بەرخۆدان لە ڕۆژی نۆیەمدایە: ئێمە تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین
هەوڵەکانی سوپای عێراق بۆ گەمارۆدانی کامپی پەنابەرانی مەخمور بەردەوامە و گەلی کامپەکە لە ڕۆژی نۆیەم بەردەوامن لە هەڵوێستی بەرخۆدانیان.
مەخمور
لە ٢٠ی ئایار، سوپای عێراق هەوڵیدا کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور بە تەل و قولە گەمارۆ بدات، خەڵکی کامپەکە لە دژی ئەم هەوڵە چادریان داناوەو بەردەوامن لە بەرخۆدان، بەرخۆدانی خەڵکی کامپەکە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە لە ڕۆژی نۆیەمدا بەردەوامە.
ژنانی کامپی مەخمور کاردانەوەیان بەرامبەر هەڵوێستی سوپای عێراق نیشانداو بۆچوونی خۆیان دەربڕی.
"ئەم هێرشانە یەک لایەنە نین"
قازێ تاڵی ئاماژەی بەوەکرد تا کۆتایی چالاکییەکەیان بەردەوام دەبێت و وتی: هێرشەکانی سەر مەخمور شەرمەزار دەکەین، لە ڕاستیدا ئەم هێرشانە تاکلایەنە نین، بەڵکو نێودەوڵەتین، دانیشتوانی کامپەکە بۆ ماوەی ٩ ڕۆژ لەسەر پێی خۆیان بوون، ئێمە لە دۆخێکی زۆر سەختداین، هەم گەرم و هەم تۆز، ٩ ڕۆژە بەرگری بەرگری دەکەین هەتا چارەسەرێک دەدۆزرێتەوە، هەرکەسێک دەڵیت من شەرەفم هەیە دەبێت خاوەنداری لە خاک و زمانی خۆی بکات.
"هەموو خەڵکی ئێرە منداڵ و مەدەنین"
قازێ تاڵی داوای لە هەموو گەلی کورد لە هەموو شوێنێک کرد خاوەنداری لە کامپەکە بکەن و وتی: ئەگەر ئەم کەسانە بە تەنها بمێننەوە، زۆر ڕووداوی ناخۆش لە داهاتوودا ڕوودەدات، داوا لە هەموو کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەین کە خاوەنداری لە مەخمور بکەن و هەرکەس هەستێتە سەرپێ کۆتایی بەم گەمارۆیەی سەر مەخمور دێت، چەندین ساڵە ئەم کەسانە لەژێر ستەمدان، بەم شێوەیە ئەم ستەمکارییە خراپتر دەکەن، ئێمە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە دەڵێن من پارێزگاری لە مافەکانی مرۆڤ دەکەم بێنە دەنگ، هەم منداڵان، هەم خەڵکی مەدەنی دەکوژرێن.
"ناتوانن ئیرادەی ئێمە بشکێنن"
قیمەت ئونڤەر ئاماژەی بەوەکرد ئەوان هەرگیز گەمارۆدان قبوڵ ناکەن و وتی: حکومەتی عێراق گەمارۆی داوین و دەیەوێت قولە دروست بکات، ئەمە قبوڵ ناکەین، بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانمان، ئێمە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵە بەرگری لە خۆمان دەکەین، لە کاتی هێرشی داعشدا، حکومەتی عێراق هەڵهات، بەرگری لە خۆی نەکرد، ئایا ئێستا ئێمە دەپارێزێت؟ تا دوا دڵۆپی خوێنمان خۆمان دەپارێزین، ناتوانن ئیرادەی ئێمە بە تەلبەند بشکێنن، ئێمە بەرگری و بەرخۆدانمان هەیە، هەرگیز خۆبەدەستەوەدان قبوڵ ناکەین، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین ئەم کارە ڕابگرێت.
"بەرخۆدانی ئێمە بەردەوام دەبێت"
قیمەت ئونڤەر ئاماژەی بەوەدا ژنان هەرگیز دەستبەرداری بەرخۆدانەکانیان نابن و وتی: زۆربەمان ژن و دایکین، بۆ بەرگری کردن شەو و ڕۆژ ئێشکگرین، بەرخۆدانی ئێمە بەردەوام دەبێت، حکومەت درۆ دەکات سەبارەت بەو بەڵێنانەی کە دەیدات، ئەوان بەڵێن دەدەن و ڕۆژی دواتر بەردەوام دەبن لە کارەکانیان، ئێمە باوەڕمان بە بەڵێنەکانیان نییە، لە بەرخۆداندا دەبین هەتا واز لە کارەکانیان دەهێنن و دەڕۆن.