بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی پابەندبوونێکی سەرەکییە بۆ هەموو کۆمەڵگە
پەیوەندییەکانی ناو خێزان کە بە تێگەیشتنی کۆمەڵایەتی دوای سەرهەڵدانی خاوەندارێتی تایبەت لە قاڵب دراون، هەوڵ دەدەن لەگەڵ پاشماوەی پەیوەندییەکانی کۆنترۆڵکردنی سیستەمی پیاوسالاریدا بەردەوام بن، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئەرکێکی گەورەیە بۆ هەموو کۆمەڵگا.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2025/02/20250205-jpg1227ca-image.jpg)
ماجیدە فەتحی ڕەوشەن - پارێزەری میسری
توندوتیژی دژ بە ژنان یەکێکە لە مەترسییە گەورەکان بۆ سەر هەوڵەکان بۆ باشترکردن و بەهێزکردنی پێگەی ژنان، بۆیە پێویستە بڕیاردەران سیاسەت و بەرنامە بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان دابنێن، بۆیە دەبێت بە قووڵی لە هۆکارەکانی توندوتیژی و هۆکارە پەیوەندیدارەکان تێبگەین، جگە لەوەش پێویستە لە ڕێگەی شیکاری و لێکۆڵینەوەی گشتگیرەوە لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندروستی ژنان بکرێت.
توندوتیژی دژی ژنان تەنیا دیاردەیەکی تایبەت بە کۆمەڵگا میسری یان عەرەبییەکان نییە، بەڵکو کێشەیەکی جیهانیشە، داتا فەرمی و نافەرمیەکان ئەم ڕاستییە پشتڕاست دەکەنەوە، هەروەها پێناسە و مەودای توندوتیژی بە تێپەڕبوونی کات فراوانتر بووە، پراکتیزەکانی وەک ڕەتکردنەوەی مافی خوێندن، هاوسەرگیری زۆرەملێ، یان ناچارکردنی ژنان بۆ منداڵبوونی کوڕ، ئێستا وەک بەشێک لە توندوتیژی دژی ژنان وەرگیراون.
سەرەڕای گۆڕانکاری لە پێگەی ژنان، پەیوەندییە ڕەگەزییە کۆمەڵایەتییەکان لە ناو خێزاندا هێشتا بەهۆی نۆرمەکانی پیاوسالاری مێژووییەوە لە قاڵب دراون، ئەم دۆخە دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی شێوازەکانی توندوتیژی و فشاری کۆمەڵایەتی لەسەر ژنان.
لە زۆربەی کۆمەڵگاکاندا یاساکانی بنەماڵە ژن وەک درێژەپێدەری مێرد و موڵکی مێرد قبوڵ دەکەن، ئەمەش تێڕوانینێکی دروستکردووە کە پیاوان مافی بێسنووریان بەسەر ژن و منداڵەکانیاندا هەیە، هەروەها بووەتە هۆی ئەوەی توندوتیژی دژی ژنان ببێتە نۆرمێکی کۆمەڵایەتی.
پەیوەندی نێوان پەروەردە و توندوتیژی
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە ڕێژەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زیادی کردووە و ئەمەش بە تایبەتی لە نێو ئەو ژنانەی کە ئاستی خوێندنیان کەمە، ژنانی نەخوێندەوار زیاتر تووشی توندوتیژی دەبن، جگە لەوەش لەگەڵ زیادبوونی هێزی بڕیاردانی ژنان لەناو خێزاندا، ڕێژەی توندوتیژییش کەم دەبێتەوە.
ئەو سترێئۆ تایپانەی کە ڕێگری لە بەهێزکردنی ژنان دەکەن و ڕۆڵی ڕەگەزی کۆمەڵایەتی نایەکسان بەهێز دەکەن، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان، نموونە: ئەو بیرۆکەیەی کە بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا مافێکی تایبەتە بە پیاوان، دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسی، بێدەنگی ژنان کاتێک تووشی توندوتیژی دەبن، و بێمتمانەیان بە هێزە ئەمنییەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، توندوتیژی توندتر و فراوانتر دەکات، هەروەها تێڕوانین بۆ توندوتیژی دژی ژنان بەپێی وڵات و پێگەی کۆمەڵایەتی ژنان جیاوازە، بۆ نمونە هەندێک لە ژنان توندوتیژی هاوبەشی ژیانیان بە توندوتیژی نابینن.
جۆرەکانی توندوتیژی کە ڕاستەوخۆ زیانی جەستەیی لێناکەوێتەوە (بۆ نموونە فشاری ئابووری، ڕێگریکردن لە مافی خوێندن، یان سنووردارکردنی مافی دەربڕینی بیرۆکە) لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا بە توندوتیژی پێناسە ناکرێت.
هۆکار و دەرئەنجامەکانی توندوتیژی دژی ژنان
توندوتیژی دژی ژنان کێشەیەکی فرەلایەنە و لایەنی ئابووری، یاسایی، کولتووری و کۆمەڵایەتی هەیە. هۆکاری توندوتیژی هەندێک جار لای خودی ژنەکە و هەندێکجاریش لای تاوانبارەکەیە، بەڵام بنەڕەتیترین فاکتەر داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و دواکەوتووییە کە ئەم توندوتیژییە ئاسایی دەکاتەوە.
ئەنجوومەنی نیشتمانیی ژنانی میسر لێکۆڵینەوەی مەیدانی بەرفراوانی لەسەر پرسی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجامداوە، لەم لێکۆڵینەوەیەدا نەک تەنها لە ژنان، بەڵکو لە پیاوانیشدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە. هەندێک داتای گرنگی توێژینەوەکە بریتین لە:
لەسەدا ٦٢ی ژنان تووشی توندوتیژی دەروونی دەبن، هەروەها لەسەدا ٢٨ لەلایەن هاوبەشەکانیانەوە تووشی توندوتیژی جەستەیی دەبن، زۆرجار پیاوان بە هێنانەوەی ئەم هۆکارانە پاساو بۆ توندوتیژی دژی ژنان دەهێننەوە: سەختی ئابووری و کێشەی دابینکردنی بژێوی ژیان، فشار و کێشەکان کە لە شوێنی کاردا تووشی دەبن، زەماوەندی ژنان بۆ هاوبەشی ژیانیان!
پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان توندوتیژی دژی ژنان و مافی ژنان بۆ قسەکردن لە خێزاندا، تا ژنان بەهێزتر بن، توندوتیژی کەمتر دەبێتەوە، توندوتیژی جەستەیی و دەروونی دژی ژنان زیان بە تەندروستی سێکسیان دەگەیەنێت و ڕێگری لە ئەرکەکانیان دەکات وەک دایک و هاوسەر و کارمەند، کاریگەرییە دەروونییە باوەکان لەسەر ئەو ژنانەی کە تووشی توندوتیژی دەبن بریتین لە: لەدەستدانی خۆبەگەورەزانین و هەستکردن بە بێ بەهایی، دابڕانی کۆمەڵایەتی (خۆبڕین لە کۆمەڵگا)، و هەستکردن بە تاوانباری بەرامبەر بەو توندوتیژییە.
توندوتیژی دژی ژنان تەنیا کێشەیەکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو جۆرێکی جددی هەڵاواردنە کە بەشداری ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا سنووردار دەکات، ئەم توندوتیژییە کە دەرئەنجامێکی مێژوویی ناهاوسەنگی دەسەڵاتە لە نێوان ژن و پیاودا، تا ڕادەیەکی زۆر ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی ژنان پێشێل دەکات.
کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی ژنان باس لەوە دەکات کە توندوتیژی دژی ژنان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و ڕێگری لە مافی یەکسانی ژنان و پیاوان دەکات. بۆیە وەک چۆن بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پێویستییەکی مرۆڤایەتییە، بە هەمان شێوەش ئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقیشە، پێویستە دەوڵەت چاکسازی یاسایی جێبەجێ بکات و بەرنامەی کۆمەڵایەتی پەرەپێبدات و هۆشیاری کۆمەڵایەتی بەرز بکاتەوە بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی.
توندوتیژی دژی ژنان کێشەیەکی جیهانییە
توندوتیژی دژی ژنان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە و لە هەموو جیهاندا بوونی هەیە، لە هەموو کۆمەڵگاکان و چینە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو تەمەنەکان و هەموو کولتوورەکاندا زاڵە، بەبێ گوێدانە ڕەچەڵەکی نەتەوەیی، ئایین، ئاستی خوێندن، یان باری ئابووری، هەموو ژنان تووشی توندوتیژی دەبن.
توندوتیژی وەک ئامرازێک بۆ ڕێگریکردن لە ئازادی ژنان لە کۆمەڵگەی پیاوسالاریدا بەکاردەهێنرێت، توندوتیژی وەک ئامرازێکی چەوساندنەوە بەکاردێت، چونکە دەستکەوتە ئابوورییە سەربەخۆکانی ژنان و زیادبوونی بەشداریکردن لە ژیانی سیاسی و گشتیدا هەڕەشە لە سیستەمی پیاوسالاری دەکات.
گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی پێویستییەکە لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا
توندوتیژی دژ بە ژنان بەربەستێکە کە ڕێگری دەکات لە بەشداری چالاکانەی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریدا، هەروەها بارگرانییەکی ئابووری بۆ دەوڵەتەکان دەهێنێت، پێویستە خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ قوربانیانی توندوتیژی هەبێت، پێویستە ڕێوشوێنی یاسایی و تێچووی دادگاییکردن لەبەردەستدا بێت و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت، هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی نەک تەنها بۆ ژنان، بەڵکو بۆ هەموو کۆمەڵگا ئەرکێکی گەورەیە.