چاوپێکەوتنی تۆمەتباران لە میدیاکاندا قەدەغە دەکرێت

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە قەدەغەی قسەکردن و چاوپێکەوتنی تاوانبارانی تایبەت بە دۆسیەکانی کوشتنی ژنان لە میدیاکاندا دەکەن تا نەبنە پاڵنەری زیادبوونی کوشتن و توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان.

ناوەندی هەواڵ

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێکی تایبەت بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاوکردووەتەوە کە بڕیاریداوە بە قەدەغەکردنی قسەکردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ تاوانبارانی کوشتنی ژنان لە میدیاکاندا لە پێناو ڕێگری کردن لە زیادبوونی توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان.

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە کە ڕۆژی ١ حوزەیران ژمارەیەك لە ڕێكخراوەكانی ناو گروپی كاری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری كۆمەڵایەتی شاری سلێمانی، سەردانی وەزارەتەکەیانی کردووە و لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی ناو وەزارەت كۆبوونەتەوە و یاداشتێكیان پێشكەش كرد و تیایدا سەبارەت بە پرسی کاری ڕوماڵی میدیاكان لەسەر پرسەکانی تایبەت ژنان گفتوگۆیان کرد.

یاداشتی ڕێكخراوەكان لە گروپی كاری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی لە شاری سلێمانی كۆمەڵێك داواکاری و خاڵی گرنگی لەخۆ گرتبوو کە داوایان لە وەزارەتکرد ڕەچاویان بكات و كاری لەسەر بكات و سنورێكیش بۆ روماڵی میدیای سەبارەت بەكوشتنی ژنان دابنرێت تا نەبنە هۆکار و پاڵنەری زیادبوونی کوشتن و توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان و کاریگەری نەرێنی دروست نەکەن بۆ سەر کۆمەڵگە بەتایبەتی ڕێگری بکرێت لە قسەکردن و چاوپێكەوتن لەگەڵ تۆمەتباران بە دۆسیەكانی كوشتنی ژنان كە هاندان و كار ئاسانی دەكات بۆ توندوتیژی.