چالاکوانێکی کینیا: "ژن، ژیان، ئازادی" بەڵێنی بەرخۆدانە
مادلین موامبا، چالاکوانی مافی مرۆڤی کینیا جەختی لەوە کردەوە، کە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ئیلهامبەخشە بۆ ژنان و دەنگێک بە پەنابەران دەبەخشێت دژی پێکهاتە ستەمکارەکان، داوای هاودەنگی و خەباتی هاوبەش دەکات.

ناوەندی هەواڵ
لە سێیەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی کە بە هۆی "پابەند نەبوون بە باڵاپۆشی ناچاری" لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە تا مردن ئەشکەنجە درا، دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" لە گۆڕەپانەکانی جیهاندا دەنگی دەداتەوە، لە سەقزەوە تا بەرلین، وەک بانگەوازێکی ژنانی فرانتەیشناڵ.
مادلین موامبا، چالاکوانی مافی مرۆڤی کینیە کە لە شاری بەرلین دەژی و ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی دەربەدەرە، ئەم دروشمە بە زیاتر لە قسەکردن دەبینێت، وتی: کوشتنی ژینا ئەمینی ئاشکرای کرد کە چیتر ژنان ناتوانرێت ژێردەستە بکرێن، چەنکە ئەم دروشمە ئیلهامبەخشە بۆ بەرخۆدان و دەنگێک بە پەنابەران دەبەخشێت دژی پێکهاتە ستەمکارەکان.
"ژنان لە دەربەدەریدا ": بەرخۆدانێکی دووانە لە دژی ڕەگەزپەرستی و جیاکاری ڕەگەزی
"ژنان لە دەربەدەریدا"، لە ساڵی ٢٠٠٢ لە شاری براندنبۆرغی ئەڵمانیا دامەزراوە، کە ئەمەش لە وەڵامی ئەو دوو جیاکارییەی کە ژنانی پەنابەر ڕووبەڕووی دەبنەوە، مادلین موامبا، وتی: ئێمە وەک کۆمەڵێک ژنی پەنابەر ڕێکخستنمان هەڵبژارد، چونکە ڕووبەڕووی دوو هەڵاواردن دەبینەوە، لەلایەک یاسای ڕەگەزپەرستی و جیاکاری دژی پەنابەران، لەلایەکی دیکەشەوە، چونکە ئێمە ژنین.
سەبارەت بە دەنگدانەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، مادلین موامبا، وتی: مردنی ژینا ئەمینی سەلماندی کە چیتر ژنان ناتوانرێت چەقبەستوبن، ئەم دروشمە ئیلهامبەخشە بۆ بەرخۆدانی کارا لە سەرانسەری جیهانە، هەروەها ڕێکخراوەکەمان لەگەڵ ژنان وەستاوە لە بەرگریکردن لە مافەکانیان، سەرەتا لە بڕیارەکانی خۆیانەوە دەست پێدەکات، کە کۆنتڕۆڵکردنی جەستەمان بەردەوامە، بەڵام ئێمە بەرەنگاری دەبینەوە.
"بزووتنەوەی ژنانی کورد هاودەنگی بەرەوپێش دەبات"
مادلین موامبا، ستایشی بزووتنەوەی ژنانی کوردی کرد کە "ژن، ژیان، ئازادی"یان کردە دروشمی جیهانی بۆ هاودەنگی و ڕزگاری، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی خەباتی هاوبەش کردەوە، کە ئەم دروشمە شوناس و ئازایەتی بەهێز دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە نیشان دەدات کە ژنان چۆن دەتوانن کۆمەڵگە بگۆڕن، چونکە ئێمە هەموو ڕۆژێک لە کارەکانمان لەگەڵ ژنانی پەنابەردا ئەمە دەبینین.
جەختیشی کردەوە، کە ڕێکخستنی سیاسی ژنان بژاردە نییە، بەڵکو پێویستییە، هەروەها "ژنان لە دەربەدەریدا" شوێنێک دروست دەکات کە دەنگی ژنان بەهێزتر دەکات و چارەسەری بەکۆمەڵ بەرهەم دەهێنێت، چونکە ئێمە دەیسەلمێنین کە پێکهاتە پیاوسالارییەکان چارەنووس نین، بەڵکو سیستەمێکن کە دەتوانرێت بخرێنە ژێر پرسیارەوە و بگۆڕدرێن، هەروەها ئازادی و یەکسانی دروشم نین، بەڵکو ئامانجێکن کە پێکەوە بونیادی دەنێین.