بزووتنەوەی ژنانی ئەفغانستان ڕەخنە لە یاسای سزادانی تاڵیبان دەگرێت و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکات
بزووتنەوەی ژنانی ئەفغانستان لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئەو یاسای سزایەی کە لە لایەن تاڵیبانەوە پەسەند کراوە، بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بنەماکانی دادپەروەری، یەکسانی مرۆڤ پێناسە کرد، داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی بڕگەکانی جیاکاری و پێداچوونەوەی سەربەخۆی کرد.
ناوەندی هەواڵ
لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، تاڵیبان یاسایەکی نوێی دادگاییکردنی تاوانکاری دەرکرد، کە بە چەسپاندنی سیستەمێکی دادوەری ڕەق و وروژاندنی نیگەرانییە بەرفراوانەکانی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی سەبارەت بە ژنان و خۆپیشاندەران پێناسەکرا.
بڵاوکردنەوەی وردەکارییەکانی "یاسای تاوانی دادگاکانی تاڵیبان"، بەڵگەنامەیەک، کە بۆ دامەزراوە دادوەرییەکان و پارێزگاکانی سەرتاسەری وڵات نێردراوە بۆ جێبەجێکردن دوای ئەوەی لەلایەن هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، سەرۆکی گروپەکەوە واژۆی لەسەر کرا، کە بە فەرمی و یاسایی سەرکوتکردنی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی مافەکانی ژنان و کەمینە ئایینییەکان و ئازادییە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیان چڕتر دەکاتەوە، هەروەها کاردانەوەی ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی مافی مرۆڤی و مافی ژنان و گروپە پەیوەندیدارەکانی لێکەوتەوە.
دوابەدوای ئەم کاردانەوەیانە، بزووتنەوەی ژنانی ئەفغانستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بە "ناشەرعی وسەپێنراو، هەڵاواردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ" پێناسەی کرد و بەڵگەنامەکەی بە شێوەیەکی ڕاستی پێچەوانەی بنەما بنەڕەتییەکانی دادپەروەری ئیسلامی، شکۆمەندی مرۆڤ، پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە.
جەختی لەوەکردەوە، کە یاسای سزادان کە لەلایەن تاڵیبانەوە دەرچووە، هەڵاواردنی سیستماتیکی دژی ژنان بە فەرمی دەکات و بە پێشێلکردنی ئاشکرای دادپەروەری و یەکسانی و شکۆمەندی مرۆڤی دەزانێت، داوای کرد دەستبەجێ بڕگە جیاکارییەکانی هەڵبوەشێنرێتەوە و پێداچوونەوەی سەربەخۆ و بێلایەنانە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی ببێت.
هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کراوە، لە بەرامبەر ئەم نادادپەروەری و هەڵاواردنە پێکهاتەیەدا بێدەنگ نەبن، بەرپرسیارێتی دەستبەجێ و کردەیی خۆیان بۆ داکۆکیکردن لە شکۆمەندی و دادپەروەریی ژنان لە ئەفغانستان جێبەجێ بکەن.