بەرپرسی ناوەندی هەمدەم زەهرا حاجی دەستگیرکرا
زەهرا حاجی، بەرپرسی ناوەندی چاکسازیی ”حەمدەم” بۆ منداڵانی کچانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بە تۆمەتی دژایەتیکردنی جێگیرکردنی هێزەکانی سپای پاسداران دەستبەسەر کرا.
ناوەندی هەواڵ
هەرچەندە ماوەی مانگێکە شەڕی ئێران بەردەوامە و قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیی لێکەوتووەتەوە، فشارە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەبن و ژنان و گەنجان زۆرترین ئامانجی ئەم فشار و قەیرانانەی ئێستان. ڕۆژانە بەلانیکەم ژنێک یان گەنجێک بە تاوانی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دەسەڵات و حکومەت دەستبەسەر و دەستگیر دەکرێن.
”بە تۆمەتی ناڕەزایەتیدەڕبڕین دەستگیرکرا”
بەپێی هەواڵی ئەمڕۆ، کە لەلایەن هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دامەزراوەکانەوە هاوبەش کراوە، ڕاگەیاندراوە، کە زەهرا حاجی، بەرپرسی ناوەندێکی چاکسازیە بۆ منداڵانی کچانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە مەشهەد، بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە جێگیرکردنی هێزەکانی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی دەستبەسەر کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، شەممەی ڕابردوو سوپای پاسداران سەردانی ناوەندی چاکسازیی ”حەمدەم”ی کرد کە منداڵانی کچانی خاوەن پێداویستی تایبەت تێیدا نیشتەجێیە و ویستوویانە ٥٩ ئەندامی هێزەکانیان لەوێ دابنێن، دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی ناوەندێکە ناڕەزایی خۆیان لە دانانی ئەوان دەربڕی، دەستبەجێ هێرشیان کردە سەری و دەستگیریان کرد.
ڕاپۆرتەکە هیچ وردەکارییەکی زیاتری سەبارەت بە ناسنامە، شوێن و بارودۆخی ئەو ژنە دەستگیرکراوە نەخستووەتەڕوو، بەڵام ماڵپەڕەکانی میدیای دیجیتاڵی دکتۆر زەهرا حاجیان وەک بەرپرسی ناوەندەکە ناساندووە.