بڕیاری دەستگیرکردن بۆ پەرلەمانتار سەمرا گوزەل درا

سەمرا گوزەلی پەرلەمانتاری هەدەپە، کە پارێزبەندییەکەی لێ سەندرایەوە، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی سەمرا گوزەل، رۆژی ١ی ئاداری ئەمساڵ لە پەرلەمانی تورکیادا بە دەنگی بەڵێی ١٣١ پەرلەمانتاری، ئاکەپە، مەهەپە، ئیی پارتی و جەهەپە پارێزبەندی لەسەر هەڵگیراو تەنها ٥٢ پەرلەمانتاری هەدەپە بە نەخێر دەنگیان دا، بڕیاری دەستگیر کردنی بۆ دەرکرا،  زانراوە کە فەرمانی دەستگیرکردنی سەمرا گوزەل بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە رێکخراوێک" دەرچووە.

 

پێشتر لەسەر داوای سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئەنقەرە، دۆسیەیەک لە دژی سەمرا گوزەل لە رێگەی وەزارەتی داد، پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا و داوای لێسەندنەوەی پارێزبەندی کرا بۆ دادگاییکردنی.