بزووتنەوەی ژنانی ئەفغانستان لە پەرەسەندنی ژنکوژی هۆشداری دەدات
چالاکوانانی بزووتنەوەی "گۆڕینی مێژووی ژنانی ئەفغانستان" هۆشدارییان دا لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژنان لە چەند مانگی ڕابردوودا، دەڵێت: سیاسەتەکانی تاڵیبان و دوورخستنەوەی ژنان لە ژیانی گشتی بەشداربوون لە پەرەسەندنی دەستدرێژی و نەبوونی دادپەروەری.
ناوەندی هەواڵ
چالاکوانانی بزووتنەوەی "گۆڕینی مێژووی ژنانی ئەفغانستان" نیگەرانییەکی زۆریان دەربڕی سەبارەت بەو شتەی کە بە بەرزبوونەوەی بێ وێنەی ژنان لە سەرانسەری وڵاتدا پێناسەیان کرد، وتیان: سنووردارکردنی توندی تاڵیبان بۆ سەر ژنان، لەگەڵ نەبوونی هیچ لێپرسینەوەیەک لە بەرامبەر ئەنجامدەرانی توندوتیژی، ئەم دۆخە ترسناکەی خراپتر کردووە.
لە ڕاگەیاندراوێکدا، کە ٧ی ئایار بڵاویکردەوە، بزووتنەوەی 'گۆڕینی مێژووی ژنانی ئەفغانستان" تیشکی خستە سەر بارودۆخی نالەباری ژنان و ئاماژەی بەوەدا، کە وڵاتەکە شایەتحاڵی بەرزبوونەوەی ژنکوژی و توندوتیژی خێزانی و پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤە، ئەمەش لە نەبوونی دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ و میکانیزمی پاراستنی کاریگەر بۆ دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری زیانبەرکەوتووان ڕوودەدات.
ئاماژە بەوە کراوە، کە کوشتنی ئەم دواییەی ژنان لە ناوچە جیاوازەکانی ئەفغانستان ڕەنگدانەوەی نەخشێکی دامەزراوەیی توندوتیژی ڕەگەزیییە و جەخت لەسەر کولتووری بەربڵاوی بێ سزایی، هەروەها داڕمانی تەواوەتی سیستەمی دادپەروەری و لێپرسینەوە لە وڵاتەکەدا دەکات.
بەگوێرەی ئەو بزووتنەوەیە، ئەو سیاسەتانەی تاڵیبان پەیڕەوی کردووە، لەوانەش دەرکردنی سیستماتیکی ژنان لە ژیانی گشتی، سەپاندنی سنووردارکردنی توند بۆ خوێندن و کارکردن و دادگایی نەکردنی تاوانبارانی توندوتیژی، بەشدارییان کردووە لە دروستکردنی کەشێکی مەترسیدار کە ئاسانکاری بۆ بەردەوامی پێشێلکارییەکانی دژی ژنان و منداڵانی کچ دەکات.
بزووتنەوەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە، دان بەو شتەدا بنێن کە بە "سیستەمێکی ئاپارتاید لەسەر بنەمای ڕەگەز" لە ئەفغانستان پێناسەی دەکەن و هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان و لێپرسینەوە لە بەرپرسان، داوای دامەزراندنی میکانیزمێکی نێودەوڵەتی سەربەخۆی کرد کە دەسەڵاتی لێکۆڵینەوە و بەڵگەنامە و دادگاییکردنی تاوانبارانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤی هەبێت، بەتایبەتی ئەوانەی ژنان دەکەنە ئامانج.
چالاکوانان جەختیان لەوە کردەوە، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت پشتیوانی لە هەوڵەکان بکات بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی ڕەوا و گشتگیر کە لەسەر بنەمای ئیرادەی ئازادی گەلی ئەفغانستان، پابەند بێت بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی ڕەگەزی.
جەختیشیان لەسەر پێویستیی هەنگاوی یەکلاکەرەوە بۆ ڕێگریکردن لە ڕەوایەتی دان بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و دانانی پێویستی بۆ پاراستنی ژنان و منداڵانی کچ کردەوە.
بزووتنەوەکە هۆشداری داوە کە بەردەوامی بارودۆخی ئێستا هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بۆ سەر مافە بنەڕەتییەکان لەوان مافی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ و یەکسانی دروست دەکات، دەکرێت قەیرانی مرۆیی گەورەتر بکات و توندوتیژیی پێکهاتەیی زیاتر بکات و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی توندتر بکاتەوە و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆچکردنی زۆرەملێ.