"بەئامانجگرتنی ژنان و خەڵکی مەدەنی شکستێکی ڕەوشتی و پێشێلکردنی ئاشکرای هەموو بەها مرۆییەکانە"

لە دوای ئەو پێشێلکارییە سەختانەی کە لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەبی سووریادا شایەتحاڵی بوون و لە کاتێکدا ترسی فراوانبوونی بازنەی توندوتیژی دژی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژنان هەیە، شەرمەزارکردنی گشتی بەردەوامە.

زەینەب خەلیف

 

دێرەزوور-ژنانی دێرەزوور لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەرمەزاری ئەو پێشێلکارییانەیان کرد کە لە گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە ڕوویانداوە و بە "کارێکی دڕندانە پێناسەیان کردووە کە دەگاتە تاوانی قورس، لەوانە گرتن و خراپ مامەڵەکردن و کوشتنی ژنانی شەڕڤان.

 

"ئەو هێزانەی کە ژنان دەکەنە ئامانج، خۆکارانە شەرعیەتی خۆیان لەدەست دەدەن"

فەرەح عەلی پێی وایە کە ئەم جۆرە کارانە تەنانەت لە دڕندەترین قۆناغەکانی سەرکوتکردن لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا ئەنجام نەدراون و کوشتنی ژنان لە دوای گرتنی ناتوانرێت بە سەرکەوتن یان دەستکەوتێکی سەربازی هەژمار بکرێت، بەڵکو بەڵگەیە لەسەر شکستی ڕەوشتی و نەبوونی بەهاکانی تەواو، بەتایبەتی کە هەندێکیان لە کاتی هەڵگرتنی چەکدا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و کۆمەڵگوکانیان ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆیان بوونەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گروپانەی ئەم پێشێلکاریانەیان ئەنجامداوە، پەیوەندییان بە دەوڵەتی تورکیاوە هەیە و هەوڵدەدەن خۆیان وەک هێز یان پێکهاتەی نوێنەرایەتی سوپای سووریا پیشانبدەن، نوێنەرایەتی خەڵکی دێرەزوور یان گەنجانی سووریا ناکەن، هەروەها هیچ پشتیوانییەکی جەماوەریش بەهرەمەند نین، هەر هێزێک توندوتیژی دژی زیندانییەکان ئەنجامبدات و ژنان بکاتە ئامانج، خۆکارانە شەرعیەتی خۆی لەدەستدەدات.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە بەکارهێنانی ناوی ئیسلام بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەو تاوانانە بێڕێزیکردنێکی ڕاستەوخۆیە بۆی، هەروەها مامەڵەکردن بەم شێوەیە لەگەڵ زیندانییەکان لەژێر هیچ بارودۆخێک و بیانوویەکدا قبوڵ ناکرێت، مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر هەموو کۆمەڵگەی سووریا دروست دەکات.

 

لە کۆتاییدا وتی: خەڵکی دێرەزوور بە توندی ئەم کارانە ڕەتدەکەنەوە و بە یەکگرتوویی لەگەڵ زیانلێکەوتووان وەستاون.

 

"پێشێلکردنی مافی ژیان و ئاسایشی دانیشتووان"

نادیە موزحی شەرمەزاری ئەو هێرشە دووبارەبووانەی کرد کە ناوچە دانیشتووەکانیان کردە ئامانج، بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی بۆردوومان و کوشتن و ئاوارەکردنی زۆرەملێی خەڵکی مەدەنی بەتایبەت لە سەرمای سەختدا، بە پێشێلکردنی مافی ژیان و ئاسایشی دانیشتووان.

 

دووپاتی کردەوە، کە خەڵکی مەدەنی زیانبەرکەوتووی بێتاوانی ململانێکانن، هەروەها خێزانە ئامانجدارەکان لە ماڵەکانی خۆیاندا دەژین و هێرشیان نەکردووەتە سەر کەس و تەنها داوای ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکانیان دەکەن، کە هیچ ئارەزووی توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەیان نییە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامی هێرشەکان دەبێتە هۆی کوشتنی کەسانی بێتاوان بەتایبەتی منداڵان و بە زۆرەملێ خێزانەکان لە ماڵەکانیان کۆچ دەکەن، پاساوی بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی دەخاتە ژێر پرسیارەوە،کەسێک کە بە ئاشتی لە ماڵەکەیدا دەژی ناتوانێت ببێتە ئامانج، بە ئامانجگرتنی ناوچەی نیشتەجێبوون پێشێلکردنی ئاشکرایە بۆ هەموو یاسا و نۆرمەکانی مرۆیی.

 

دانیشتووانی دێرەزوور، وەک ڕوون بووەتەوە، لە ڕەتکردنەوەی ئەو پێشێلکارییانە یەکگرتوو وەستاون، هەروەها ئەوەی کاریگەری لەسەر خەڵکی مەدەنی هەیە، کاریگەری لەسەر هەموو لایەک هەیە، ئازارەکە وەک یەکە، ئازارەکانیش هاوبەشن، بۆیە دەبێت هاوسۆزی زیاتر لەگەڵ بەرخۆدانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە نیشان بدەین.

 

نادیە موزەحی داوای لێپرسینەوەی لەگەڵ بەرپرسانی کوشتن و کۆچکردنی خەڵکی مەدەنی بێتاوان کرد و ڕێگە نەدان بە بێ سزایی، هیوای دەربڕی کە ئاسایش و سەقامگیری لە سووریادا زاڵ بێت و هێرشەکان کە جگە لە ئازاری زیاتر و زیانی مرۆیی هیچی تر ناهێنن، بوەستن.