چارەنووسی ٢٥ ژن کە لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستگیرکرابوون نادیارە
چارەنووسی ٢٥ ژنی دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، تا ئێستا نادیارە و نیگەرانی بنەماڵەکانیانی لێکەوتووەتەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە ڕۆژی ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ـەوە، بەهۆی قەیرانی ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکردووە، بەڵام هێزەکانی ئێران بە فیشەک و دەستبەسەرکردن، بڵاوکردنەوەی فشارە ئەمنییەکان و بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆر لەنێو گەڕەکەکان و شەقامەکان وەڵامی داواکارییەکانی گەل دەداتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان ٢٥ ژن کە لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا دەستگیرکراون چارەنووسیان نادیارە، ژنە دەستبەسەرکراوەکان لە پارێزگاکانی سنە، خوراسانی ڕەزەوی، تاران، ئیسفەهان، کەرەج، قەزوین و فارسن.
ئەو ژنانە ڕۆڵی گرنگیان لە پێشەنگایەتی کردنی ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکە هەبووە بۆ دژایەتییکردنی ستەمکارییەکانی دەوڵەتی ئێران، بەتایبەت ژنانی کورد و بەلووچ و ئازەری ڕۆڵێکی دیار و بەرجەستەیان هەبوو.
ناوی ژنە دەستبەسەرکراوەکان بریتین لە، نوین زارعی، فەرزانە ڕەمەزانی، مادەنا موتەهەریی، مەستانە مورادخانی، مەریەم دریس، فاتیمە چەلۆیی، زەهرا فەرۆخی، بیتا ڕەحیمی، ستاره شەریعەتی، فاتیمە گوڵ محەمەدی، ئیلاهە شاهمیرزایی، ئیلتای ئاخوندی، زەهرا تورکمانی، سارینا ڕەزایی، شەیدا ڕیاحی چەلوانی، فاتیمە ئەفشاری، هوما تەیمووری، ڕۆحانگیز ئیمانی، مەهدیە یووسفی، سەمیرا شەکوهی نەسب، ئایدا عەتایی، تینا فریشتە، بەهار سەجادی، ویدا ئازادوار، ناهید بورزویی.