چالاکوانانی مەخموور: ئیرادەی خۆمان ڕادەست ناکەین

چالاکوانانی کامپی پەنابەرانی مەخموور باسیان لە کردەوەکانی حکومەتی عێراق و دەستگیرکردنی شاندی ئەنجومەنی گەل کرد و ڕایانگەیاند کە تا کۆتایی خەبات دەکەن بۆ پاراستنی مافەکانیان.

مەخموور

 

شاندێکی ئەنجومەنی گەلی مەخموور کە بەهۆی گەمارۆی عێراق و کێشەکانی کامپی مەخموورەوە گەشتیان کردبوو بۆ بەغدا، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری داد لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ کامپەکە دەستگیرکران، جگە لەوەش لە ١٠ی نیسانەوە حکومەتی عێراق ڕێگری لە چوونی دانیشتووانی کامپەکە دەکات بۆ ناو شارەکانی عێراق و ڕێگری لە تێپەڕبوونی پێداویستییە گرنگەکان دەکات، هەروەها ڕێگری لە چوونی نەخۆش بۆ نەخۆشخانەکان دەکات.

 

ڕۆژی ١٥ی ئایار، دانیشتووانی مەخموور بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەستگیرکردنی شاندی پەرلەمان و زیادبوونی فشار و هەڕەشەکانی حکومەتی عێراق لە دژی دانیشتووانەکەی، بەرەو بازگەی عێراق ڕێپێوانیان کرد، لەوێش چادریان دانا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین.

 

ژنانی کامپەکە سەبارەت بە دەستگیرکردنی شاندەکە و کارەکانی عێراق بەرامبەر بە دانیشتووانی کامپی مەخموور، قسەیان بۆ دەزگاکەمان کرد.

 

"کردەوەکانیان نامرۆڤانەن"

بەسێ بوداک سەبارەت بە گەمارۆی پەدەکەو حکومەتی عێراق بۆ سەر کامپەکە وتی: نە یاسایان هەیە و نە مرۆڤایەتی، کارەکانیان نامرۆڤانەیە، کرێکارەکانمان دەچنە سەر کار، بەڕێوەبەرەکانمان دەچنە کۆبوونەوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کامپەکە، و ماوەی چەند ڕۆژێکە دەستگیر کراون، ئێمە چەند ساڵێکە لێرە دەژین و هیچ زیانێکمان بە پەدەکەو دەوڵەتی عێراق نەگەیاندووە، ئێمە سەرکۆنەیان دەکەین. تەنانەت ناهێڵن نەخۆشەکانمان بچنە نەخۆشخانەکان، زریانێک ڕوویدا و منداڵەکانمان بریندار بوون و نەخۆشخانەکانی دەوڵەت ڕەتیانکردەوە وەریانبگرنم ئەوان مافی ئەوەیان نییە ئەم کارانە بکەن.

 

"تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین"

بەسێ بوداک لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە ئەوان تا کۆتایی درێژە بە کارەکەیان دەدەن و وتی: هەرگیز ڕادەست بوون قبوڵ ناکەین، هەموو جۆرە هێرشێکمان بینیوە، سەختیمان بینیوە، برسی بووین و هیچمان بەسەر نەهاتووە، بەڵام رادەستبوونمان قبوڵ نەکردووە. چونکە ئێمە مافی خۆمانە، پەدەکەو حکومەتی عێراق ستەممان لێدەکەن. بەڵام ئێمە وازناهێنین. تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین.

 

"هێرشەکان بۆ سەر گەلی کورد لە هەموو شوێنێک بەردەوامن"

ئایشە کارا بە بەبیرهێنانەوەی شەهیدانی پەکەکە عەلی حەیدەر کایتان و ڕەزا ئاڵتون دەستیپێکرد و وتی: لەماوەی ئەم پرۆسەیەدا چاوەڕێی هاتنی ئاشتی بووین بۆ جیهان، بەڵام ئەمڕۆ بینیمان هێرشەکان بۆ سەر ئازادیخوازان بەردەوامە، هێرش بۆ سەر گەلی کورد لە هەموو شوێنێک بەردەوامە، سێ کارگێڕەکەمان چوونەتە چارەسەری کێشەکانی ناو کامپەکە بەڵام دەستگیرکران. ئەمە دژی مافی مرۆڤە.

 

"چەوساندنەوەمان لە دەوڵەتی تورک قبوڵ نەکرد، ئەمەش قبوڵ ناکەین"

ئایشە کارا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە ڕووبەڕووی دوژمن دەبینەوە، داعش لە لایەک، پەدەکە لە لایەکی دیکە، ئێستاش عێراق. لە هەموو لایەکەوە هێرش دەکرێتە سەرمان، ئێمە بەهۆی زوڵمی دەوڵەتی تورکەوە هاتووینەتە ئێرە و چەوساندنەوەی ئەوانمان قبوڵ نەکرد. هەروەک چۆن ئەو زوڵمەمان قبوڵ نەکرد، ئێستاش قبوڵی ناکەین و بەرەنگاری دەبینەوە.

 

"پێویستە هەموو کەسێک ئاگاداری مەخموور بێت"

لە کۆتاییدا ئایشە کارا سەرنجی بۆ بێدەنگی لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر کامپەکە ڕاکێشا و وتی: نەتەوە یەکگرتووەکان دێتە بەغدا و لەگەڵ حکومەتی هەرێم کۆدەبێتەوە، ئەوان قسەی ناڕاست بەرامبەر ئێمە دەڵێن، و لە بەرامبەر هێرشەکاندا بێدەنگن، ئێمە لە ساڵی ١٩٩٣وە بەرخۆدان دەکەین، ئێمە ناسنامەیەکی سیاسیمان هەیە، هەموو شتێکمان لە ڕێگای پەنابەریدا بینیوە، داوا لە دەوڵەتان دەکەین بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر هێرشەکاندا.