بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بڵاوکرایەوە

بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەی ڕێبەری گەلی کورد، کە ٢٨ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ ڕۆژنامەنووس فاتیح ئالتایلی ئەنجامی دابوو بەڵام قەدەغەکرابووبڵاوکرایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

چاوپێکەوتنەکە لە ساڵی ١٩٩٧ لە شاری بار ئیلیاسی لوبنان ئەنجامدرابوو. ئەو چاوپێکەوتنەی کە ڕێبەری گەلی کورد بەتایبەتی وتبووی، "ڕێکەوتنێکی بەرفراوانی دیموکراتیک دەتوانێت دەستکەوتی گەورە لەگەڵ خۆیدا بهێنێت" ٢٥ خولەک بەردەوام دەبێت. 

 

لە چاوپێکەوتنەکەدا کە لە ماڵپەڕی ئۆزگور دوشونجەلەر بڵاوکرایەوە، پرسیارەکانی فاتیح ئالتایلی سەبارەت بە سیاسەتمەدارانی ئەو سەردەمە، پەیوەندییەکانی تورک و کورد و سەرچاوە ئابوورییەکانی پەکەکە وەڵام دەدرێنەوە. 

پرسیار و وەڵامەکان بەم شێوەیەن: 

 

ئێوە ئێستا وەکو ناسنامەیەکی سیاسی کە ئامادەیە بە شێوەیەکی چالاک بەشداری سیاسەتی تورکیا ببێت، قسەتانکرد. ئایا هیچ شتێک هەیە لە عەبدوڵا ئۆجالاندا گۆڕابێت؟ 

هیچ شتێک نەگۆڕاوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گۆڕانکاریی نائاسایی ڕوودەدەن. ماوەیەک وەکو ماوەی فیترەت دێتەبوون. لە دەستپێکی ساڵانی ١٤٠٠ـدا ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی کەوتبووە سەردەمێکی فیترەتەوە. لە تورکیاش سەردەمێک کە لە فیترەت دەچێت هاتووەتە بوون. یەکێک لە بەرپسیارە سەرەکییەکانی ئەمە، منم. لە سەردەمی فیترەتدا موسا و محمد چەلەبی هەبوون و لەو کاتەدا هەندێک سەرهەڵدانی وەکو هی شێخ بەدرەدین ڕوویاندەدا. لە تورکیاش بێگومان دۆخێکی وەها هاتەبوون. لەبەرئەوە پێویستە پێیەوە سەرقاڵ بین. لەبری یەکتر تەسفیەکردن، پێویستە ڕێیەکی ڕێکەوتن بدۆزینەوە. بەڕای من لۆجیکانەترین شت ئەمەیە. من ئەمە بەجددی دەڵێم. ڕێکەوتنێکی بەرفراوانی دیموکراتیک، دەتوانێت دەستکەوتی گەورە لەگەڵ خۆیدا بهێنێت. 

 

ئێوە نامەتان بۆ مەسعود یەڵماز نارد، دواتر وەڵامی دایەوە یان نەیدایەوە نازانین. چاوەڕوانیتان لە مەحمود یەڵماز هەبوو، چی بوو هەنگاوێک نرا؟ 

مەسعود یەڵماز لە ئیدر گوتی، 'بەدڵنیاییەوە پرسی کورد چارەسەردەکەین.' دواتر، دەرکەوت چی کرد. ئەو تیرۆرە ڕوویدا کە ئاشکرایە. کاتێک تیرۆرەکە ڕوویدا، ئەو دەستی لێ شۆرد. من پێموایە ئەو هەندێک چاوەڕوانی هەبوو. ئەو خۆی چەندە بەرپرسیارە پێویستە ڕوونی بکاتەوە. گەر نەبێت، گەر کاری چەتەکانیش بێت پێویستە ڕوونی بکاتەوە. لەبەرئەوەی ئەو کێشەی چەتەکانی کردەوە و لە سەردەمی ئەودا تیرۆرێکی زۆر گەورە ڕوویدا. ئەویش سەرۆکوەزیرە. پێویستە ئەو بیڵێت، 'من فەرمانم بەوە کرد یان نەمکرد.' لەبەرئەوەی باسی چاتڵی دەکرێت. ئەمە زۆر جددییە، دەیان جار لە سوسورلوک گەورەترە. لەو ڕۆژانەدا ٥٠٠ ملیار ونبوو. بە ئەگەرێکی زۆر، ئەو پارەیە بۆ کوشتنی من درابوو. تانسو چیلەر گوتی، 'ئەگەر ئاشکرای بکەم لەوانەیە شەڕ دروستبێت.' پێویستە ئەمە ڕوونبکاتەوە. دوای ئەوە، شەڕ زیاتربوو. 

 

لە ماوەی ڕابردوودا ڕاتانگەیاندبوو کە ئەگەر ئەربەکان بێتە سەر دەسەڵات، بەرامبەر پرسی کورد وریاتر دەبێت. ئاخۆ هەستیارییەک لە ئەربەکاندا هەیە؟ 

من باوەڕم وایە کە پێویستە کەمێک چاوەڕێی ئەربەکان بکەین. وا دەردەکەوێت کە کەمێک هەوڵدەدات. لەوانەیە ئەمەش لەم ڕۆژانەدا دەربکەوێت. هەندێک بەدواداچوون دەکەم. دوای کەمێک چاوەڕوانی، بە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی داوا دەکەم کە ئەربەکان نیازی ڕاستەقینەی خۆی ئاشکرابکات. هەندێک هەوڵی بەڕێز فەتحوڵا ئەرباش (پەرلەمانتاری پێشووی پارتی ڕەفا) هەبوون.  هەوڵی تریش هەن. ئەم پرۆسەیە بۆ هەندێک پەیوەندیی سیاسی، سەردەمێکی پێشکەوتن بوو. لە ساڵی ١٩٩٦ـدا شاندێک کە فەتحوڵا ئەرباشیشی تێدابوو چووبووە چیای زاپ تاوەکو هەشت سەربازی دیل بگەڕێننەوە. ئێمە دوو ساڵ بە برسی و تینوو ماینەوە، بێئەوەی بچووکترین زیان بەم سەربازانە بگات، دواجار ڕادەستی بنەماڵەکانیانمان کردنەوە. هەموو وەکو ئەندامانی پەکەکە قسەدەکەن. بێگومان، ئەوان خۆیان بڕیاریاندا. ئامانج ئەوە بوو کە نیشانی بدەین ئەم شەڕە شەڕێک نەبوو کە ڕۆڵەکانی ئەنادۆڵ دەیانویست و پرۆسەکە بکەینە سەکۆیەک بۆ گفتوگۆ. لەبەرئەوە من بەئەنقەست پرۆسەکەم درێژکردەوە. لە یەکەم هەوڵدا چەند سەربازێک ئازادکران. ئیهەدە، مەزڵوم دەر و ئەرباش لە حکومەتەوە بەیەکەوە هاتن. بۆچی ویستم لەبەردەم ڕاگەیاندن بێت، لەبەرئەوەی خەڵک خوشک و برایەتییان دەوێت. پێویستە فرمێسکی دایکان ڕاوەستن. ویستم گەلی تورکیا وابەستەیی نێوان دایک و ڕۆڵەکانی خۆی ببینێت. بەئازارترین دیمەنی ساڵانی ڕابردوو یەکترلەئامێزگرتنی نێوان دایک و سەربازە. بینینی ئەم ڕاستییە زۆر گرنگە. لەبەرئەوەی هەزاران کەسی وەکو ئەو چوونە ژێر خاک. من ویستم کە خەڵک شایەتحاڵی ئەمە بێت تاوەکو ئازارێکی وەها دووبارە نەبێتەوە. ئەمە زۆر گرنگە. هەزارن دڵ شکان. بۆئەوەی ئەم ئازارە دووبارە نەبێتەوە، ویستم ڕای گشتی ئەم ڕاستییە ببینێت. ئەمە زۆر گرنگە. کێشەی پەکەکە کوشتنی سەربازان نییە. ئێمە بەدوای هەندێک داخوازیی زۆر سروشتی، مرۆیی و دیموکراتیکین. مەگەر حەیف نییە کە ئەو هەموو کوردە بێکار بمێننەوە؟ مەگەر حەیف نییە زمانیان لەناوببرێت و خاکەکەیان وێران بکرێت. ئێمە دەمانەوێت ڕێی چارەسەری بکەنەوە. 

 

بەر لە پەکەکە خاک وێران نەدەکرا. قەدەغەی زمان هەبوو، بەڵام هێشتا خەڵک بە کوردی قسەیان دەکرد. 

نا قەدەغەی زمان هەبوو. دوای ئەوەی زمانی مرۆڤێک قەدەغە دەکرێت، ئاخۆ مێشکی بەئازادی کاردەکات؟ خەڵک بە زمانی خۆیان ناتوانن دوو وشە نامە بنووسن. ئەمەش لەلایەک. کاتێک زمانی مرۆڤ قەدەغەدەکرێت، چەندە سەرەتاییش بێت، شەڕەفی، شکۆی، هەموو شتێکی لێ دەسەنرێتەوە. ئەمە بۆ من زۆر گرنگە. بابەت هێنانەکایەی نەتەوەپەرستیی کورد نییە. لای دایکم تورکە. دایکم زیاتر لە تورکێک دەچێت تا کوردێک. ئەگەر کەسێک بتوانێت بە وریایی لە ڕەگ‌وڕیشەکەی بکۆڵێتەوە، ئەم ڕاستییە دەبینێت. بە منداڵی بیرمدەکردەوە، 'خۆزگە تورک دەبووم.' بەڵام دوای ئەوەی هۆشیاربوومەوە، لە ئەنقەرە تێگەیشتم کە نکۆڵیکردن لە نەریتی باووباپیران کردەوەیەکی زۆر سووکایەتییە. من دەمویست نکۆڵی لە خۆم بکەم، بەڵام بینیم کە ئەمە بەدڵنیاییەوە من بچووک دەکاتەوە. کارێکم هەبوو و لە خوێندنم بۆ زانستی سیاسییدا گەیشتبوومە ساڵی کۆتایی. ڕێگایەکی بێ کەموکوڕی بۆ پێشکەوتن لەبەردەمم کراوەبوو. من ١٠ کەسی وەکو محمد ئاگر لە گیرفانم دەردێنم. دەرفەتم پێدرابوون. لەناو ١٠ لە باشترین خوێندکارەکانی زانستی سیاسییدابووم. هەموو پڕۆفیسۆرانی زانستە سیاسییەکان منیان دەناسی. دەمتوانی زۆر بەرەوپێش بچم. لەو کاتەدا گەنجانی دیموکراتیک هەبوون. مرۆڤێک نکۆڵی لە ڕیشەی خۆی بکات زۆر خراپە. ئەگەر تۆ بەتەواویی نکۆڵی لە تورکبوونی خۆت بکەیت، مەگەر نابیتە مرۆڤێکی کەوتوو؟ ئەمە هەستێکی خراپە. نکۆڵی لە تورکبوونی خۆتان مەکەن. ئێمە ڕق‌وکینەمان بەرامبەر تورکبوونی کەس دەرنەبڕیوە. لە بنەڕەتدا ئەمە هەڵەیە. ئەمە دژی مافەکانی مرۆڤە. هەموو خەمی من ئەوەیە کە لەم بەڵایەی کورد ڕزگارم ببێت. ئەو مرۆڤانە هەن کە زۆر کەوتوون. کوردبوونێک هەیە کە زیانی بۆ تورکیاش دەبێت. وشەی "کرۆ" بۆ کورد دروستکراوە. کوردان لە ڕوح و گیاندا تا دێت لاوازدەبن، تەنانەت بێسوود دەبن. ئەمە دەبێتە بێسوودی تورکیاش. ئەوان لەڕێی گەڕەکە هەژارەکانەوە تەواوی ڕۆژئاوای تورکیایان بێسوود کردووە. هەمووان دەزانن کە لەگەڵ کۆچبەرییدا ئابووری تورکیا کەوتووەتە چ دۆخێکەوە. بۆئەوەی ڕێگریی لەمە بکەم، سەرقاڵی ئەم کارانەم. یاخود مەگەر من شێتم؟ کێشەکانی تورکیا بەم ئایدۆلۆژیا فەرمییە چارەسەر ناکرێن. هەندێک قارەمانی تورکیا هەبوون. کاتێک دەنیز گەزمیش لەسێدارەدرا من هاوسۆز بووم. دروشمی وەکو "بژی خوشک-برایەتیی گەلانی تورک و کورد"ی بەرزکردەوە و لەسێدارەدرا.

 

گوێم لە ماهیر چایان گرت و گوتم؛ 'پرسی کورد هەیە، ناتوانین نکۆڵی لێ بکەین.' ئەمەم لەناو چەپەکاندا بوێرانە دەربڕی. من ئەو کاتە هاوسۆزبووم، ئەوە داهێنانی من نییە. گەنجانی تورک ئەمەیان گوت. ئەو گەنجانەی تورک ئەوە دەڵێن، منیش هاوڕێیەکی ئەوانم لە پۆلدا و چۆن نکۆڵی لێ بکەم؟ ئیسماعیل بێشکچی کتێبێکی نووسی بەناوی "سیستەمی ئەنادۆڵیی ڕۆژهەڵات، بنەما سۆسیۆ-ئابووری و ئەتنیکییەکان". مامۆستای زانکۆ ناسنامەکەمم پێ دەخوێنێتەوە. ئەگەر زۆر نەتەوەیی نەبم، مەگەر دەمتوانی نکۆڵی لەمانە بکەم؟ نەمتوانی و بە ناچاری دەستمکرد بەم کارە. دواتر فەرمانی کوشتنم درا. بۆئەوەی نەمرم زۆر بەرەنگاربوومەوە و گەیشتینە ئەم ئاستە. چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە. ئامانجم ئەوە بوو کە لە تورکیا شوێنێکی ژیان بۆ خۆشم بونیات بنێم و شوێنی کوردانیش بکەمە شوێنی جوان، کە مرۆڤی جوانی لێ دەژین. هێشتا بەم مەبەستە لەسەر پێم. مەگەر لەو هەلومەرجە دژوارەدا چی من لەسەر پێ ڕادەگرێت. 

 

نیازی دابەشکردنی تورکیاتان هەیە؟ 

گەورەترین دابەشکردن دواتر وەک چەتەکان سەریان هەڵدا. ئایا کەسێک هەیە بە ئەندازەی ئەم چەتانە تورکیا دابەش بکات؟ لە زۆر ڕووەوە دابەشی دەکەن. لە دڵەوە دابەش دەکەن. کوشتنی ئەو ژمارە زۆرەی مرۆڤ بۆ دابەشبوونی باشووری تورکیا دەگەڕێتەوە. ئایا دابەشبوونی دڵی مرۆڤەکان لەسەر ئاستێکی وا گەورە گەورەترین دابەشبوون نییە؟ تورکیا ئەمڕۆ دابەش بووە و لە هەموو گۆشەیەکەوە دەنگێک دێت، ئایا ئەمە گەورەترین دابەشبوون نییە؟ دوای ئەوەی دڵەکان تا ڕادەیەک دابەشبوون، ئێمەش کەوتینە نێو ئەوندە گێژاوەوە ئەمە دابەشبوون ییە؟ ئایا ئەوندە دزی و ڕانتخۆری زەمینە بۆ دابەشبوون ناکاتەوە؟ بە پێچەوانەوە جوانترین پێگەی یەکیتی هەڵوێستی منە. یەکێتی ڕاستەقینە، یەکێتییەک لەسەر بنەمای گەلان دامەزراوە. کاتێک کوردێک پەیوەندی لەگەڵ تورکێکدا دادەمەزرێنێت، با پەیوەندییەکی شکۆمەند درووست بکات. لە مێژە پەیوەندی نێوان گەلانم بەراورد کردووە بە پەیوەندی هاوسەرگیری. پیاو ترسنۆک و ژنێکی هەژارە و هەموو کاری ئەم پیاوە لێدان لە ژنە. ئایا ئەمە هاوسەرگیرییەکی باشە؟ نەخێر، باش نییە. ئێستا یەکێتی کورد-تورکیش یەکیەتییەکی بەمجۆرەیە. ئەم یەکێتییە جێگەی قبوڵکردن نییە. ئەگەر ئەمە یەکێتییە هەڵبوەشێنرێتەوە و لەبری ئەوە یەکێتییەک لەسەر بنەمای یەکسانی، ئازادی، یان خواستی لایەنەکان پەرەپێبدات ئەمە نابێتە یەکێتییەکی باش و سەرکەوتوو؟ 

 

جگە لە زمانی کوردی، لە تورکیا کورد-تورک وەک یەک دەچەوسێنرێنەوە؟ 

ئایا شتێکی وا دەبێت؟ بە گشتی لە تورکیا فشار و چەوسانەوە هەیە. لە ڕۆژئاوای تورکیاش لە ئەنادۆڵی ناوینیش نایەکسانی هەیە. ئەمانە قبوڵ دەکەم. هەندێک سەرچاوەی ئەمانە هەن، بەڵام پەیوەندی نێوان کورد و تورک تاڕادەیەک وابەستەبوونی ڕەسەنە. زیاتر مەترسیدایە. بەڕای من سەرچاوەی نایەکسانیەکانی دیکەیە. ئەم نایەکسانییە بنەڕەتیترین نایەکسانییە. نایەکسانی عەلەوی-سوننی، ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا لەسەر ئەم نایەکسانییە دامەزراوە. یەکبچووک بینین لەسەر ئەمە دامەزراوە. نالێهاتوویی لایەنێک لەسەر ئەمە دامەزراوە. ئەمە سەرچاوەی نایەکسانییە. بەو پێیەی پرسەکە ئەمەیە، هەموو سەرنجم تەرخان دەکەم بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە. ئەگەر چارەسەر بکرێت، هەموو ناکۆکیەکانی دیکە بەرەو یەکێتی هەنگاو دەنێت. دەمەوێت ئێوە لەم بابەتە تێبگەن. لەو باوەڕدام کە ئەمە موکینە. کاتێک ئیرادەی ئازاد هاتە دی، هیچ مەترسییەک لەو یەکێتییەدا نییە کە لەلایەن مرۆڤەکانەوە بنیات دەنرێت. 

 

ئەگەر یەکێتی کورد-تورک بەدی بێت، بەدڵنیاییەوە یەکێتی باش سەرهەڵدەدات. لە جولەمێرگەوە تا ئەستەنبوڵ خەڵک کۆبوونەتەوە و پێکەوەن. نیوەی خەڵکی جولەمێرگ لە ئەستەنبوڵن، نیوەی خەڵکی قارس لە ئیزمیرن. هیچ سوودێکی نییە کەسانێک جیابکرێنەوە کە تا ئەم ڕادەیە کۆبوونەتەوە، بەڵام ئیستەنبوڵ بەهۆی جولەمێرگەوە خەریکە ژەهراوی دەبێت. هەروەها ژەهراویبوونی دەریای ئیجە بۆ ئیجەییەکان زانراوە. چکورۆڤا خەریکە ژەهراوی دەبێت. چونکە دابەشبوونی دانیشتووانی زۆر ناڕێکە. ئەمە لەلایەن هەموو کەسێکەوە دەوترێت، ئەمە قسەی من نییە. ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بە دابەشبوونەوە نییە. دەمەوێت ئەم شتانە چاک بکرێنەوە. ڕێگە هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەمانە. 

 

ئەم ڕێگەیانە چین؟ 

ئەگەر لە پرسی ئازادییدا هەنگاوێکی دڵخۆشکەر بنرێت، وەک لە مەسەلەی کورددا ئاماژەم پێدا، دەبێت سەرەتا بوێرانە دابنیشین. لە هەموو ئاستەکان (سەربازی، ئابووری، کەلتووری، سیاسی) شاند دابمەزرێت. هەزاران کادری سیاسی هەیە. کار بە هەموویان دەکەم. لەسەر بنەمای درووست کاریان پێدەکەم. جگە لەمە هیچ ڕێگایەکی دیکە نییە. کاتێک ئەم کارانەی کوردم بەرەوپێش برد، بۆ ئەوەی کاروباری تورک سەقامگیرتر بێت، ئەم کارەم کرد. لە تورکیا پرسی گرنگ زۆرە. لەسەدا ٩٠یان دەڵێن متمانەیان بە سیاسەتمەداران نییە. گەل ئەمانەی ناوێت. کەواتە هەڵەیەک هەیە. لایەن هەیە و من بە بەرپرسیار دەزانن. دەڵێن 'ئەگەر ئێوە تەفسییە بکەین، هەموو شتێک چارەسەر دەبێت'، ئەمە درۆیەکی گەورەیە. ئاپۆ دەڕوات بەڵام هەزاران ئاپۆ دەردەکەون.

 

سەرچاوەی پرسەکە من نیم. من تازە لەدایک بووم. نوێم بۆ وەستان لەسەر پرسەکە. ڕەگ و ڕیشەی ئەمانە لە مێژوودایە و لە داهاتووشدا دەبێت. ئایا بە نەهێشتنی پرسەکانی ئەمڕۆ چارەسەر دەبێت؟ دەبیت دۆخی من وەک دەرفەتێک وەربگرن و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن. لە دۆخێکدام کە پرسە سیاسییەکان چارەسەر بکەم، ئەزموونم هەیە. با گەلی تورکیا سوود لە ئەزموونی من وەربگرن. ئەگەر ئەم سیاسەتمەدارانە متمانەیان بەخۆیان هەیە با بێن و گفتوگۆ بکەن. تەمەنم ٤٨ ساڵە، لە چیم کەمە. 

 

چیلەر ماوەیەکە دەڵێت ئێوە لاواز بوون، پەکەکە لاواز بووە، بەڵام پێموایە پێچەوانەکەیەتی. پەیوەندی دیپلۆماسی لە دەرەوەی وڵات لە لایەن ئێوە پەرەدەسەنێت. ئێستا هاوسەنگیەکانتان لە سەرانسەری جیهان چۆن گەشە دەکەن؟ 

ڕاست دەکەیت پەکەکە ئێستا چووەتە ڕێچکەی خۆیەوە. هەم لەناو ڕێکخستندا، هەم لە گۆڕەپانی دیپلۆماسی نێونەتەوەیی هەم لەسەر زەمینەی جەماوەری فراوان، پەکەکە لە بەهێزترین قۆناغی خۆیدایە. لە ڕاستیدا دەبێت ئەم درۆیەی چیلەر پووچەڵ بکەینەوە. گەلی تورکیا فریو دەدات. ڕاستە، لە نێو گەریلاکاندا سنوورداکردنێک ئەنجام دراوە. لەبری ٥٠ هەزار، لە ١٥ هەزاردا مایەوە. ئەگەر ئەمەیان بە سەرکەوتن ناو ببەن، دەتوانن بەو شێوەیە ناوی ببەن، بەڵام قسەکانیان کە گوایە چالاکییەکانمان لە شارەکاندا کەمکردووەتەوە، ڕاست نییە. چالاکییەکانی ناو شارەکان بە هەڵە دەبینین، دەڵێین کاتی نییە. بۆ نموونە کاتی دێت و دەبینیت چالاکییەکانی ناو شارەکان چۆن دەبێت. باسی ئەم شتانە دەکەم بۆ ئەوەی نیشان بدەم کە ئەو ڕاستی ناڵێت. هەندێک هەست و ئەزموونی تایبەت بە خۆمم هەیە. لە ئێستادا پەکەکە لە بەهێزترین قۆناغی خۆیدایە. ئەو جۆرە کەسە نیم کە بە هاتنی نوێنەری بیانی دڵخۆش بم. ئەگەر دەرگاکە بکەمەوە، هەموو ڕۆژێک نوێنەرانی دەوڵەتێکی بیانی سەردانم دەکەن. پێم سەیر نییە کە ئەوان بە شێوەیەکی نافەرمی بە هۆی فشاری تورکیاوە ئەو کارە دەکەن، بەڵام هەموویان بەناوی دەوڵەتەکانەوە هاتوون. کەسانێک هەن بەناوی سەرۆکی ئەمریکاوە هاتوون، کەسانێک هەن بەناوی سەرۆکی ڕوسیا هاتوون. خەڵکی چینیش هەن. چونکە من بێزارم لەمانە، زۆرێکیان ڕەتدەکەمەوە. لە ڕووی دیپلۆماسییەوە هیچ کێشەیەکم نییە. چیلەر دەڵێت کە 'لە ڕووی پڕوپاگەندە و ماددییەوە ڕێگاکەمان گرتووە'. وەرە کۆمەڵێک پارە دەدەم بە ئەو و هاوژینەکەی، ئەوان پارەیان زۆر خۆشدەوێت. بەڕاستی دەیکەم. 

 

سەرچاوەکانی داهاتی ئێوە چییە؟ دەلێن ماددەی هۆشبەرە؟ 

با بڵێین پەکەکەییەک لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیرکرا، ئامادەم هەر جۆرە سوکایەتییەک قبوڵ بکەم. نەخێر، هیچ نییە. 

 

دەگوترێت لەگەڵ حافز ئەسەد بازرگای ماددەی هۆشبەر دەکەن؟ 

بە بێگومان هیچ شتێکی بەمجۆرە بوونی نییە. 

 

سەرچاوەکانتان لە کوێوە دێت؟ 

بچوکترین پەیوەندی ئابووریمان لەگەڵ سوورییەکاندا نییە. ئێستا دیسان لە ئەورووپا کەمپینمان دەستپێکردووە. 

 

بە بەخشین ئەوندە پارە کۆدەکرێتەوە؟ 

بێگومان. هەموویان ڕوونن. دەزانن پۆلیسی ئەڵمانیا چەندە کۆنتڕۆڵ دەکەن. ١٠ ساڵ پارەی پێویستی پەکەکە هەیە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوین سەرچاوەی فاینەنس هەیە. لەلای ئێمە هەمووکەسێک قوربانییەکە. بۆ ژیانمان داواکردنی پارە بوونی نییە. ئەمەش تێچوونەکانمان زۆر کەم دەکاتەوە. بەڕاستی گەلیش هاوکاریمان دەکەن. لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەتوانین سەرچاوەیەک تەواوی پەکەکە فاینەنس بکات، بدۆزینەوە. هاوکاری زۆر هەیە. لە ئێستادا بە هیچ شێوەیەک کێشەی ماددی بوونی نییە. هیچ وڵاتێک لە ڕووی ماددییەوە هاوکاریمان ناکات. پۆلیسی ئەڵمانیا دەستی بەسەر نزیکەی ٥٠٠ هەزار مارکەکەماندا گرت. لە ڕووی ماددییەوە بەهێزین. لە ڕووی جەماوەرەوە بەهێزین. ئەگەر دەتانەوێت وەرەن لە گەل بپرسن. 

 

بودجەی ساڵانەی پەکەکە چەندە؟ 

نەمان ژماردووە بەڵام زیاتر لە ١٠٠ میلیۆن دۆلارە. 

 

ئەمە پارەیە بەسە؟ 

زیاترمان هەیە. بەو پێیەی ئێمە ناچارین بەم شێوەیە بژین، کێشەی ماددیمان نییە، بەڵام ئەگەر باسی ژیانێکی ڕەفایەت بکەیت، هیچ بودجەیەک بەشی ناکات. لەلایەنی هاوکاری، دابئنکردنی سەربازی و دیپلۆماسییەوە هیچ کێشەیەکمان نییە. پەکەکەش کێشەی ناوخۆیی زۆری نییە. پەکەکە لە ئێستادا پێشکەوتووترین قۆناغی یەکگرتوویی لەناو خۆیدا بەخۆیەوە دەبینێت. 

 

بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە شەمدین ساکیک لە سێدارە دراوە؟ 

بە هیچ شێوەیەک شتێکی لەو جۆرە نییە. ساکیک هەڵەی گەورەی کرد. ئەمەش بە خەڵکیش نیشاندرا. بۆ نموونە دۆسیەی ٣٣ سەرباز. لەسەر دەستپێشخەری خۆی پەرەی پێداوە. 

 

ئایا ئاگاداری ئەوە نەبوویت؟ 

نەخێر. دەستپێشخەرییەکە لەو هەرێمەوە بوو. هەروەها کەموڕی ئەو کەسانەش هەیە کە ئەو سەربازانەیان بەبێ چەک بردووە. ئەوێ گۆڕەپانی شەڕە. ئەو کەسانەی ئەوانیان بردووە چەکدارن، بەڵام ئەو سەربازانە بێ چەکن. لەوێ ڕووداوێک هەیە کە پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە. پڕۆڤاکسیۆنێک هەیە. پێدەچێت ئەو دۆخەش بۆ تێکدانی ئاگربەستەکە درووست کرابێت.