بەرزبوونەوەیەکی مەترسیدار لە ژمارەی ئەو ژنانەی لە ماوەی مانگێکدا لە سووریا کوژراون

لە ماوەی مانگی ئایاری ڕابردوودا، ۲۸۷ کەس لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا کوژراون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە بەدەست ئاڵۆزیی ئەمنی و پەرەسەندنی توندوتیژییەوە دەناڵێنێت، دوای ئەوەی جیهادییەکانی دەستەی تەحریری شام دەسەڵاتیان لە دیمەشق گرتەدەست.

ناوەندی هەواڵ _ ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کوژرانی ٢٨٧ کەسی لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا لە ماوەی مانگی ئایاری ٢٠٢٦دا تۆمار  کردووە، کە لەنێوانیاندا ١٥ ژن هەن و لە بارودۆخی جیاوازی توندوتیژیدا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش ئاماژەیەکی نوێیە بۆ بەردەوامیی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و پەرەسەندنی ئەو مەترسییانەی کە هەڕەشە لە هاووڵاتیانی سڤیل دەکەن، بەتایبەتی ژنان.

 

بەپێی بەڵگەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، حاڵەتەکانی کوژرانی ژنان لە سووریا بەسەر چەند شێوازێکی جیاوازی توندوتیژیدا دابەش بوون؛ بە جۆرێک ژنێک لە کاتی شەڕ و پێکدادانی ناوخۆییدا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی کاتیی سووریا کوژراوە، ژنێکی تر بە تەقەی هەڕەمەکی گیانی لەدەستداوە، لە کاتێکدا ژنێکی دیکە لە ڕووداوی جیاوازدا گیانی سپاردووە، ئەمە جیا لە ژنێک کە لە بارودۆخێکی نادیاردا کۆچی دوایی کردووە.

 

هەروەها ڕوانگە کوژرانی ژنێکی تری لە پرۆسەیەکی پاکتاوکردندا بە پاڵنەری تائیفی تۆمار کردووە، پێنج ژنیش لە تاوانەکانی کوشتندا لەناو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی کاتی دا کوژراون، لەگەڵ ژنێکی تر لە تاوانەکانی کوشتن لە ناوچەکانی دیکەدا، هەروەها ژنێکیش بەهۆی تەقینەوەی بۆمی دەستی گیانی لەدەستداوە. هاوکات ڕووفاتی چوار ژنیش لە ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزراونەتەوە.

 

ئەم ئامارە گوزارشت لە بەردەوامیی کردەوەکانی توندوتیژی، فرەیی لایەنە چەکدارەکان و بڵاوبوونەوەی چەک دەکات، سەرەڕای پاشماوەکانی شەڕ کە هێشتا گیانی هاووڵاتیانی سڤیل دەکێشن، لەنێوانیاندا ژنان و منداڵان، ئەمەش لە ژێر سێبەری نەبوونی چارسەری سیاسیی کاریگەر بۆ ڕاگرتنی ئەم خوێنڕشتنە بەردەوامە.

 

ڕوانگەی سووری داواکارییەکەی بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نوێ دەکاتەوە بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان بەمەبەستی ڕاگرتنی توندوتیژی لە سووریا، کارکردن بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل و دەستەبەرکردنی لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی پێشێلکارییەکان.