بڕینی ئاو تاوانێکی بەردەوامە کە مەترسی لەسەر تەندروستی دانیشتوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دروست دەکات

دەسەڵاتدارانی کاروباری ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایانگەیاند، ژنان تووشی کێشەی تەندروستی دەبن، بەهۆی کەمیی ئاوەوە کە لە ئەنجامی کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتی تورکیا بەسەر سەرچاوەکانی ئاودا دروستبووە، ئەمەش قەیرانی مرۆیی بە شێوەیەکی بەرچاو توندتر کردووە.

سۆرگۆڵ شێخۆ


تل تەمر- ئاو پرسێکی سەرەکی و بەپەلەیە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە زیاتر لە پێنج ساڵە پێنج ملیۆن کەس بەدەست قەیرانی ئاوەوە دەناڵێنن، هەرێمەکە بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاو و تێکچوونی تۆڕەکانی ئاو و کەمبوونەوەی توانای کارکردنی وێستگەکانی ئاو بەهۆی تۆپباران و بەئامانجکردنی ڕاستەوخۆوە ڕووبەڕووی کەمی ئاوی خواردنەوە دەبێتەوە.

 

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕووبارەکانی خابور و زرگان وشک بوونەتەوە و لێشاوی فورات کەمیکردووە بەهۆی بەکارهێنانی ئاو لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە وەک چەکێکی سیاسی بەتایبەتی لە ڕێگەی وێستگەی عەلوکەوە کە خزمەتی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس دەکات، ئەم کەمیی زۆرە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاو و زیادبوونی فشار لەسەر تەندروستی و پەروەردە، بەتایبەتی کاریگەری لەسەر ژنان و ژنانی گەنج هەیە، چ لە ڕووی جەستەیی و چ لە ڕووی دەروونییەوە، لە شاری تل تەمر کە شوێنی نیشتەجێبوونی ٧٢ هەزار دانیشتوو و پەنابەرە، یوسرا خەتبان، لە بەڕێوبەڕایەتی ئاو باسی لە هۆکارەکانی پچڕانی ئاوەکە و ئەو هەوڵانە کرد کە دەدرێن بۆ پاڵپشتیکردنی دانیشتووان.

 

"قەیرانی ئاو چەکێکی سیاسییە کە مەترسی لەسەر ژیانی ژنان دروست دەکات و ئازارەکانی کۆچبەران قووڵتر دەکاتەوە"

یوسرا خەتبان ڕایگەیاند کە قەیرانی ئاو یەکێکە لە قووڵترین پرسەکانی بەردەم ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەت لە پارێزگای جزیرە، داگیرکردنی شارەکانی ڕاس عەین-ساری کانییە و تل ئەبیاز-گیرە سپی لەلایەن تورکیاوە و کۆنترۆڵکردنی وێستگەی ئاوی عەلوک ئەم قەیرانەی زیاتر کردووە، زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس زیاتر لە پێنج ساڵە ئازار دەچێژن و ئەم قەیرانە کاریگەری لەسەر ٩٥%ی ژنان هەیە، ئەمەش وای لێدەکات هەوڵی بەرچاو بدەن بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی.

 

ڕوونیشیکردەوە، شارەوانی گەل خزمەتگوزاری ئاو بۆ ١٤ هەزار خێزان دابین دەکات، چ دانیشتوو و چ ئاوارە، لە ڕێگەی سێ بیرەوە کە خزمەت بە سێ گوند دەکەن بەبێ بەرامبەر، ئەمە جگە لەوەی دوو بیریش خزمەت بە شار و ناوچە گوندنشینەکان دەکەن، سەرەڕای کەمی سەرچاوەکان، هەوڵدەدەن ئەوەی لە توانایاندایە بۆ گەلەکەیان دابین بکەن.

 

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، تاکە چارەسەر کە لە ئێستادا لەبەردەستدایە، چارەسەرێکی کاتییە کە بۆ پلانێکی ستراتیژی درێژخایەن ناگونجێت، ئەمەش بریتییە لە ئاسانکاری بۆ دەرکردنی مۆڵەتی کونکردنی بیر، بە مەرجێک هەر سێ خێزانێک بیرێک هەڵکەنن، بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی بیابانبوون و کەمبوونەوەی شوێنی سەوزایی، هۆشداریدا لەوەی ئاوی ژێر زەویش بە بەردەوامی لە دابەزیندایە بەهۆی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ئەمەش پێشبینی قەیرانێکی ڕاستەقینە لە داهاتوودا دەکات.

 

یوسرا خەتبان لە کۆتایی قسەکانیدا داوای چارەسەری پرسی وێستگەی عەلوکی کرد، وتی: پرسێکی مرۆییە، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی کاریگەر دەستوەردان بکەن بۆ چارەسەرکردنی، چونکە دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەتی تورکیا لەسەری پرسی ئاوی گەورەتر کردووە، هەوڵدەدات بە کۆنترۆڵکردنی ئەم وێستگەیە فشار بخاتە سەر هاوڵاتیانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.

 

کەمی ئاو قەیرانێکە کە ئازارەکانی ژنان گەورەتر دەکات و پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە

فادیە عەواز جەختی لەوە کردەوە کە کەمی ئاو پرسێکی ژینگەیی و کۆمەڵایەتیی ڕاستەقینەییە، کاریگەرییەکانی لە دەرەوەی جەستەیی درێژدەبنەوە بۆ ئەوەی ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانیش بگرێتەوە کە کاریگەری لەسەر هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە بەتایبەت ژنان، کەمی ئاو بووەتە هۆی زیادبوونی فشاری دەروونی و سۆزداری، زیادبوونی ئاستی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی لە نێو ژنان، کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خێزانیی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان هەبووە، هەروەها کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خێزانیی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان هەبووە، بەرکەوتەی توندوتیژی و دەستدرێژی ڕەگەزییان بووە.

 

فادیە عەواز کۆمەڵێک چارەسەر و پێشنیاری بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئاو خستەڕوو، جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی مافەکانی ژنان لەڕێگەی دەستەبەرکردنی سەرچاوەکانی ئاو لە هەموو بارودۆخێکدا چ لە کاتی سەقامگیری یان لە کاتی شەڕ و ململانێدا، بە لەبەرچاوگرتنی گرنگییەکەی لە بەرزکردنەوەی ئاسایش و پاراستن.

 

فادیە عەواز هەروەها داوای هاوکاری لە نێوان ڕێکخراوە مرۆییەکان و دامەزراوە ناوخۆییەکان کرد بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاو و نزیککردنەوەی سەرچاوەکانی ئاو لە ماڵە مەدەنییەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان ناچاربن مەودای دوور ببڕن بۆ هێنانی ئاو، ئەمەش بارگرانییەکی دەروونی و جەستەیی دەخاتە سەریان و دەبێتە هۆی ئەوەی لە کار یان خوێندنگە بێبەش بن، ئەمەش پێویستی بە ئەوپەڕی گرنگیدان هەیە.

 

"پیسبوونی ئاو مەترسییەکی تەندروستییە و هەڕەشە لە ژنان و منداڵان دەکات"

نالین یونس، کارمەندی هۆشیاری تەندروستی و ئەندامی مانگی سووری کوردی باسی لە کاریگەرییە مەترسیدارە تەندروستییەکانی بەکارهێنانی ئاوی ناپاک کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ئاوە هۆکاری سەرەکی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە لە نێو ژنان و منداڵان و کۆمەڵگە بە گشتی، دیارترینی ئەو نەخۆشیانە بریتین لە هەوکردنی کۆئەندامی میز، کەڕوو، هەوکردنی پێست. ژنانی دووگیان بە تایبەتی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن و دەبێتە هۆی کەموکوڕی لەدایک بوون و منداڵی پێشوەختە.

 

نالین یونس ئاماژەی بە هۆکارێکی زیادە بۆ توندبوونەوەی نەخۆشیەکان کرد، ئەویش هێرشەکانی سەر ناوچەکە، کە بووەتە هۆی دزەکردنی ماددەی کیمیایی و پاشماوەی جەنگ بۆ ناو خاک ، لەوێشەوە بۆ ناو ئاوی ژێر زەوی، ئەمەش قەیرانێکی ژینگەیی گەورەی لێکەوتەوە، لەماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا دانیشتووان ناچاربوون سەدان بیر هەڵکەن، هەروەها تۆڕەکانی ئاو پیسبوون بە کلس و ژەنگ، کە هەندێکیان مەترسییەکی بەرچاویان لەسەر تەندروستی دروستکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی شێواوی کۆرپەلە و نەزۆکی لە ژنان و کەمبوونەوەی کێش لە منداڵانی تازەلەدایکبوودا.

 

نالین یونس، لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لە گرنگی گەڕان بەدوای جێگرەوەیەکی تەندروستدا کردەوە، پەمپکردنی ئاو لە وێستگەی عەلوک و ڕووباری خابور چارەسەرێکی دڵنیاییە، هەروەها پێشنیاری بەکارهێنانی فلتەری ئاوی کردووە یان پەنابردنە بەر شێوازە سادەکانی پاککردنەوە وەک کوڵاندنی ئاو یان بەرکەوتنی بە تیشکی خۆر کە سوودی تەندروستی و ڤیتامینی سروشتی بە ئاو دەبەخشێت.