چالاکوانانی ژن: ژنانی عێراق پێویستمان بە تێکۆشانی هاوبەش هەیە
چالاکوانانی ژنی بەغدا، بەشداری ڕاوێژی ژنانی ئێزدی و عەرەب لە شەنگال بوون، ئاماژەیان بەوەدا هێرشە کۆمەڵکوژییەکانی سەر ژنانی ئێزدی لە راستیدا کۆمەڵکوژی ناسنامەی ژنانە.
ستی ڕۆز
شەنگال- دوێنێ ڕاوێژی ژنانی ئێزدی و عەرەب، بە پێشەنگایەتی تاژێ، لە ناوچەی تل عوزێر لە شەنگال بە دروشمی "یەکێتی و تێکۆشانی ژنان زامنی پاراستنی ژنە" بەڕێوەچوو، ژنانی ئێزدی و عەرەب ڕاوێژیان سەبارەت بە فەرمانی شەنگال و کۆمەڵکوژی ژنان کرد.
ژنانی عەرەب لە بەغدا، ئەندامانی بەرەی خەباتی دیموکراتی موسڵ، ڕێکخراوی گەشەپێدانی ژنان، تۆڕی هاوکاریی ژنانی ئێزدی و ژنانی ڕزگاربووی دەستی چەتەکانی داعش لە ڕاوێژەکەدا ئامادەبوون، هاوکات بەهۆی ئاستەنگی و بڵاوکردنەوەی نائارامی لە شەنگال لەلایەن هێزە عێراقییەکان زۆرێک لە ژنانی ڕێکخراوە جیاوازەکانی بەغدا نەیانتوانی ئامادەبن.
"جیهان بەرامبەر کۆمەڵگەی ئێزدی هەستیارە"
شەمسە نەجار، چالاکوانی شاری بەغدا کەلە بنەڕەتدا ئێزدییە، ئاماژەی بەوەدا کە کۆمەڵکوژی ژنانی ئێزدی کۆمەڵکوژییە بۆسەر تەواوی ژنان، "ئەم ڕاوێژە گرنگە، دۆخی کاتی داعش و دوای داعش گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، چونکە ئەو شتانەی بەسەر ژنانی ئێزدیدا هاتووە نامۆ بوون، ئەو دۆخە ئاسان نەبوو بۆیە کەشیکی سەخت و ئازاربەخشی بەم ڕاوێژە دابوو، وەک ئەوەبوو دووبارە برینی ژنانی ئێزدیمان هەڵکەندبێت، ژنانی عەرەب و جیهانیش بەرامبەر بە ژنانی ئێزدی هەستیارن، بەڵام لەڕووی پراکتیکەوە هیچ هەنگاوێک نابینین".
شەمسە باسی لەوەشکرد هیچ هەنگاوێک لەلایەن عێراق و هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە نەنراوە بۆ ئازادکردنی ژنانی ئێزدی و وتی: مافی پاراستنی ژنان مافێکی بنەڕەتی و سروشتییە، ژنان دەتوانن چەک بەکاربێنن بۆ پاراستنی خۆیان، ئەمە مافی سەرەکی خۆیانە. ئێمە ئەم هەنگاوانە بە گرنگ دەزانین وەک ئەم ڕاوێژە، هاوکات پێویستە ژنانی ئێزدی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ژنانی عێراق فراوان بکەن، لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانیان پشتگیریکردنی هەموو ژنانی خەباتکار و تێکۆشەرە و پشتیوانی ئەوانەشە بە پێویستیان بە تێکۆشان هەیە.
"هەرچەندە هێرش بۆسەر ژنان زیاد ببێت، تێکۆشانی ژنان مەزنتر دەبێت"
بدور ئەجەراح، چالاکوانێکی دیکەی بەغدایە لە پێکهاتەی عەرەب، ئاماژەی بەوەدا کە هێزە لەناوبەرەکان هیچ کاتێک بە هێرشکردنە سەر ژنان تێکۆشانی ژنان بوەستێنن، "جاری یەکەمم نییە کە دێمە شەنگال، لە کاتی فەرمانی ساڵی ٢٠١٤دا هەوڵماندا هاوکاری ژنانی ئێزدی و عەرەب بکەین، تاژێ داوایەکی نارد بۆ بەشداریکردن لەم ڕاوێژە گرنگەدا، تا وەک ژنانی عەرەب و ئێزدی باسی ئازارە هاوبەشەکان بکەین و پێکەوە تێکۆبکۆشین، بە ئەندازەی ئەو ئازارەی کە ژنان دەیکێشن، هێزی تێکۆشانی ژنان گەشە دەکات و لەسەر خاکی عێراق فراوانتر دەبێت، ژنانی ناوچە جیاوازەکانی وەک عەرەب و موسڵمان و کورد بە ئازاری ژنانی ئێزدی ئازاریان کێشاوە".
بدور لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بۆ پاراستنی خۆمان وەکو ژن هیچ ڕێگەیەکمان جگە لە خەبات و تێکۆشان بۆ نەماوەتەوە، وەک ژنانی ئێزدی و عەرەب خۆمان پاراستنی هەبوون و باوەڕ و خاکەکەمان دەکەین، بەتایبەت بۆ ژنانی ئیزدی بەرگری مەرجە، لە عێراق باوەڕی ئێزدی کۆنە و مێژووش ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە.
ت.پ