بەرەی ژنانی باشووری کوردستان: بە لەسێدارەدانی ژنانی چالاکوان تەواوی کۆمەڵگە لەسێدارە دەدرێت

لە دژی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، چالاکوانی ژنان و زیندانی سیاسی، بەرەی ژنانی باشووری کوردستان لە ڕاگەیەندراویکدا ئاماژەی بەوەکرد، بە لەسێدارەدانی ژنانی چالاکوان تەواوی کۆمەڵگە لەسێدارە دەدرێت و پێویستە هەمووان ببنە دەنگی پەخشان عەزیزی.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرەی ژنانی باشووری کوردستان، لەبارەی سەپاندنی سزای لە سێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، چالاکوانی مەدەنی و زیندانی سیاسیی کورد، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: بەشێک لەو ژنە چالاکوانەی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داوای ماف و ئازادییە سەرەتاییەکانیان کردووە، ڕژێمی ئێران تۆمەتی دیکەی وەک سیاسیی و کەسی لە یاسادەرچووی داونەتە پاڵ و دواجار لەژێر ئەو تۆمەتانە سزایەک کە هی ئەو کەسانە نییە بەسەریاندا دەسەپێنێت، وەک ئەو سزایەی لە ئێستادا بەسەر ژنە چالاکوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان "پەخشان عەزیزی"دا سەپاندوویەتی.

 

"وەک ژنانی باشووری کوردستان دەنگی ناڕەزایەتی بەرز دەکەینەوە"

ئاماژەیان بەوەشداوە، وەک ژنانی باشووری کوردستان بەرامبەر دەرکردنی سزایەکی بەوجۆرە نا دادپەروەرانە لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە، شانبەشانی هەموو ژنانی چالاکوان و مافخواز دەنگی نا و ناڕەزایەتی خۆمان بەرز دەکەینەوە، بە پێویستیشی دەزانین چالاکییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دژی ئەوجۆرە سزایانە بگەیەنینە ئاستيک کە ببنە هۆی ناچارکردنی دادگا و سیاسەتی ئەو ڕژێمە بە هەڵوەشاندنەوە یاخود گۆڕینی ئەوجۆرە سزایانە.

 

داوایان لە هەموو دەزگا، دامەزراوە، پارت، ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ و ژنان کرد، کە هاوهەڵوێست و یەک دەنگ بە هۆشیارییەکی نەتەوەیی لە ئاستێکی بەرزدا ببنە دەنگی پەخشان عەزیزی، ژنە چالاکوان و هەموو زیندانیانی دیکەی سزادراو لە زیندانەکانی ئێران.

 

لە کۆتاییشدا هاتووە: بە لەسێدارەدانی ژنانی چالاکوان تەواوی کۆمەڵگە لەسێدارە دەدرێت.