ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجالان: دەبێت سیاسەت هێزی خۆی بۆ بنیاتنانی دیموکراسی نیشان بدات
شاندی ئیمرالی سەبارەت بە دیداری دوێنێی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاندووە، کۆمەڵگەی دیموکراسی ئایندەیەکی ئازاد و یەکسانە بۆ هەمووان.
ناوەندی هەواڵ
شاندی ئیمراڵی دەم پارتی سەبارەت بە دیدارەکەی دوێنێیان کە لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامیان دا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی شاندەی ئیمراڵی بەم شێوەیەیە:
“لە ٢٢ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ـدا وەک شاندی ئیمراڵی، لە دوورگەی ئیمراڵی دیدارێکمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دا.
هەروەک لە مانگی ڕابردوودا لە ڕای گشتیدا بڵاو ببووەوە، بینیمان کە بەڕێز ئۆجالان لەناو زینداندا گواستراوەتەوە بۆ ئەو شوێنەی تازە دروست کراوە. ڕوونە کە ئەمە بۆ بارودۆخی کارکردن و ژیان پێشهاتێکی باشە. ئەوەی ئێستا پێویستە بکرێت ئەوەیە دەرفەتی پەیوەندیکردن بڕەخسێنرێت تا بەڕێز ئۆجالان بتوانێت کارە گەورە دوو ساڵانەکەی سەبارەت بە هاوبەشیی مێژوویی و ئاشتیی نێوان تورک و کورد، بۆ میدیا و ڕای گشتی ڕابگەیەنێت. لە قۆناغی ئێستای پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا، پێویستە لیژنەکانی چوارچێوەی یاسای چوارچێوە دەست بە کار بکەن و زەمینەی یاسایی بێتە ئاراوە.
بەڕێز ئۆجالانیش لەم قۆناغەدا وەک سەرپەرشتیکاری ئاشتی و بەسیاسیبوون، پێداگرە لەسەر ئەوەی کارەکانی زیاتر قووڵ بکاتەوە و درێژەیان پێ بدات.
هەڵسەنگاندنەکانی بەڕێز ئۆجالان لە دیدارەکەدا بە کورتی بەم شێوەیەن:
لەبەردەم قۆناغێکداین کە لایەنی کردارییەکەی بەهێزە و لە مێژووی کۆماردا دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە. بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە تێپەڕێنین و بچینە قۆناغێکی نوێوە، پێویستە بە هەموو شێوەیەک بیر بکەینەوە و کار بکەین و دەبێت ئاگاداری مەرترسییەکانیش بین.
پێویستە لە تورکیا سیاسەت لەنێوان گوشار، هەراسانکردن و کاردانەوەدا گیر نەخوات. کاتێک ئەم دۆخە گۆڕەپانی سیاسیی تورکیا دادەخات، مەترسییەکی جددی هەیە کە هێزە نادیموکراسییەکان، دیسانەوە بکەونە جوڵە هەروەک چۆن بە درێژایی مێژووی کۆمار ڕوویداوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم هێزانە هەمیشە، لە سەرووی هەموویانەوە کورد و هێزەکانی ئاشتی و دیموکراسی بوون و دەیانەوێت بەم ئامانجە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و سیاسی تێک بدەن. لەبەر ئەوەی ئەم پڕۆسەیەی بە وردی بەڕێوەی دەبەین، بۆ وڵات و ناوچەکە خاوەنی هێزێکی گەورەی وەرچەرجانە، هەمیشە هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن پیلان و هەنگاوی تێکدەرانە بەگەڕبخەن. کاریگەرترین ڕێکار دژی ئەمانە، بەهێزکردنی پڕۆسەکەیە لە ڕێگەی یاسای دیموکراتیک و سیاسەتی ئازادەوە.
من پرسی کورد وەک پرسێکی دیموکراسی دەبینم. هەوڵێکی مێژوویی بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، لە بەرژەوەندیی هەموو گرووپە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناو تورکیادایە؛ لە دژی کەسانی ڕەگەزپەرست و کودەتاچییە. سیاسەتی دیموکراتیک لەسەر بنەمای ڕووداو و پەیوەندییە ڕۆژانەییەکان بەڕێوە نابردرێت؛ بەڵكو پێویستی بە بەرنامەیەکی ڕێکوپێکی پرەنسیپەکان هەیە و لەسەر بنەمای پرەنسیپەکان لەیەک نزیک دەبنەوە. دەبێت سیاسەت هێزی خۆی بۆ بنیاتنانی دیموکراسی نیشان بدات.
دادپەروەری، یاسا و دیموکراسی تەنیا داواکاریی کورد نییە، داواکاریی تەواوی گەلی تورکیایە. کورد لایەنگری ئاشتی و برایەتییە و تا کۆتایی خاوەندارێتی لە کۆمار دەکات. بەشداریی کورد لەناو کۆماردا دەتوانێت لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتیک و پارێزراو بێتە دی. کۆمارێکی لەم شێوەیە دەتوانێت بە ناساندنی هەموو ناسنامەکان درێژە بە بوونی خۆی بدات. ئەوانەی کۆمار بچووک دەکەنەوە و بەمە نیگەران دەبن، لەژێر لۆژیکی “با بچووک بێت، بەڵام هی من بێت” دان. بەڵام کۆماری دیموکراتیک تورکیا گەورە دەکات و دەیکاتە نموونە.
لە بەرانبەر ئەم ئامانجە گەورانەدا، هیچ پاساو و بیانوویەک بۆ هەندێک ڕووداو کە ئەمڕۆ ڕوو دەدەن نییە و جێگەی قبووڵکردن نین. بەتایبەتی مردنەکانی ناو زیندانەکان، ڕێگریی لە مافی زیندانییان و مامەڵە جیاوازەکانی ناو زیندانەکان، هەوڵی تێکدەرانەن دژی پڕۆسەکە.
بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک تەنیا بۆ کورد نییە، بۆ هەموو گەل و باوەڕییەکانی ناو تورکیا گەرەنتیی داهاتوویەکی ئازاد و یەکسانە. وەک هەموو بابەتێک، تێڕوانینی ئێمەش بۆ باوەڕییەکان لەسەر ئەم بنەمایەیە. ئێمە کۆمەڵگەیەک بە بنەما دەگرین کە بتوانێت بە ئازادی کولتووری خۆی بژی، مافەکانی بە پارێزراوی بەکار بهێنێت و ئەمانە بگەیەنێتە پرەنسیپ و دامەزراوە دیموکراتیکەکان.
بەتایبەتی بە گەرەنتیکردنی یاسایی کورد وەک بەشێکی بنەڕەتی و دامەزرێنەر، لەگەڵ هەموو دیموکراتەکاندا کە باوەڕیان وایە تورکیا دەتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە نموونە و ئەمە بە بنەما دەگرن، ئێمە کۆماری دیموکراتیک وەک ئامانج دەیگرینە دەست.”