ڕێبەری گەلی کورد پەیامێکی بۆ کۆنفرانسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک نارد
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ەیامێکی بۆ "کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" نارد و ڕایگەیاند ئەمڕۆ کاتی هەنگاونانە بەرەو سەرکەوتن لەسەر بناغەی سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک.
ئیستەنبوڵ
ئەمڕۆ پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی"، کۆنفرانسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی نێودەوڵەتی لە ناوەندی جەم کاراجای باکرکۆی ئیستەنبوڵ دەستپێکردو لە کۆنفرانسەکەدا پەیامی ڕێبەری گەلی کورد لە زیندانی جۆری Fـی ئاسایشی باڵای ئیمراڵییەوە خوێنرایەوە، پەیامەکە لەلایەن وەیسی ئاکتاشەوە خوێنرایەوە کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە زیندانی ئیمراڵی مایەوە و لە مانگی تەمموز ئازادکرا.
پەیامەکەی ڕێبەر بە ناونیشانی "لەڕێگەی بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە، سەرلەنوێ سۆسیالیزم بەدەست دەهێنینەوە"، بەم جۆرەیە:
"هزرمەندانی قەدرگران، هاوڕێ، زانا و نوێنەرانی خۆشەویست و هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە سۆسیالیزمە.
لە قۆناغێکدا لەگەڵتاندا قسەدەکەم، کە لە دوورگەی ئیمراڵی لە ژێر هەلومەرجی گۆشەگیریی ٢٦ ساڵەدا، بۆ پرسی کورد لە تورکیا بە لێگەڕینی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک سەرلەنوێ دانوستان لەگەڵ دەوڵەتدا دەستی پێکردووەتەوە. زۆر گرنگ و ماناداری دەبینم کە ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا دەربارەی سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی سۆسیالیزم قسەتان بۆ دەکەم.
وەک کورد، کۆتایمان بە تێکۆشانی ٥٢ ساڵەی پەکەکە بۆ هەبوون و شکۆ هێنا و لە ئێستادا پێمان ناوەتە قۆناغێکەوە کە کۆماری دیموکراتیک و کۆمەڵگەی دیموکراتیک سەرلەنوێ بونیات بنرێتەوە.
پەکەکە بە مسۆگەکردنی هەبوونی نەتەوەیی گەلی کورد ئەرکی مێژوویی خۆی بەجێگەیاند، هاوکات بنبەستی سۆسیالیزمی دەوڵەت-نەتەوەی خستەڕوو. سۆسیالیزمی سەدەی بیستەم، وەک هەنگاوێکی شۆڕشگێری نێگەتیڤ (نەفیکەر) دەرکەوت، بەڵام نەیتوانی جێگەی خۆی بگرێت. لە ساڵانی نەوەدەکاندا کە زۆرینەی خەڵکی لە سۆسیالیزم هەڵدەهاتن، من گوتم 'سووربوون لەسەر سۆسیالیزم، سووربوونە لەسەر مرۆڤایەتی' و هەموو ژیانی خۆم بۆ سەرلەنوێ درووستکردنەوەی هیوا تەرخان کرد. ئەم تێکۆشانە کە بە قوربانی مەزن بەڕێوەبردرا، لەمڕۆدا بووە بە میراتێک کە بە ڕەخنە مێژووی و پراکتیکییەکان درووست کراوە. بۆئەوەی بە شێوەیەکی درووست خاوەنداری لەم میراتە بکەین، دەبێت سۆسیالیزم لە یادەوەرییەوە وەرچەرخێنین بۆ هێزێکی زیندووی کۆمەڵایەتی کە لە ناو گەلدا دەنگ بداتەوە.
دەبێت نەریتی سۆسیالیستی لە مێژوودا، بۆ بونیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک وەک میراتێک هەژماربکرێت و ڕێگەی بەدەستهێنانی ئەمەش، بە جێبەجێکردنی ئەرکە نێونەتەوەییەکان لە تیۆر و پراکتیکدا دێتەدی.
هەرچەندە سۆسیالیزمی یۆتۆپیایی و مارکسیست لە سەدەی نۆزدە بە دواوە ڕەخنەی لە سیستەمی هەژموونگەرای سەرمایەداری گرتبێت، بەڵام نەیتوانیووە پەرە بە هەڵوێستێکی ئەنجامگیر بدات. لە ئێستادا سەرمایەداری بە تەنها قەیرانێک نییە، بەڵکو گەیشتووە بە ئاستێک کە هەڕەشە لە جۆری مرۆڤایەتی دەکات. قۆرخکاری توندوتیژی لە شێوەی دەوڵەت-نەتەوە لەم داڕمانەدا یەکلاکەرەوەیە.
هەروەک چۆن سەرمایەداری لەسەر بنەمای ئابووری ڕاڤە ناکرێت، ئاوهایش ناتوانین شکستی بزووتنەوە سۆسیالیستییەکان تەنها بە ستەم و چەوساندنەوەی سەرمایەداری ڕوون بکەینەوە. هەڵە مێژوویی و هەنووکەییەکانیش لەم دابەزینەدا کاریگەرن.
دەبێت بە درووستی لە ڕەخنەکانم لە مارکسیزم تێبگەن. من مارکس تاوانبار ناکەم؛ لە سەردەمی ئەودا مێژوو وەک ئەمڕۆ ڕۆشن نەکرابووەوە، قەیرانی ئیکۆلۆژی لە ئارادا نەبوو، سەرمایەداریش لەسەردەمی گەشەکردنی خۆییدا بوو. وێڕای هەموو ئەمانەش مارکس ئایدیۆلۆژیستێکی زۆر متمانە بەخۆبوو، بەردەوام ڕەخنەی لەخۆیشی دەگرت. هەستی بە ڕزگاری ژنان دەکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی گشتگیرانە شرۆڤەی دەکرد، لە قوڵاییەکەی تێنەدەگەشت، پێی وابوو گەر ڕەنجخۆری ئابووری تێپەڕ بکرێت، ئەوا پرسەکانی ژنیش تێپەڕ دەبێت. هەوڵی دەدا تەنها لە ڕێگەی 'چینایەتی'ەوە مێژووی کۆمەڵایەتی ڕاڤە بکات و نەیتوانی وەک پێویست شیکاری دەوڵەت و دەوڵەت-نەتەوە بکات. بەم هۆکارە دەرەنجامی سەخت کەوتەوە و خۆی دەرخست. لەگەڵ هەموو ئەم ڕەخنانەشدا، دەمەوێت بڵێم، ڕێز لە کارەکانی مارکس دەگرم، هیچ گومانێکم لە نیازەکانی نییە و مارکسیزم بەشێوەکی جیاواز لە مارکس هەڵدەسەنگێم. تەنانەت گەر لەسەر هەندێک بابەتی بنەڕەتی ڕەخنە لە مارکسیزم و سۆسیالیزمی بونیاتنراویش بگرین، ئەوەی وەک سۆسیالیست هەستی پێدەکەین، خۆڕەخنەکردنە.
پێویستە هێزە دژە سیستەمەکان، ماتریاڵیزمی مێژوویی سەرلەنوێ پێناسە بکەن، کە لەگەڵ ڕاستیی مرۆڤەکاندا بێتەوە. گرنگە مرۆڤ لەوە تێبگات کە سەرمایەداری لە سەدەی ١٦ـدا "لە ئاسمان نەکەوتە خوارەوە"، ڕەگوڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەرەوپێشچوونی شارستانییەتی ١٠ هەزار-١٢هەزار ساڵی لە میزۆپۆتامیای خواروو. ناوەندەکانی وەکو گردی مرازان و گردی کەچەل ئەم دەستپێکە مێژووییە ڕووندەکەنەوە. لەبەرئەوە، من ڕاستتر دەبینم کە سیستەمی شارستانییەتی هەنووکەیی بە "سیستەمی بکوژی کاستیکی کۆمەڵایەتیی" ناوببەم. بەڵگە ئارکیۆلۆژی و ئەنترۆپۆلۆژییەکان نیشانی دەدەن کە کاستە ڕاوچییە پیاوەکان، بە بەکارهێنانی ئەو تەکنیکانەی کوشتن کە پەرەیان پێ داوە، دەستیان بەسەر کۆمەڵگەی کڵانە ژنسەنتەرەکاندا گرت و ژنانیان کردە کۆیلە. ئەمە قووڵترین شکستە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. لە هەمان کاتدا شۆڕشێکی پێچەوانەی گەورەیە کە هەموو پێشکەوتنەکانی شارستانییەتەکانی پێش خۆی دیاریکردووە.
شیکردنەوەی سەرمایەداری لە دیدگایەکی مێژووییەوە ئاسۆمان زۆر فراواندەکات. ئەم سیستەمە نەک تەنها ناکۆکییە ناوخۆییەکان لەناو کۆمەڵگەدا قووڵدەکاتەوە، بەڵکوو لەهەمان کاتدا بە پەرەپێدانی سیستەمەکانی چەکی کیمیایی و ئەتۆمی کە دەتوانن گەلەئەستێرەیەک وێران بکەن، بە پیسکردنی ئاووهەوا و بە تاڵانکردنی سەرچاوەکانی ژێر زەوی و سەر زەوی ژینگە وێراندەکات و بەم شێوەیە کۆتایی بە مرۆڤایەتی دەهێنێت. لە ئەرکە سەرەکییە نێونەتەوەییەکانە کە سەبارەت بەم ڕاستییە، شیکارێکی سەرمایەداریی نوێ پێشکەشی مرۆڤایەتی بکرێت.
پێویستە مێژووی ژێردەستان بە دیدگای ئەو کۆمۆنەی کە پێکهاتەیەکی خۆپاراستنە و لە چین لەپێشترە، لێی بکۆڵدرێتەوە. بۆ ئەمە دیدگایەکی مێژوویی پێویستە کە کڵانە سەرەتاییەکان وەکو سەرەتای کۆمۆنەکان دەبینێت و دەیگەیەنێتە ئەو چینەی کە ئەمڕۆ ئێمە پێی دەڵێین چینی پرۆلیتاریا یاخود دەیگەیەنێتە هەموو گەلانی ژێردەست.
لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە دەڵێین کە مێژوو تەنها لە تێکۆشانی چینایەتیدا سنووردار نییە. ئەمەش لەخۆدەگرێت و ڕاستترە کە مێژوو وەکو پرۆسەی پەیوەندی و پێکدادان لەنێوان پێشکەوتنی کۆمۆناڵ و پێشکەوتنی دژە کۆمۆناڵدا بخوێنرێتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٣٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر.
من بڕوام وایە کە کۆنفرانسەکەتان لەسەر بنەمای ئەو شیکارییە تیۆرییانەی کە پێشکەشم کردوون، گفتوگۆی گرنگ پێشدەخات کە بەشداری دەکات لە تێگەیشتنێکی نوێ بۆ بەرنامە و ڕێکخستنی سیاسی. ڕێبازی بنەڕەتی لەم پڕۆسەیەدا ماتریاڵیزمی دیالەکتیکە. بەڵام دەبێت قاڵبەکانی دیالەکتیکی کلاسیک تێپەڕێنرێن. دەبێت ئێمە ناکۆکییەکان نەک وەک ئەو بەشانەی کە یەکتر لەناو دەبەن، بەڵکو وەک دیاردە کۆمەڵایەتییەکان کە یەکتر بەهێز دەکەن ببینین، چونکە بەبێ کۆمۆن دەوڵەت بوونی نییە، بەبێ بۆرژوازیەت پرۆلیتاریا بوونی نییە. لەبەر ئەوە، دەبێت ئێمە ناکۆکییەکان نەک بە عەقڵیەتێکی وێرانکەر، بەڵکو بە ڕوانگەیەکی مێژوویی وەرچەرخێنەر دەستنیشان بکەین.
پێشکەوتنە زانستییەکانیش نیشانی دەدەن کە رێبازی دیالەکتیک تاوەکو ڕەها نەکرێت، لە شیکاریی کۆمەڵایەتیدا ئامرازێکی کاریگەرە. لەم چوارچێوەیەدا، نوێکردنەوەی دیالەکتیکی کۆمۆن-دەوڵەت و چین-دەوڵەت پێویستە. شکستخواردنی سۆسیالیزمی راستەقینەی سەدەی ٢٠ لە شیکارکردنی هەڵەی ئەم دیالەکتیکە مێژووییەوە سەری هەڵدا: هەرچەندە سۆسیالیزمی دەوڵەتگەرا دەوڵەتی بەدەستخست، بەڵام لە کۆتاییدا لە بەرامبەریدا تێکشکا. بە بەستنەوەی مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکان بە دەوڵەتی نەتەوەییەوە، لەناو سنووری سیاسەتەکانی بۆرژوادا خنکا. چەمکی "دەوڵەت-نەتەوەی پرۆلیتار" جگە لە بەرهەمهێنانەوەی زیهنیەتی دەوڵەتگەرا ئەنجامێکی تری دروست نەکردووە.
من ئەم حەقیقەتەم بە شێوەیەکی ڕاست شیکارکرد کرد و گوتم: سۆسیالیزمی دەوڵەت-نەتەوە مرۆڤ بەرەو شکست دەبات، سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، مرۆڤ بەرەو سەرکەوتن دەبات. ئەمڕۆ کاتی رێپێوانە بەرەو رزگاریی دیموکراتیک لەسەر بنەمای سۆسیالیزمی دیموکراتیک.
من لەم ڕێیەدا باوەڕم وایە کە ئێمە لەبری دەوڵەت، بە دیدگای کۆماری دیموکراتیک، نەتەوەی دیموکراتیک و بە پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بۆ ژنانی ئازادیپارێز، ئیکۆلۆژیک و دیموکراتیک سەردەکەوین.
ئەو زیهنییەتە تەڤگەرەکەمانی گەیاندووەتە نۆژەنبوونەوەی ئایدۆلۆژی و سیاسی، داینامیزمی ڕێکخراوەیی و گەلپارێز و بەرەو بەرنامەیەکی سۆسیالیستی بردووە کە دەتوانێت وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی ئەم سەدەیە بێت.
پەیوەندیی سۆسیالیزمی دیموکراتیک لەگەڵ دەوڵەت لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەریدا سەرلەنوێ شێوەدەگرێت. من پەیوەندیی خۆم لەگەڵ دەوڵەتدا وەکو پەیوەندییەکی دیموکراتیکبوون پێناسەدەکەم. لە تێڕوانینی کۆماری دیموکراتیکدا وا پێویست دەکات کە دەوڵەت وەکو هێزێکی ئیلاهی لەسەر کۆمەڵگە نەبێت، لە چوارچێوەی پەیمانێکی دیموکراتیکدا لەگەڵ کۆمەڵگەدا کار بکات. بە ستراتیژیی سیاسیی دیموکراتیک، دەشێت لەناو دەوڵەتدا گۆڕان و گۆڕانکاری ڕووبدات و کۆمەڵگە لەسەر بنەمای دیموکراتیک سەرلەنوێ دابمەزرێنرێت.
جێگیرکردنی ئەم ستراتیژە لە یاسادا، بناغەیەکی هەمیشەیی بۆ ئاشتی دادەنێت. یاسا، وەکو میکانیزمێکی پاراستن و هاوسەنگیی پەیوەندیی دیموکراتیک لەنێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەدا، ئامڕازێکی چارەسەرییە کە ڕێگری لە توندوتیژی دەکات. لە هەمان کاتدا ڕۆڵی دەبێت لە ڕێکخراوەییکردنی دامەزراندن و ڕەوایەتیی کۆماری دیموکراتیک و سەرلەنوێ دامەزراندنی سیستەمی کۆمەڵایەتیدا.
یەکێک لەو ئارگومێنتانەی کە من وەکو ستراتیژێکی سەرەکیی تێکۆشان پێشکەشم کرد، ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک و چەمکە یاساییەکەی بوو. یاسای ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک، کە تێیدا یاسا لە ڕێی نۆرمە تاکەکەسی و جیهانی و مافە کۆلەکتیڤەکانەوە بۆ بەرژەوەندیی کۆمەڵگە سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە، پێویستە لەسەر سێ پرەنسیپی سەرەکی دابڕێژرێت:
-یاسای هاووڵاتییبوونی ئازاد
-یاسای ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک
-یاساکانی ئازادی
یاسای ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک هەم دەوڵەت دەگۆڕێت بۆ دەوڵەتی نۆرمەکان و هەم بوونی کۆمەڵگەی وەدەستهاتوو بە شێوەیەکی دامەزراوەیی مسۆگەر دەکات و بەم شێوەیە ئازادیی خۆی بەدەستدەهێنێت. پرۆسەی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کە من دەستم پێ کرد، پرۆسەیەکی دیالۆگە. لە ناوچەیەکی وەکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئیتنیک، ئایین و مەزهەبی جۆراوجۆری لێیە، زۆر شت هەیە کە لە ڕێی دیالۆگ و دانوستانی دیموکراتیکەوە بەدەستبهێنرێت. بەڕاستی، من باوەڕم وایە کە سۆسیالیزمێکی مانادار لەبری مامەڵەیەکی شۆڕشگێڕیی توندوتیژ، گونجاوترە کە خۆی وەکو سیستەمێکی ئەرێنیی دامەزراندن و بوون ڕێکخراو بکات و ئەمەش بە شێوەی دیالۆگی دیموکراتیک پێکبێنێت. زەحمەتە مرۆڤ باوەڕ بەوە بکات کە سۆسیالیزم بەبێ دیالۆگێکی دیموکراتیکی بەرفراوان و قووڵ دابمەزرێنرێت؛ گەر داشبمەزرێت هەمیشەیی بێت.
لینینیش گوتوویەتی، "سۆسیالیزم بەبێ دیموکراسییەکی بەرفراوان و پێشکەوتوو دانامەزرێت".
بەم بیر و باوەڕە، هیوادارم کە کۆبوونەوەکەمان بە سەرکەوتوویی تێپەڕێت و سڵاو و خۆشەویستیی هەڤاڵێتیی بێپایانی خۆمتان پێشکەش دەکەم.
٦/١٢/٢٠٢٥
عەبدوڵا ئۆجالان
دوورگەی ئیمراڵی".