بەشداربووانی هەڵمەتی "سێشەممانی نا بۆ سێدارە" پشتگیری لە ناڕەزایەتی خوێندکاران دەکەن
بەشداربووانی هەڵمەتی "سێشەممانی نا بۆ سێدارە" داوایان لە ڕای گشتی کرد زانکۆ وەک قەڵای بەرخۆدان لە بەرامبەر هەموو جۆرەکانی دیکتاتۆری و توندڕەوی بپارێزن، دەڵێن: چلەمین ساڵڕۆژی زیانبەرکەوتووانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان بۆتە سیمبولێکی زیندوو.
ناوەندی هەواڵ
هەڵمەتی "سێشەممانی نا بۆ سێدارە" ڕۆژی سێشەممە ئامانجی تیشک خستنە سەر مەترسییەکانی سزای لەسێدارەدان و داوای هەڵوەشاندنەوەی سزاکەیە، ئەم هەڵمەتە بەشێکە لە پەرەسەندنی هەوڵەکان بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان، بۆ پێداچوونەوە بە یاساکانی پەیوەست بە سزاکە، لەکاتێکدا داوای جێگرەوەیەکی دادپەروەرانەتر و مرۆڤانەتر دەکرێت.
لە هەفتەی ١١٩ی خۆیدا، هەڵمەتی "سێشەممانی نا بۆ سێدارە" لە ٥٦ زیندان بەردەوامە، بەشداربووان هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆی شەریف لە تاران، زانکۆی ئەمیر کەبیر، زانکۆی هونار، زانکۆی ملی، هەروەها زانکۆی مەشهەد دەربڕی، ئەوان ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەیان بەوەکرد، چلەمین ساڵڕۆژی زیانبەرکەوتووانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان بووەتە سیمبولێکی زیندوو بۆ بەردەوامی شۆڕش و پەرەسەندنی ڕۆحی هاوپشتی گەلان، گردبوونەوەکانی ناو شارەکان، بە دروشمی دژە دەسەڵات و دژە دیکتاتۆرییەت، ڕەنگدانەوەی ئەوە بوو کە ناو و یادەوەری زیانبەرکەوتووانی سەرکوت بوونەتە هێزێکی بزوێنەری ئیلهامبەخشی گەل بۆ بەردەوامبوون لە خەبات بۆ ڕووخاندنی ڕژێم و بەدەستهێنانی دادپەروەری و ئازادی و یەکسانی.
بەشداربووان لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و کەسوکاری زیانبەرکەوتووان دەربڕی سڵاویان لە خوێندکارانی زانکۆکانی شەریف و ئەمیر کەبیر و هونار و ملی کرد، تا دەگاتە مەشهەد کە ئازایانە لە کامپەکاندا دژی نادادپەروەری دەوەستنەوە، داواشیان لە هەموو گەل کرد بەردەوام بن لە پاڵپشتی و پاراستنی زانکۆ وەک قەڵایەک لە دژی هەموو جۆرەکانی دیکتاتۆرییەت و توندڕەوی، هەروەها هۆشدارییان دا لە گۆشەگیری سەر خوێندکاران.
ئاماژە بەوە کراوە، کە ڕژێم لە ڕۆژانی ڕابردوودا دادگاییکردنی پوختەی بەڕێوە دەبات و دۆسیەی هەڵبەستراو لە دژی ئەو کەسانەی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا دەستبەسەر کراون، لە کاتێکدا کە مافی نوێنەرایەتی یاسایی و بەرگریکردن لە خۆیان بێبەش کراون و ئەشکەنجەی نامرۆڤانەیان بەسەردا سەپێنراوە، ژمارەیەکیان بە تۆمەتی هەڵبەستراوی "جەنگ دژی تیرۆر" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دوابەدوای ئەو سەرکوتانە، سزای لەسێدارەدانی مێهراب عەبدوڵا زادە، یەکێک لەو کەسانەی لە سەردەمی شۆڕشی ساڵی ٢٠٢٢دا دەستبەسەر کرابوون، لە زیندانی ورمێ پشتڕاستکرایەوە و ژیانی لە مەترسیدایە، هەروەها ڕژێمی دیسپۆتی ڕێبەری مەزن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٥٠ کەسی لە سێدارە داوە کە پێنج هێندە زیادی کردووە و تا ئێستا ٣٣ زیندانی لە سێدارە دراون.
ڕاگەیاندراوەکەدا، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەموو مرۆڤە خاوەن ویژدانەکان کراوە کە دەنگی زیندانیانی زیندانەکان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بن و ڕێگە نەدەن گیانی منداڵانی گەل ببرێتە دەستی ئەو تاوانبارانە ستەمکارانە، هەروەها داوا لە هەموو خێزانی دەستبەسەرکراوان دەکەین زانیاریی گشتگیر لەبارەی بارودۆخی کەسوکاری زیندانیکراویان بڵاوبکەنەوە، دەنگتان بەرز بکەنەوە، چونکە ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاریی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆرە.
بەشداربووان لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ڕایانگەیاند کە ٢٤ی شوبات، لە هەفتەی ١٠٩، لە ٥٦ زیندان کە ئاماژەیان پێکراوە: زیندانی ئێڤین "بەشی پیاوان و ژنان"، زیندانی قەزڵ حسار "یەکەکانی ٢، ٣ و ٤"، زیندانی ناوەندی کەرەج، زیندانی فردۆس، کەرەج، زیندانی تارانی گەورە، زیندانی قەرچک، زیندانی خورین و ورمین، زیندانی تشوبيندار، قەزوین، زیندانی ئەهار، زیندانی ئەراک، زیندانی لانغرود، قوم، زیندانی خوڕەم ئاباد، زیندانی بروجرد، زیندانی یاسوج، زیندانی ئەسەد ئاباد، ئەسفەهان.