بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی: ئەگەر خەڵک ئاگادارنەبێت لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کێشەی گەورەتر دروستدەبێت
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی سلێمانی ڕایگەیاند، کێشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەگەر بەردەوام بێت لە داهاتوودا دەبێتە مەترسی جدی، ڕەخنەی لە ڕاگەیاندنەکانیش گرت کە تەنها لە یادەکاندا بیری توندوتیژییان دەکەوێتەوە.
سلێمانی
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا عەمید سەرکەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی سلێمانی باسی لە چەندین کێشەی جۆراو جۆر کرد.
عەمید سەرکەوت، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە پێویستە ڕاگەیاندنەکان هێندەی گرنگی بە ئامارەکان دەدەن، هێندەش گرنگی بە خودی پرسی توندوتیژی بدەن، ڕەخنەی ئاڕاستەی ڕاگەیاندنەکانیش کرد، کە ڕاگەیاندنەکان تەنها لە کاتی یادەکانی ٨ی مارس و ٢٥ نۆڤەمبەردا بیری کێشەکانی ژنان و توندوتیژییەکانیان دەکەوێتەوە.

ئەمەش دەیسەلمێنێت کە ڕاگەیاندنەکان وەک پێویست دەست بۆ کێشە خێزانییەکان و توندوتیژییەکان نابەن، لەبەرامبەردا بە گرنگی زانی کە پلانێکی نیشتیمانی بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردی دابنرێت و ڕاگەیاندنەکان ڕۆژانە کاری لەسەر بکەن، "بابەتی توندوتیژی بکەنە بابەتێکی زیندوو لە کارەکانیاندا".
لە بەرامبەردا لەبری ئەوەی باسی هۆکارەکانی زیادبوونی سکاڵا و توندوتییژیەکان بکات، هۆکاری زیادبوونی سکاڵاکانی گەڕاندەووە بۆئەوەی کە هاوڵاتیان متمانەیان بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان هەیە، نەک لێکۆڵینەوە لە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان.
کێشەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە کێشەی ڕۆژانە
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیشیدا، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە کێشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان یەکێکن لەو کێشانەی کە ڕۆژانە بەردەوام ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئەگەر هاوڵاتیان هۆشیار نەکرێتەوە و ئاگادارانە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارنەهێنن، ئەوا لە ئایندەدا دەبێتە مەترسیەکی جدی بۆ کۆمەڵگا.
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ژنهادا، لەبارەی ئەوەی کە پلانیان بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان و خێزان چییە، ڕایگەیاند، ئەوان بەردەوام پلانی ساڵانەیان بۆ هۆشیاکردنەوە هەیە، لە ساڵانی ڕابردووشدا پێش بڵاوبوونەوەی پەتایی کۆرۆنا کاری وردیان لەسەر ناوەندەکانی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆکاندا کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، کە لە ئێستا بەهۆی بوونی پەتایی کۆرۆنا بەردەوام لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕادیۆوە هۆشیاری بڵاودەکەنەوە، هاوکات ڕێکەوتنێکیشیان لەگەڵ ڕێکخراوە جیهانییەکان ئەنجامداوە، کە بۆ ساڵی داهاتوو بەرنامەی ڕاگەیاندن و سپۆتی تایبەت بە هۆشیاری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئەنجام بدەن.
ت.پ