڵەتی شۆکدا مایەوە و دووبارەی کردەوە "خەون دەبینم"، ئەو ژنە گەنجە لە ڕۆژی ڕزگارکردنیدا خۆشحاڵی و وروژاندنی خۆی دەربڕی و وتی: ئەو چەتەیەی منی لابووم لە دێرەزوور لەلایەن یەپەژە و یەپەگە دەستگیرکرا، ئەوکات ئێمە لە ئیدلب دەستبەسەر بووین، لەکاتی لێپرسینەوەدا ئەو چەتەیە دانی بەوەدانا کە ژنە ئێزدیەکانی بەدەستەوەیە، هەڤاڵەکان داوای لێکرد کە بانگیان بکات بۆ ئەوەی بێنە تەبقا، بێ ئەوەی هیچ بزانین من و کچەکەم بەڕێکەوتین و گەیشتینە مەنبەج، لەوێ شەڕڤانان بە مێ و نێر پێشوازییان لێکردین، کە ئەوانم بینی باوەڕم نەدەکرد ڕزگار کراوین، پێم وابوو خەون دەبینم، هاوڕێیەکی گەنج کە جلوبەرگی سەربازی لەبەردا بوو، لێی پرسیم: ئێمە دەناسیت؟ منیش وەڵامم دایەوە: بەڵێ، لە شۆکدا بووم، هەڤاڵان وێنەکەمیان گرت و بۆ خێزانەکەمیان نارد، دوای چەند ڕۆژێک چووینە کۆبانێ لەوێ پرسیاریان لێکردم و لەسەر ئەوەی بەسەرمان هاتووە دەیاننووسی، هەمووان لە خەمی ئێمەدا بوون، دوای ١٦ ڕۆژ هاوژینەکەم هاتە لامان، لەوێشەوە چووینە قامیشلۆ.
هەدیل نایف، یەکێک لەو ژنانەی کە هێزەکانی ئازادی ڕزگاری کردبوو، گەڕایەوە بۆ ئەو نیشتمانەی کە قوربانییەکی زۆری لە پێناویدا دابوو، بینی کە ئێستا شنگال ئازادە و ژیانێکی نوێ بونیاد نراوە، بە هاوکاری هەڤاڵان و بنەماڵەکەی هەوڵیدا برینەکانی ئەو ڕۆژە پڕ لە ئازارانە ساڕێژ بکات، لەو چرکەساتەدا هەدیل نایف تێگەیشت کە ئازادی بابەتی تاکەکەسی نییە، بۆیە وتی: هەست بە ئازادی ناکەم تا هەموو کەسە ونبووەکانمان ئازاد نەکرێن.
"تا ئێستا چوار ئەندامی خێزانەکەم بێسەروشوێنن"
سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ شنگال ئاماژەی بەوەشکرد، دوای گەڕانەوەمان بۆ شنگال، هەستم کرد کە لەدایکبوومەوە، بۆم دەرکەوت کە بەڕاستی ڕزگار بووین، ئەو شتانەی بەسەریدا تێپەڕین ئاسان نەبوون، براکەم کە هێشتا تەمەنی ٢٠ ساڵ نەبووە و باوکی دوو منداڵە، تا ئێستاش بێسەروشوێنە، و نازانین چی بەسەر هاتووە، خوشکەکەم و هاوژینەکەی و کوڕە ١٤ ساڵانەکەی تا ئێستا ماون، لە دەستی داعشدا خوشکەکەی ترم تەمەنی چوار ساڵ بوو، بۆ ئەوەی لە من جیا نەبێتەوە وتم کچمە، بەڵام لە منیان دوور خستەوە و بە توندی ئەشکەنجەیان دا کە هێشتا ناتوانێت قسە بکات، خوشکە ١٦ ساڵانەکەم لە هێرشی ئاسمانیدا ژیانی لەدەستدا، دوای ساڵێک خێزانی دایکم و خێزانی دایکەی ھاوژینەکەم دوای ئەوەی فیدیەیەکیان داوە لە دەستی داعش ئازادیان کرد، تا ئێستاش چوار ئەندامی خێزانەکەم بێسەروشوێنن، هیچ لە چارەنووسیان نازانین.
"هێشتا هەست بە ئازادی و ئارامی ناکەم"
هەدیل نایف لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە هەرگیز ئەو ڕۆژانە لەبیر ناکات، وتی: مەحاڵە ئەو ڕۆژانە لەبیربکەم کە لە چنگی داعش بووم، چەندین جار بیرم لەوە کردەوە کۆتایی بە ژیانم بهێنم، بەڵام کچە بچووکەکەم لەگەڵم بوو، بۆیە ئەو بیرۆکەیەم جێبەجێ نەکرد، دوای گەڕانەوەم بۆ شنگال هەموومان هەوڵماندا برینەکانمان ساڕێژ بکەین، ئەوانەی دەوروبەرم هاوکار بوون بۆ ئەوەی خۆم بەیەکەوە کۆبکەمە، بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە چیتر تامی ژیان ناکەم، کاتێک دەچمە ماڵی دایکم، خوشک و براکانم نابینم و ئازارەکانم زیاتر دەبن زۆرجار ئەو ڕۆژانە لە خەونەکانمدا دەبینم کە تەنها کاتێک هەموو کەسە ونبووەکانمان دەگەڕێنەوە هەست بە باشتر بوون دەکەم.