چالاکی دایکان لە بەردەم دەروازەی سێمالکا ١٠٠ ڕۆژە بەردەوامە

ئەو ژنانەی کە بەشدارییان لەچالاکی چادرەکەدا کرد لەبەردەم دەروازەی سێمالکا دەڵێن سەرەڕای ئەو ١٠٠ ڕۆژەی کە تێپەڕیوە تائێستا هیچ دەنگێک لەلایەن حکومەتی باشوورەوە نییە، هەروەها داخستنی دەروازەی سێمالکایان بۆ سەر هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان شەرمەزارکرد.

ئەو ژنانەی کە بەشدارییان لەچالاکی چادرەکەدا کرد لەبەردەم دەروازەی سێمالکا دەڵێن سەرەڕای ئەو ١٠٠ ڕۆژەی کە تێپەڕیوە تائێستا هیچ دەنگێک لەلایەن حکومەتی باشوورەوە نییە، هەروەها داخستنی دەروازەی سێمالکایان بۆ سەر هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان شەرمەزارکرد.

 

عەبیر محەمەد

قامیشلۆ- بنەماڵەی شەڕڤانانی هەپەگە و یەژاستار کە لە بۆسەیەکی پلان بۆداڕێژراوی پەدەکە لە مانگی ئەیلولدا لە هەرێمی خەلیفانی باشووری کوردستان شەهید بوون، سەرەڕای زستان و سەرما، تا ئێستا لە چالاکی وەرگرتنەوەی تەرمی منداڵەکانیان بەردەوامن، هەرچەندە  چالاکییەکە ١٠٠ ڕۆژ تێدەپەڕێنێت، بەڵام هێشتا بێدەنگی هەیە و هیچ کەسێک لە حکومەتی باشوور خۆی بە بەرپرسیار نازانیت، نزیکەی مانگێکیشە حکومەتی باشور دەروازەی سێمالکای بەڕووی هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان داخستووە، ئەو ژنانەی لە بەردەم دەروازەی سێمالکا بەشدارییان لەچالاکی چادرەکەدا کردووە لەو بارەیەوە قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

"دەبێت دەروازەی سێمالکا بکرێتەوە"

ئیمان مەحمود لە شاری قامیشلی ڕایگەیاند کە نابێت دەروازەی سێمالکا بۆ پێداویستییەکانی مرۆڤ دابخرێت و وتی: "خەڵک لەو ڕۆژەوەی چادرەکە لەبەردەم دەروازەی سێمالکا دانرابوو بەشدارییان لەو چالاکییەدا کردووە ئەمڕۆ سەردانی چالاکی چادرەکەمان کرد بۆ داواکردنی تەرمی شەهیدەکانمان لە دەستی حکومەتی باشوور، چالاکییەکەمان لە ڕۆژی ١٠٠یەمیندایە و تا ئەم خاڵەش هیچ دەنگێک لە حکومەتی باشورەوە نییە بەداخەوە دەروازەی سێمالکایش داخراوە لەکاتێکدا نابێت کێشە سیاسییەکان لە کاروباری مرۆییدا بەشدار بن دەروازەی سێمالکا پەیوەندی بەبارودۆخێکی مرۆییەوە هەیە و نابێت دابخرێت ئەم دەرگایە بۆ نەخۆش و بازرگانی و پێداویستییەکانی مرۆڤە و هەڵەیەکی گەورەیە کە بەڕووی هەژارەکاندا داخراوە".

 

"میدیاکانی حکومەتی باشور ڕاستیەکان ئاشکرا ناکەن"

جیهان عومەر کە خەڵکی گوندی تەپیک -ی سەر بە دێرکە، کردەوەکانی پەدەکە و ڕاگەیاندنەکانی شەرمەزارکرد کە ڕاستیەکان ئاشکرا ناکەن و بە ئازادی کار ناکەن، وتی: "داواکاری ئێمە بەخاکسپاردنی تەرمی شەهیدەکانمانە و هیچی ترمان ناوێت ئێمە دوژمنایەتی باشووری کوردستان ناکەین و شەڕی قڕکردنمان ناوێت بۆیە نابێت زیان بە برا کوردەکانیان بگەیەنن ئێمە چادرەکانمان هەڵناگرین هەتا تەرمەکان ڕادەستی ئێمە دەکرێن".

 

"ئێمە بەهەموو پێکهاتەکان لەم چالاکییە بەشدارین"

هیرۆ ئیبراهیمی ئەرمەنی دەڵێت: "هەموو پێکهاتەکان پشتیوانی دەکەن و ئەمە چادری شەرەفە و کۆڵ نادەین و دەوەستین، دایکانی شەهیدان داوای تەرمی منداڵەکانیان دەکەن ئێمە لە هەموو پێکهاتەکان چ ئەرمەنی و کورد و عەرەب بەشداری ئەو چالاکییە دەکەین و پشتیوانی دەکەین، کریستیانەکان و تورکمانەکان هەموومن براین و نابێت ئەو کارانە بەرامبەر برا کوردەکانمان بکرێت سەرەڕای ئەوەش سنووری سێمالکا موڵکی خێزانێک یان لایەنێک نییە، ئەم سنوورە هی باشوور و ڕۆژئاوایە و هاوڵاتیانی هەردوولاش بەهۆی داخستنییەوە زیانیان بەرکەوتوە، نابێت ئەردۆغان بەخۆمان خۆش بکەین و پێویستە حکومەتی باشوور تەرمەکان ڕادەستی ئێمە بکات".