بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی یادی جینۆسایدی ئیزیدییەکان دەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی یادی جینۆسایدی ئیزیدییەکانی کردەوەو ڕایگەیاند، پەروەردەی ڕاستەقینە باشترین و بەهێزترین قەڵغانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕەوی.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقی و مرۆیی و بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵوەگەری کارەساتی دڵتەزێنی پەلاماردانی خوشک و برایانی ئیزیدی لە شنگال لە لایەن تیرۆریستانی داعش، ئەمڕۆ ٣ی ئاب، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بە ئامادبوونی مامۆستا نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و سەرجەم بەڕێوەبەری بەشەکان و فەرمانبەران​ بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی شنگال و سەرجەم قوربانییانی ئەو جینۆسایدە، خولەکێک بە بێدەنگی راوەستان.

 

پاشان جەخت لەوە کرایەوە کە ٣ی ئابی ۲۰۱٤ یەکێکە لە تاریکترین لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتی کە تێیدا تیرۆرستانی داعش دڕندانە هێرشیان کردە سەر پێکهاتەیەکی ڕەسەنی نەتەوەیی و دینی گەلەکەمان بە ئامانجی سڕینەوە و لەناوبردنیان.

 

​بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لەم یادەدا پەیامی خۆی هەبوو ڕایگەیاند، پەروەردەی ڕاستەقینە باشترین و بەهێزترین قەڵغانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕەوی، ڕەگەزپەرستی و قبوڵنەکردنی ئەوی تر، ئەرکی ئێمەیە نەوەکانمان لەسەر بنەمای لێبووردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ڕێزگرتنی یەکتر پەروەردە بکەین، هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی فیدراڵی هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و زامنکردنی ژیانێکی شایستە بۆ دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە و دۆزینەوەی بێسەروشوێنکراوان چڕتر بکەنەوە، تاوەکو دادپەروەری باڵ بەسەر ئەم برینە قووڵەدا بکێشێت.