چالاکوانێکی ئەفغانی: هێز لە بەرخۆدانی ژنە شەڕڤانەکان وەردەگرم
سەحەر ڕەسوڵی، چالاکوانی مافی ژنان کە لە شاری جەلال ئابادی ئەفغانستان نیشتەجێیە وتی: ئازارەکانی ئێمە و گەلی سووریا یەکن، گەلانی ژێر داگیرکاری دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان یەکدەگرن و کۆتایی بە ڕژێمە ستەمکارەکان دەهێنن.
بەهارین لەهیب
جەلال ئاباد- دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا و پێکهێنانی حکومەت لەلایەن هەتەشە، دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان هەوڵ دەدەن سوود لەم دۆخە وەربگرن و سووریا بەرەو ناسەقامگیری ببەن، دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان هەوڵ دەدەن جۆلانی سەرۆکی چەتەکانی هەتەشە وەک کەسایەتییەکی دیموکراسی بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆیان نیشان بدەن، هەروەک چۆن بۆ جیهادییەکانی ئەفغانستان وایانکرد.
دەوڵەتی تورکیاش ئەم دەرفەتە دەقۆزێتەوە و لە ڕێگەی هێرشەوە هەوڵی داگیرکردنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەدات.
'ئازاری ئێمە هەمان ئازاری گەلی سووریایە'
سەحەر ڕەسوڵی، چالاکوانی ئەفغانی ڕایگەیاند، قەیرانی ئێستای سووریا لە ئەفغانستانیشدا بەدی کراوە و وتی: ئازارەکانی ئێمە و گەلی سوریا وەک یەکن.
سەحەرڕەسوڵی سەرنجی بۆ سیاسەتی ئیسلامییە توندڕەوەکانی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاکێشا و درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: لەبیرتان نەچێت ئەگەر دەسەڵاتدارانی سووریا و ئەفغانستان لە پشتیوانی ماددی بێبەش بکرێن، ئەوا بە شەوێک لەناو دەچن.
'کاتێک شەڕڤانەکان دەبینم هێز بەدەستدەهێنم'
سەحەر ڕەسوڵی سەرنجی بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاکێشا و لە کۆتاییدا وتی: هەرکاتێک سەیری هەواڵەکانی ڕۆژئاوا دەکەم و دەبینم دەیان کەس لە هێرشە دڕندەکانی ئەردۆغان گیانیان لەدەست داوە، دڵم دەسوتێت، لە هەمان کاتدا کاتێک ئەو شەڕڤانە ژن و پیاوانە دەبینم کە بێ وەستان دژی ئەو هێرشانە دەجەنگن، هەست بە هێزێکی گەورە دەکەم، لەو کاتەدا بەخۆم دەڵێم: ڕۆژێک دێت کە هەموو گەلانی چەوساوە لە بەرامبەر دەوڵەتە فاشیست و ئیمپریالیستەکانەوە یەکدەگرن، خۆیان دەپارێزن، کۆتایی بەو دەسەڵاتە ستەمکارانە دەهێنن و سەردەکەون.