چین و توێژەکانی باشوری کوردستان پشتیوانی لە خەڵکی شەنگال دەکەن

شاندی باشوری کوردستان کە پێکهاتبوون لە چالاکوانانی ژن و ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران و هونەرمەندان، بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە بەرخۆدانی خەڵکی شەنگال چوونە شەنگال، دوێنێش شاندێکی تەڤگەری ئازادی بە سەرۆکایەتی یوسرا ڕەجەب سەردانی شەنگالیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەرواری ٦ی نیساندا شاندێکی باشوری کوردستان بە بەشداری ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەنووسان، نوسەر، چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ژنان، سەردانی شەنگالیان کرد.

 

سەردانیکردنی شاندەکە بە مەبەستی پشتیوانیکردنە لە بەرخۆدان و داخوازییەکانی خەڵکی شەنگال و پیشاندانی هەڵوێستە بەرامبەر بەو پیلانگێڕیانەی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێردا دژ بە شەنگالییەکان ئەنجام دەدرێت، دوای کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ بەڕێوبەری خۆبەڕێوەبەری شەنگال سەردانی چادری بەرخۆدانیان کرد کە ماوەی ١٢٥ ڕۆژە لەبەردەم ئاسایشی ئێزدخاندا لە ئێشکگرتندان.

 

هەروەها سەردانی لقی پارتی ئازادی دیموکراتی ئێزدیان – پادێیان کرد لە شارەدێی سنونێ و لەلایەن هاوسەرۆک و ئەندامانی مەکتەب سیاسیی ئەو پارتەوە، پێشوازییان لێکرا، پاشان سەردانی گۆڕستانی شەهیدانیان کرد.

 

دواتر لە شارۆچکەی خانەسۆر سەردانی شەڕڤانانی یەبەشە و ئاسایشی ئێزدخانیان کرد و لەگەڵ فەرماندەکانیاندا کۆبوونەوە،

لەسەر ئامانجی سەردانییەکەیان شاندەکەی باشوری کوردستان ئاماژەیان بەوەداوە "خەڵکی ئێزدی تاکو ئێستا زۆر کۆمەڵکوژییان بەسەردا هاتووە و هیچ هێزێک بەرگریی لێ نەکردوون، هەر بۆیە خۆیان بڕیاری خۆپاراستن و خۆبەڕێوبەرییان داوە کە ئێمەش بۆ پشتیوانیی لەم داواکارییەیان هاتووینەتە شەنگال چونکە مافێکی ڕەوای ئێزدییەکانە"

 

داواش لە سەرجەم گەلی کورد بە تایبەت کەسانی ڕۆشنبیر و چالاکوانان دەکەن کە دەبێت خۆیان بەرپرسیار ببینن و پشتیوانی گەلی شەنگال و ئیزدییەکان بکەن لەپێناو تێکشکاندنی ئامانجی داگیرکاران.

 

دوێنێش شاندێکی تەڤگەری ئازادی کە لە پێنج کەس پێکهاتبوو، بە سەرۆکایەتی یوسرا ڕەجەب، پەرلەمانتاری عێراق سەردانی شەنگالیان کرد و لە لایەن نوێنەرانی بەڕێوەبەریی خۆسەر و پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزدیان "پادێ" پێشوازیان لێکرا و لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال کۆبوونەوە.

 

ت.پ