چوارەمین قۆناغی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت
چوارەمین قۆناغی ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەڕێوە دەچێت و بزووتنەوەی حەماس سێ بارمتە ئازاد دەکات، لە بەرامبەر ١٨٣ فەڵەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدان ئازاد دەكرێن.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2025/02/20250201-webpa4cf9f-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ئەبو عوبەیدە، وتەبێژی سەربازی لیواکانی ئەقسام سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی نێوان بارمتەکانی حەماس و ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ئەمڕۆ چوارەمین قۆناغی ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەڕێوە دەچێت و حەماس سێ بارمتە ئازاد دەکات، لە بەرانبەر ئازادکردنی ١٨٣ فەڵەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدان.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو سێ ئیسرائیلییەى ئەمڕۆ بڕیارە ئازاد ببن ناویان (یاردین بیبا و کیس سیگال و عوفەر کالدیرۆن)ـە کە دوانیان جگە لە ڕەگەزنامەى ئیسرائیلى هەڵگرى ڕەگەزنامەى ئەمەریکى و فەرەنسین.
ڕۆژی ٣٠ی کانوونی دووەم، حەماس سێ بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کرد لەبەرانبەر ١١٠ بارمتەی فەڵەستینی و بڕیارە ئەمڕۆش لە چوارەمین ئاڵوگۆڕی بارمتەکاندا سێ بارمتەی ئیسرائیلی لەبەرانبەر ١٨٣ فەڵەستنی ئازاد بکرێن.