"چ شەرمەزارییەکە تورکیا لەسەر خاکی کوردستان ئۆپەراسیۆن ڕابگەیەنێت"

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئۆپەراسیۆنێکی نوێی بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان دەستپێکردووە، سیاسەتمەداران و چالاکوانانیش هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاندو ئەو ئۆپەراسیۆنە بە شەرمەزاریی ناودەبەن.

ناوەندی هەواڵ

لە بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ئەو هێرشانە پەیمان عیزەدین، سیاسەتمەدارو چالاکوان ڕەخنە لەو جۆرە پلان و ڕێککەوتنە دەگرێت و دەڵێت: "چ شەرمەزارییەکە تورکیا بەڕەسمی و بێ پێچ و پەنا ئۆپەراسیۆن ڕابگەیەنێ لەسەر خاک و سروشتی کوردستان و دژ بە هێزێکی کورد، کەچی دەسەڵاتی کوردی هێندەی کۆشکەکەی شێخ باز ڕانەچڵەکێنێ ".

 

لە کۆتاییدا پەیمان عیزەدین هیوای سەلامەتیش بۆ شۆڕشگێڕانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" دەخوازێت.

 

هاوکات سەیوان ڕۆستەم، چالاکوان ئاماژە بەوەدەکات، لەم وڵاتە بێ دەرگاو پەنجەرەیەدا سوپای داگیرکەر خەریکی وێرانکردن و کوشتنی مرۆڤەکانیەتی و لە لایەکی دیکەشەڕە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

 

بەپێی قسەکانی سەیوان ڕۆستەم هەموو لایەن و حزبەکان لە عێراق و باشوری کوردستان تەنها خەمی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی و بێئاگان لەوەی داگیرکاریی و وێرانکاری لەسەر خاکەکەیان هەیە.

 

هەروەک بەپێی زانیارییەکانی بەردەستیان کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بە پلانێکی مەترسیدار کردبوو کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٥ی نیساندا هێرشەکانی بۆ سەر باشوری کوردستان و هیزەکانی گەریلا چڕتر دەکاتەوە، وەک دەبیندرێت هێرشەکان بە ناوی "کلیلی چنگ" دەستیپێکردووەو لە ١٤ی نیسانەوە بە فڕۆکەی جەنگی و بێفڕۆکەوان بۆردومانی ناوچەکانی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین بەردەوامەو جموجوڵی ئاسمانی و زەمینی لە ناوچەکە هەیە، هەروەها شەوی ڕابردوو، ١٧/١٨ی نیسان، دەوڵەتی تورکیا بە چڕی ناوچەکانی شیلادزێ، ئامێدی و دێرەلوکی بۆردومانکرد.