بەرپرسێکی نەتەوەیەکگرتووەکان: لە غەززە شوێنی پارێزراو بۆ ژنان نییە

لە کەرتی غەززە زیاتر لە ١٠ هەزار ژن و زیاتر لە ٦ هەزار دایک گیانیان لەدەستداوە، هەروەها هێرشەکان بێ وەستان بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

ماریس گویمۆند، نوێنەری تایبەتی نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ژنان لە فەڵەستین، لە میانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ، ئاماژەی بەوەکرد دوای سەردانێکی هەفتەیی بۆ غەززە، هەموو ئەوانەی لەوێن دەپرسن کەی دەتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و داوای وەستاندنی شەڕ دەکەن.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەست دەکات وەک ئەوەی لە جیهانێکی وێراندا گیری خواردووە، ماڵ، نەخۆشخانە،خوێندنگە و زانکۆکانی کەرتی غەززە وێران بوون، وتی: کاتێک بەرەو ناوەڕاستی کەرتی غەززە دەڕۆیت، خەڵک دەبینیت لە برسێتیدا گیریان خواردووە و لە چادرەکاندا دەژین، هەروەها هیچ شوێنێکی پارێزراو بۆ ئەوان نییە و ناتوانن هیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی بەدەستبهێنن.

 

زیاتر لە ٦ هەزار دایک گیانیان لەدەستدا

ماریس گویمۆند باسی لەوەکرد، دوای نزیکەی ٩ مانگ لە شەڕ، خەڵک لە ئاسایشی خۆراک، شوێنی نیشتەجێبوون، چاودێری تەندروستی، ئامڕاز و توانای دابینکردنی بژێوی ژیانیان بێبەش دەبن.

 

ڕوونیشیکردەوە، خەڵکی غەززە دەیانەوێت شەڕەکە بوەستێت و هەر ژنێکم لە غەززە ناسی، چیرۆکی لەدەستدانی ئەندامانی خێزانەکەی هەیە، هەروەها زیاتر لە ١٠ هەزار ژن و زیاتر لە ٦ هەزار دایک گیانیان لەدەستداوە.

 

هەزاران نەخۆش چاوەڕێی چارەسەری پزیشکی دەکەن

ڕیچارد پاپەر کۆرپ، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە فەلەستین ڕایگەیاند، لانیکەم ١٠ هەزار نەخۆش لە غەززە پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی هەیە، هەروەها لە ٧ی ئایارەوە کە دەروازەی سنووری ڕەفەح داخراوە، هیچ چارەسەرییەک ڕووی نەداوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ٧ی ئایارەوە زیاتر لە ملیۆنێک کەس ناچاربوون ڕەفەح بەجێبهێڵن.

 

ئەوەشی خستەڕوو، ٢٦ بارهەڵگری فریاگوزاری سەر بەڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و پزیشکانی بێسنوور لە بەندەری عەریشی میسر چاوەڕوان بوون، بەرەو سنووری کەرەم ئەبو سەلیم بڕۆن بەڵام ڕێگرییان لێکرا لە گەیاندنی یارمەتییەکان.

 

ڕوونیشیکردەوە، لە٧ی تشرینی یەکەمی٢٠٢٣ەوە چوار  هەزار و ٨٩٥ نەخۆش لە غەززە گواستراونەتەوە بۆ دەرەوەی غەززە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە کۆی ٣٦ نەخۆشخانەی غەززە ١٧ نەخۆشخانە دەتوانن خزمەتگوزاریی پێشکەش بکەن.