چرۆ شوانی: یەکدەنگی کورد لەئێستادا ناسنامەی ڕاستی گەلی کوردە
لە هێرشەکانی ئەمدواییەی سەر ڕۆژئاوای کوردستان، گەلی کورد لەهەرچوار پارچەو تەواوی جیهان یەکی گرت و دژی هێرشەکان یەکدەنگ بوون، چرۆ شوانی، پارێزەرو چالاکوان دەڵێت: یەکدەنگی کورد لەئێستادا ناسنامەی ڕاستی گەلی کوردە.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی_ لە مێژووی کورددا، زۆرجار شکانەوەی ناوخۆیی و دابەشبوونی سیاسی بووە هۆکاری سەرەکی ئەوەی هێزە دوژمنەکان، بە جیاوازی بەرژەوەندی و ناونیشانیان، لەسەر کێشەی کورد یەکڕیز ببن. ئەو یەکڕیزییەی دوژمنان، لەسەر هاوبەرژەوەندیی کورتماوە دروست بووە؛ ئەو بەرژەوەندییەش بریتی بووە لە ڕێگریکردن لە گەشەی یەکێتی کوردان، یەکدەنگی گەلی کورد لە درێژەی مێژوودا نە تەنها وەک هەستێکی نەتەوەیی، بەڵکو وەک ئامرازێکی بەرخۆدان و مانەوە ناسراوە. یەکێتی گەلی کورد هەڵبژاردە نییە، پێویستییەکی مێژووییە لە ماوەی سەدان ساڵدا، هەر کات کورد یەکدەنگ بوون، توانایان هەبووە دەنگی خۆیان بگەیەنن بۆ جیهان و هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست بکەن؛ و هەر کات ئەم یەکدەنگییە تێکچووە، کێشە و شکاندنەوەکان قووڵتر بوون.
ئەم پرسیارە دووبارە دێتە پێشەوە: یەکدەنگی چییە، بۆچی پێویستە و چۆن دەکرێت بپارێزرێت؟
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەربارەی یەکدەنگی کورد دەلێت: "ئەگەر یەکێتی کوردان دروست نەبێت،یەکێتی دوژمن دروست دەبێت، وڵاتانی داگیرکەر یەکێتی کورد قبوڵ ناکەن و لە هەر بارودۆخێکدا بێت هێرش دەکاتە سەری و بەشێکیان دەکوژێت بەشێکیان دەبات و بەشێک رادەکات من سەیر دەکەم کە جەنەراڵەکان دەیانەوێت قوتمان بدەن، مار دەمی کردۆتەوە لە ناو دەمی داین و دەمانهارێت،کەم ماوە قوتیمان بدات،لەبەرامبەر ئەمەدا خۆمان بەهێزکرد، بۆی کە نەتوانێت قوتمان بدات، نەتوانێت بمانکاتە دەمیەوە،ئیشی من دژ بەم مارە بوو،زۆر کارمان کردم خۆمان توند کرد، خۆمان تیژ کرد خۆمان کرد بە دڕک ، خۆمان کرد بە چەک، خۆمان کرد بە هەرشتێک کە ئێمە نەکەوینە ناو دەمی ئەم مارە ،ئێمە چۆن دەتوانین ببین بە پیستێکی وشک کە دانی دوژمن بشکێنین؟ ڕێبەر ئاپۆ دەرپرسێت کە چۆن خۆتان دەکەن بە درک تا خوێن لە دەمی دوژمن بهێنین؟ چۆن دەبنە چەقۆیەک دەمیان بدڕێنن؟ پرسی گەنجی کورد ئەمەیە ئێوە ئاوا نەکەن قوت دەدرێن".
لەکاتێکدا هێرشەکان بۆ سەر گەلی کورد بەردەوامی هەیە، پێویستی یەکدەنگی، لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێکی تر هەست پێ دەکرێت. جیاوازی حزبی، دابەشبوونی جوگرافیایی، و جەنگی دەسەڵات لە ناوخۆدا، هەروەها دەستەواژەسازی و هێرشی ڕاگەیاندنی دەرەکی، هۆکارێکن بۆ لاوازبوونی متمانەی نێوان گەلی کورد. ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر مۆرالی گشتی، داواکاری نەتەوەیی و شوێنی کورد لە نێودەوڵەتیدا هەیە، پاراستنی یەکدەنگی پێویستی بە گۆڕانکارییەکی فکری و کرداری هەیە. سەرەتا دەبێت جیاوازی بیر و بۆچوونی سیاسی وەک هۆزی هێز ببینرێت، نەوەک هۆزی دژایەتی. یەکدەنگی واتە ڕێککەوتن لەسەر بنچینەکان: ماف، ئازادی، ڕێزگرتن لە مرۆڤ و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی.
"پلانگێڕی ١٥ی شوبات لەگۆڕ نراو گەلی کورد بەرەو تێکۆشانی خۆی دەڕوات"
چرۆ شوانی پارێزەر لە بارەی یەک دەنگی و کاریگەری پەیامەکانی رێبەر ئاپۆ لەسەر گەلی کورد وتی: دەبێت ئێمە سەرەتا باس لەوە بکەین کە بۆچی ئەو پلانگێڕییە نێودەوڵەتییە بەرامبەر بە ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا، ئەوە شتێکی ئاشکرایە لای هەموو کەسێکی ئازادیخواز کە ئامانجی سەرەکی پلانگێڕییەکە ئەوەبوو کە لە تەواوی گەلی کورد و تەواوی هێڵی ئازادیخوازی بدەن، بەڵام ئەو خەونەیان لە گۆڕنرا، بە پێچەوانەوە گەلی کورد ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەرەو تێکۆشانی خۆی دەڕوات، لە دوای دەستگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالانەوە گەلی کورد کۆمەڵێک دەستکەوتی دیکەی بە دەستهێنا ، ئەوان خەیاڵیان دەکرد کە گەلی کورد کپ بکەنەوە بەڵام بە پێچەوانەوە کورد ستاتۆیەکی لە ڕۆژئاوای کوردستان دروست کرد کە بووە نموونەی شۆڕشی کورد و ئەمرۆ دەتوانین بڵێین لە نێوان شۆڕشەکانی گەلی کوردا شۆرشی راستەقینە ئەمرۆ لە ڕۆژئاوا سەریهەڵداو تا ئیستا بەردەوامە.
"هێرشی سەر ڕۆژئاوا کەمتر نەبوو لە پلانگێڕی ١٥ی شوبات"
چرۆ شوانی، پارێزەر سەبارەت بە پەیامەکانی رێبەری گەلی کورد کە لە ئیمراڵیەوە ئاراستەی گەلی دەکات وتی: بێگومان ئەو لێدوانانەی کە لە ئیمراڵیەوە دێت تەنها بۆ پارچەیەکی کوردستان یاخود بۆ پێگەیەکی جوگرافی کورد نییە، بەڵکو بۆ تەواوی گەلانی ناوچەکەو گەلی کوردە، ئێمە دەبێت وردبین تر بین بۆ ئەو بابەتە، دەبێت ئێمە وەک گەلی کورد زۆر بڕوامان بە گەلی خۆمان و لایەنە سیاسییەکانی خۆمان هەبێت، بەتایبەت ئەوانەی بە ڕاستی دڵسۆزن و لە خەمی یەکبوون و خەبات و تێکۆشانی کورددان، هەموو ئەوانەی ئێستا هەڵوێستیان هەیە بە لێدوان یاخود خۆپیشاندان و یاخود لە ڕێگەی پێنووسەکانیانەوە بێت هەمووی کاریگەری خۆی هەیە، لە دوای ئەو هێرشە بەپلانەی کرایە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، کە هیچی کەمتر نەبوو لە پلانگێڕی ١٥ ی شوبات و لە ئیمراڵیەوە پەیام هات کە ئەم کۆمپلۆیە تەنها ڕۆژئاوای کوردستان ناگرێتەوە بەڵکو بە تەواوەتی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان دەگرێتەوە ، زۆر کەس دەیانوت کە شتی وا نییەو نابێت بەڵام بۆمان دەرکەوت کە زۆر بە ئاشکرا ئەو ئامانجەیان هەیە لەبارمبەر کورددا و لە کۆتا لێدوانی هاکان فیدان دا دەڵێت کە دوای ئەوەی کە ئیشمان لە ڕۆژئاوا تەواو بوو ئەوسا دیێینە سەر باشووری کوردستان، لە کاتێکدا بیرمان نەچێت پرۆسەی ئاشتی هەیە و ئێمە باسی ئەوە دەکەین کە پرۆسەی ئاشتی سەرکەوتووبێت، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ پیانەکانی چر تر دەکاتەوە بۆ سەر تەواوی گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان.
"بەرخۆدانی ڕؤژئاوای کوردستان کاریگەری لەسەر هەرچوار پارچە هەبوو"
چرۆ شوانی پارێزەر، تایبەت بە هەڵوێستی گەل و خۆپیشاندانەکان وتی: دەبێت هەڵوێستەکان زۆر بەهەند وەربگرین و دەبێت بە کەم سەیری نەکەین، ئەو بەرخۆدانەی کە لە ڕۆژئاوا کرا کاریگەری هەبوو لەسەر هەر چوار بەشی کوردستان و گەلی کورد لە هەموو دنیا، هەروەها ئەو هەڵوێستەی کە گەلی کورد هەیبوو، بۆ پشتیوانی کردن لە نەتەوەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان، گەل بە شێوازی جیاواز هەڵوێستی هەبوو هەموو هەڵوێستەکان کاریگەری تەواویان هەیە، خۆشبەختانە بینیمان ئەوەی گەلی کورد لەم چەند ڕۆژەدا کردی، هەڵوێست و پێکەوەبوونی گەلی کورد، بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بە ٢٢ دەوڵەتی عەرەبی و ئیسلامی نەیانتوانی ئەوە بۆ غەززە بکەن و ئەو هێرشە نا مرۆڤانەیەی کە بۆ سەر غەززە هەیە بیوەستێنن، ئەمە وای کرد کە دوژمنانی گەلی کورد لە ژێر هەر بیرو باوەرێکدان، لە رێگەی خیانەتکارانەوە دەیانویست بە ناوی نەتەوەچێتییەوە ئەم یەکریزیەی کورد تێک بدەن، بەڵام خۆشبەختانە بینیمان هەر کاتێک وتارێک دەردەچوو، گەلی کورد زیاتر سوور دەبوو لەسەر ئەوەی کە یەکدەنگ بن، هەر لە سەرەتای پرۆسەی ئاشتییەوە رێبەر ئۆجالان پەیامی بۆ هەموو گەلی کوردو سەرکردەکانی کورد ناردووە، کە پێویستە کۆنگرەی یەکێتیی کورد ببەسترێت چونکە پیلانگێری هەیە دژی کورد و ئەوەی کە گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان بەدەستیهێناوە، ئەوەی لە ڕۆژئاوا روویدا نابێت بڵێین کۆتایی هاتووە بەڵکو بەردەوام پیلانەکان هەیە دژی گەلی کورد ، هەروەها قسەکەش هاتە دی ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ داوای دەکرد یەکێتی نەتەوەیی ببەستین چونکە ئەوە تەنها هێزە کە بتوانێت بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێت بەرامبەر گەلی کورد بوەستێت، بینیمان کە هێرشەکان کراو هەڵوێستی گەلی کورد شکستی پێهێنا، چەندین پلان داندرا کە هیچیان لە بەرژەوەندی کوردا نەبوون بەڵام دواتر بە هۆی هەڵوێستەکانەوە گۆڕانکاری تێدا روویدا، هەرچەندە ئەو ڕێککەوتنانەی ئەنجامدراوە لە ئاست خواستی گەلەکەماندا نییە بەلام ئەگەر بەراوردی بکەین بەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەرمان سەرکەوتنە چونکە ئەوەی کرا تەنها دەوڵەتی سووریا نەبوو ، بەڵکوو پلانێک بوو لە دەڵەتانی قەتەر و تورکیاو سعودییە پێکهاتبوو، لە کاتێکدا کە بێدەنگییەکی نێودەوڵەتی هەبوو، دەبێت ئێمە ئەوە بزانین کە هیچ کەسێک لە پشتی ئێمە نییە، ئەوەی کە دەکرێت وڵاتە زلهێزەکانە دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بسەپێنن و سیاسەتی خۆیان دەکەن ئەوەی کە دەمێنێتەوە تەنها کورد خۆیەتی و دەبێت کار بکات بۆ ئەوەی سیاسییەکان وتارێکی یەک دەنگیان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین دەستکەوتنەکانمان بپارێزین و مەترسییەکان کۆتاییان پێنەهاتووەو دەبێت شەقام نەوەستێت و بەردەوام هەڵوێستی خۆی هەبێت و بەتایبەت تاراوگە چونکە لەوێ ئاسانتر دەنگی کورد دەگات بە جیهانی دەرەوە و شەقامەکان دەجوڵێندرێت.
"دەمانەوێت لە خاکی خۆماندا بین و گەلانی کەش قبوڵ دەکەین"
چرۆ شوانی پارێزەر لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەبێت ئێمە پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ ئەڵقە بە ئەڵقە بە یەکتر بگەیەنین، دەگەینە ئەوەی کە لە دوای رڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، هێرشێکی زۆر دەکرێتە سەر نەتەوەی دیموکراتیک و برایەتی گەلان، دەبێت ئێمە بزانین کە وڵاتانی زلهێز هەمیشە دەیانەوێت کە هەژموونی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنن، بێگومان خاڵی هەرە بەهێز ئەو بیرو باوەرە جیاوازەیە کە لە ناوچەکەدا هەیە، جیاوازی نەتەو و بیرباوەرو چەندین شتی دیکە، هەمووی بەکار دەهێنێت بۆ بە گژداچووونی یەکترو تا بارودۆخەکە لە ناهەموواری و شەردا بێت ئەوا زلهێزەکان زیاتر دەرفەتی هاتن و دەستوەردانیان دەبێت لە ناوچەکەدا، دەیەوێت بەرنامەی خۆیان لێرەدا جێبەجێ بکەن لە کاتێکدا ئێمە خۆمان لە ناوچەکەدا دەژین و دەزانین کە پێویستی بە چ سیستەم و بەرنامەیەکە، بۆیە لێرەدا کە باسی برایەتی گەلان دەکەین، لەگەڵ ئەو گەلانەدا کە ئازادی دیموکراتی و پێکەوە ژیانیان قبوڵە، کاتێک باسی برایەتی گەلان دەکەین دانانیشین دەستەو ئەژنۆ کە ئەوان بێن خاکمان داگیربکات و کۆمەڵکوژمان بکات لە بەرامبەردا بەرگری رەها هەیە و تا شوێنێک برایەتی گەلانمان قبوڵە کە گەلان دیموکراتیک بکەین، ئێمە چاومان لە خاکی کەسدا نیە و دەمانەوێت لە خاکی خۆماندا بین و گەلانی دیکەش قبوڵ دەکەین و لە کەسیشی قبوڵ ناکەین کە داگیرمان بکات، پێش برایەتی گەلان دەبێت ئێمە لە ناو خۆماندا یەکەم هەنگاو دەبێت برایەتی خۆمان قبوڵ بکەین، داوا دەکەم کە سەرکردەکانمان بۆ جارێکیش بێت واز لە بەرژەوەندی تاک و بنەماڵە بێنن و ئەم دەرفەتە کە بۆ کورد هاتۆتە پێشەوە لە بەرژەوەندی کورد کۆتایی بێت،چونکە بارودۆخەکە بەراستی مەترسیدارە ، ئەگەر ئەم جارە یەکگرتوویی و یەک دەنگیمان نەبێت ئەوا سایکس بیکۆیەکی زۆر مەترسیدارتر لەوەی ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا بەسەر کورددا جێبەجێ دەکەن، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ئەو کوردەی ئێستا و ئەو هێزەی کە کورد ئێستا هەیەتی هەمان ئەوەی ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا نییە، ئێمە ئیستا خاوەنی سیستم و بەرنامەیەکی دیکەین کە نەک هەر کورد بەڵکو سەرجەم گەلانی ناوچەکە دەتوانن سودی لێبینینن دژی سیستەمی سەرمایەداری وڵاتانی زلهیز کە دەیانەوێت سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بەکاربهێنن.
"دەبێت هەڵوێستی جدیمان هەبێت بەرامبەر هێڵی خیانەت"
لە کۆتای قسەکانیدا چرۆ شوانی وتی: گەلی کورد لە جیهاندا بەشێواێکی جیاواز سەیر دەکرێت، ئەوەی ناسنامەی گەلی کوردە، شۆڕشەکانی ڕۆژهەڵات شۆرشی ژن ژیان ئازادی،بەرخۆدانی ڕۆژئاوا و هەڵوێستی گەلی کورد لە باشووردا، ئەوانە هەمووی ناسنامەی راستی گەلی کوردن لە ئێستادا، پەیامم بۆ گەلان و بۆ کورد بەتایبەت ئەوەیە کە زۆر بە ورییایەوە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا مامەڵە بکەین و دەبێت یەکدەنگی بپارێزین و نەکەوینە ژێر کاریگەری هیچ لایەنێک، دەبێت بێ متمانە نەبین بەو خەبات و تێکۆشانەی کە گەلەمان دەیکات و هەڵوێستی جدیمان هەبێت بەرامبەر هێڵی خیانەت و دەبێت فشار بکەینە سەر لایەنە سیاسیەکان کە یەکدەنگ بن و کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بە زووترین کات ببسەتن و ئەم بارودۆخە داهاتووی کورد دیاری دەکات.