"چاپەمەنی ئازاد هەرگیز لە بەرامبەر هێرشەکاندا پاشەکشەی نەکردووە"
مەکەگەو دەفەگە توڕەیی خۆیان لە کوشتنی ڕۆژنامەنووس عزیز کۆیلوئۆغڵو لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەربڕی و ڕایانگەیاند، ڕۆژنامەگەری ئازاد لە بەرامبەر هیچ هێرش و کوشتن و گرتن و دەستبەسەرکردنێک بێدەنگ نەبووە و لەمەودواش بێدەنگ نابێت.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنی میزۆپۆتامیا (MKG) و کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلەو فورات (DFG) ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان لە دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژنامەگەری و کوشتنی ڕۆژنامەنووس عەزیز کۆیلوئۆغڵو بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندنەکەدا مەکەگەو دەفەگە ڕایانگەیاند، چالاکوانانی ڕۆژنامەگەری ئازاد لە کوردستان، تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهان هەوڵدەدەن ڕاستییەکان لەگەڵ ڕای گشتیدا بەیەکەوە باس بکەن و وتیان: لە سەختترین هەلومەرجدا و سەرەڕای هەموو مەترسییەکان، بە دوای ڕاستییەکاندا ڕۆیشتوون و هەوڵدەدەن ڕۆشنایی بخەنە سەری، زۆرێک لە هاوڕێکانمان بوونە شەهید لەسەر ئەم ڕێگایەی حەقیقەت، ڕاگیران و دەستبەسەر کران، سەرەڕای ئەو هەموو هێرش و فشار و توندوتیژییەی دەسەڵاتداران بەرامبەر بە کارمەندانی ڕۆژنامەگەری، وازیان لەم هەوڵە نەهێنا، چالاکوانانی ڕۆژنامەگەری ئازاد هەنگاوێکیان بۆ دواوە نەناوە و بەردەوامن لە گەڕان بەدوای ڕاستییەکاندا.
کوشتنی ڕۆژنامەنووس عەزیز کۆیلوئۆغڵویان ئیدانە کرد و ئەم ڕاگەیەندراوەی خوارەوەیان بڵاوکردەوە: چالاکوانێکی دیکەی ڕۆژنامەوانی ئازاد لە هێرشێکی ئاسمانیدا کوژرا، تورکیا ڕۆژی ۲۷ی ۱ لە قەزای ڕانیەی شاری سلێمانی ڕۆژنامەنووس عەزیز کۆیلوئۆغڵوی کوشت، عەزیز کۆیلوئۆغڵو لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ەوە ڕۆژنامەنووسە و لایەنگری ڕۆژنامەگەری ئازادە لە هەموو بوارەکانی ڕۆژنامەگەریدا کاری کردووە، لە هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و مەغمور و دێریک و عەفرین و چەندین شاری تر وەک ڕۆژنامەنووس کاریان کردووە، هێرشەکانی سەر ڕۆژنامەنووسان و کوشتنی ڕۆژنامەنووسان ئیدانە دەکەین، لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا ٥ هاوڕێی ڕۆژنامەنووسمان کوژراون، تورکیا لە ڕێگای سیدسادق، ڕۆژی ۲۳ی ئابی ۲۰۲٤، ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینی لە شاری سلێمانی کوشت، لە ۱۹ی کانونی یەکەمی ساڵی ۲۰۲٤، لە هێرشێکی ئاسمانیدا لەسەر ڕێگای سیرین-تشرین، جیهان بیلگین و نازم داشتان کوژران، زۆرێک لە هاوکارەکانمان کە دژایەتی خۆیان بۆ ئەمە دەربڕی، دەستبەسەرکران و دەستگیرکران، لەم دواییانەدا، لە ٧ی شوباتدا، ڕۆژنامەنووس ئۆزنور دێگەر بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی نازم و جیهان دەستگیرکرا.
داوایان لە سەرجەم دامودەزگاکانی دیموکراسی و کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ کرد و ڕایانگەیاند: داوا لە هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگا و ڕێکخراوە دیموکراسیەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەکەین دەنگی خۆیان لە دژی کوشتن و گرتن و دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسان بەرز بکەنەوە و بێدەنگ نەبن، جارێکی تر بەڵێن دەدەین کە قەڵەم و کامێرا و وێنەی هاوڕێ کوژراو و گیراوەکانمان لەسەر زەوی بەجێناهێڵین، ڕۆژنامەگەری ئازاد لە بەرامبەر هیچ هێرش و کوشتن و دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنێکدا بێدەنگ نەبووە و لەمەودواش بێدەنگ نابێت.