چوار زیندانی لە زیندانی ورمێ لە سێدارە دران

دەسەڵاتی دادوەری ڕژێمی ئێران لە سێدارەدانی ناسیم نەمەزی، ئاران عومەری، ڕەحمان بەرهازۆ و وەفا حەنارە، چوار زیندانی ئەمنی لە زیندانی ورمێ ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ

 

دەسەڵاتی دادوەری ڕژێمی ئێران ئەمڕۆ ٢٩ی کانوونی یەکەم ڕایگەیاند، چوار زیندانی لە سێدارە داوە، لەنێویاندا ژنێک کە تۆمەتبارکراوە بە "جەنگ و گەندەڵی لە ئێراندا لە ڕێگەی هاوکاریکردن لەگەڵ هەواڵگری ئیسرائیل" هەیە.

 

سەرچاوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن: لە سێدارەدانی ئەو کەسانە، ناسیم نەمەزی، ئاران عومەری، ڕەحمان بەرهازۆ و وەفا حەنارە، دوای داوای پاریزەرەکانیان بووە بۆ دووبارە دادگاییکردنەوەو لە چاوەڕوانی وەڵامدا بوون.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی میزان، ناسیم نەمەزی، وەفا حەنارە، ئاران عومەری و ڕەحمان بەرهەزۆ ئەندامی گروپێکی دە کەس بوون، کە هەموویان پەیوەندییان بەو کەیسەوە هەبووە کە پێی دەوترێت لێکۆڵینەوەی مەنسور ڕەسوڵی، و تۆمەتبارکراون بە "پەیوەندیکردن لەگەڵ موساد بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

 

سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکان ڕایانگەیاند، ئەو کەسانە لە کاتی دەستگیرکردنیاندا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی سەخت بوونەتەوە و تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر بنەمای دۆسیەی دەنگی دوو لەو زیندانییە سیاسییانە نووسیویەتی: ئەو ١٠ هاوڵاتییە لە ناوەندی زیندانیکردنی هەواڵگری ورمێ بە ئەشکەنجەی جەستەیی و هەڕەشەی دەستدرێژی زایەندی دەستگیرکراون، ئەندامانی خێزانەکانیان ناچارکراون دان بەوەدا بنێن، بەڵام لەکاتی دانیشتنی دادگادا هەموو ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردەوە کە لەلایەن لێکۆڵەرەوە ئەمنییەکان هەبوون و ڕاپۆرتیان دا کە لەکاتی دەستگیرکردندا ئەشکەنجە دراون.