چوار ڕۆژە مامۆستایان لە مانگرتندان
بۆ چوارەم ڕۆژە، دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە مانگرتنی خواردندان و ئەمڕۆ، مامۆستایانی ناڕازیی کۆیە پشتیوانی خۆیان دووپاتکردەوە و ڕایانگەیاند، سەردەمی دەوامکردنی بێ مووچە کۆتایی هات.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٣١ی کانوونی دووەم، بۆ چوارەم ڕۆژ لەسەریەک، لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان لە شاری سلێمانی، دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە مانگرتنەکانیان بەردەوامن و مامۆستایانی ناڕازیی کۆیەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا پشتیوانی خۆیان دووپاتکردەوە.
مانگرتووان پێکدێن لە ١٤ مامۆستا و فەرمانبەر و سێ دانەیان ژنن، داواکاری سەرەکییان پێدانی شایستە داراییەکانیان، بەرزکردنەوەی پلەکانیان و تەوتین کردنی موچەیە.
هەر ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی شارۆچکەی کۆیەی سەربە پارێزگای هەولێر، سەردانی شوێنی مانگرتووانیان کرد و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان لە هەمان شوێن ئەنجام دا وتیان: وەک نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازیی کۆیە پاڵپشتی خۆمان ڕادەگەیەنین بۆ مانگرتووان و مامۆستایانی ناڕازی شاری سلێمانی و داواکاری ئەوان داواکاری ئێمەیە.