ڕێبەر ئۆجالان: ژنان لە زیاتر لە نیوەی سەرکەوتنەکان بەرپرسیارن
ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان نامەیەکی بۆ ئەکادیمیای ژنۆلۆژی نارد و جەختی لەوە کردەوە کە ژنان بەرپرسیارن لە نیوەی ئەو سەرکەوتنانەی تا ئێستا بەدەستهاتوون، باوەڕی خۆی دەربڕی کە ئەوان پێشەنگایەتی ئەم پرۆسەیە دەکەن.

ناوەندی هەواڵ
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٣٠ی ئایاردا وتارێکی پێشکەش بە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی کرد و باسی لەو پرۆسەیە کرد کە بە بانگەوازەکەی بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" لە ٢٧یشوباتدا دەستیپێکرد، جەختی لەسەر متمانەی خۆی کردەوە کە ژنان پێشەنگایەتی دەکەن.
هاوکات لەگەڵ پەیامەکەدا، ڕێبەر ئۆجالان گوڵێکی چێنراویشی لە باخەکەیدا بۆ ئەکادیمیای ژنۆلۆژی وەک دیارییەک بۆ هەموو ژنان نارد. ڕێبەر وتی: ژنان بەرپرسن لە زیاتر لە نیوەی ئەو سەرکەوتنانەی تا ئێستا بەدەست هاتوون. باوەڕم وایە لەمەودوا بەردەوام دەبن لە پێشەنگایەتیکردن. من بەردەوام دەبم لە ژیان لەگەڵ ئێوە و تا دەتوانم لە تەنیشتتان دەوەستم.
دەقی تەواوی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بەم شێوەیەیە:
"لە منداڵیمەوە هەوڵم داوە ببمە باشترین هەڤاڵ و هاوبەشی ژنان. تەنانەت لە پەیوەندیم لەگەڵ دایکمدا بە دوای ژنی ئازاد دا گەڕاوم. پابەند بە خەونەکانمەوە ژیاوم و خەباتی ئازادی ژنم خستووەتە ڕوو.
یەکەم جار کە برامە دوورگەی ئیمرالی وتم: " کارەکەم بۆ ژن پڕۆژەیەکی نیوەچڵماوە." ئێستا ئەو کارە تەواو بووە و ئەوەی ماوەتەوە جێبەجێکردنیەتی. خەباتی ئازادی ژن میراسێکی زۆر گرنگی دروستکردووە. ئەم میراسە تا ئەمڕۆ بە قوربانیدانی هەزاران شەهید هاتووە و بەهایەکی گرنگی دروستکردووە. پێویستە ئەوە بزانرێت کە من هەمیشە ویستوومە ژنان بژین و بژێنن، هەر لەدەستچوونێکیان ئازاری دام. لەبارەی منەوە گوتوویانە "کوڕی خوداوەندەکانە". منیش هەمیشە ویستوومە ڕۆڵەیەکی شایستەی ژنان بم. ئەمە بنەمای بنەڕەتی خەباتەکەمی دیاریکردووە. پەرەم بە "پرەنسیپی هیوا"دا بۆ ژنان. گوتم هەموو ژنێک دەبێت ئازاد بکرێت. منیش وەک پیاوێک خۆم بە پێوانەکانی ئەخلاقی و جوانناسی کە بە ئاستی ئازادی شێوە دەگرێت، پەروەردە کردووە. گوتم پرەنسیپی بنەڕەتی سۆسیالیزم، ئازادی ژنە. پێوانەی سۆشیالیستبوونی پیاوێکیش ئەوەیە کە بزانێت چۆن لەگەڵ ژن بە ڕاستی بژی. ئەمە پرەنسپی بنەڕەتی سۆسیالیزمە. لە تەواوی ئەزموونە سۆشیالیستییەکانی مێژوودا ئەم بنەمایە هەمیشە کەم ماوەتەوە. ئەگەر پەیوەندی هەموو ڕێبەرە پێشەنگەکان لە مارکسەوە بۆ ستالین و لە ماوۆ-وە بۆ لێنین لەگەڵ ژنان بە باشی لێکبدرێتەوە، ئەم ڕاستییە باشتر تێدەگەین.
پڕۆژە ناتەواوەکەم بە ژنۆلۆژی مەودای بڕی. بەم تیۆر و چەمکە ویستم کێشەی ژن بە ڕاستی بناسێنم. وەک بودا دەڵێت: "بەبێ دەرهێنانی خەنجەرەکە لە پشتی کۆمەڵگە هیچ ناکرێت." بەڵێ کۆمەڵگە کێشەی زۆری هەیە، بەڵام خەنجەرەکەی پشتی، کۆیلایەتی ژنە و بەبێ دەرهێنانی ئەم خەنجەرە هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێت.
ژنۆلۆژی لەم مەبەستەدا گەشتێکی گرنگی کردووە. ڕەنجێکی بەنرخ خەرج کراوە. ئێستا پێویستە ئەم ماندووبوونە لەگەڵ پڕۆسە نوێیەکەدا واتای زیاتر بەدەست دێنێت. بوونی ژن بە ڕاستی بناسێندرێت و ناسنامە و بوونی ژن بە شێوازی هاوتاکردن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
سیمۆن دە بۆڤواریش دەڵێت: " مرۆڤ وەک ژن لەدایک نابێت، دەکرێت بە ژن." پێویستە ناسنامەی بونیادنراوی ژن لە توخمەکانی ڕەگەزگەرایی-سێکسیزم پاک بکرێتەوە. ژنان دەبێت لەسەر ئەوە قاڵ ببنەوە. وەک ڤیرجینیا ۆلف دەڵێت: " ژن دەبێت ژوورێکی تایبەت بە خۆی هەبێت". دەبێت لەسەر خۆی بیربکاتەوە و بتوانێت خۆی بنیاد بنێتەوە. بە زانینی ئەوەی کە ژنبوون چەندە سەختە، ئەمە دەڵێم. لە کاتێکدا پیاو لە ژێر کەلتووری بەردەوامی دەستدێژیدا دەژی، خۆبونیادنەوەی ئازادانە بۆ ژن سەختە.
بەڵام نازانم ئایا ژنان ئەم ڕاستییە سووتێنەرە وەک من بە ئازار و تووڕەییەوە هەست پێدەکەن یان نا. من بەم تووڕەییەوە هەموو ڕۆژێک خۆم لە ڕووی بیرکردنەوەوە نوێ دەکەمەوە، چارەسەر دەخەمەڕوو و بۆ ئەوەی ژن بتوانێت ئازادانە بژێت، دەژیم. واتای ژیان لە لای من بەم شێوەیە ڕاستی دەبینێتەوە.
فێمینیستەکان پرسیار دەکەن کە بۆچی پیاوێک سەرۆکی بزوتنەوەی ژنی کوردە. ڕاست دەڵێن، خۆزگە ژنان بیانتوانیایە ئەم پێشەنگایەتیە بکەن. منیش زۆر ئەمەم دەویست. بەداخەوە لە دەرەوەی بزوتنەوەی کوردیش بە گشتی هێشتا ئەم پێشەنگایەتیە نەهاتۆتە ئاراوە. من بەردەوام بە گوتنی ژنی ئازاد، چۆن دەبێت پڕۆژە و تیۆرم دروستکردووە؛ ئایدیۆلۆژیای ئازادی ژن و ژنۆلۆژیم پەرەپێدا، ئەمەم کردۆتە هێزێکی ڕێکخراو. هەوڵم داوە پیاو بگۆڕم و کۆمەڵگە لەگەڵ ژندا ئازاد بکەم. بۆ ئەوەی کوڕێکی شایستەی خوداوەندەکان بم ئەمەم کردووە. چاوەڕوانتانم کە بەم ڕاستییەمەوە، بە ڕاستی لە من تێبگەن.
دەزانم ژنان پێشەنگایەتی پڕۆسەی "ئاشتی و دیموکراتیک" دەکەن کە هەوڵی پەرەپێدانی دەدەین. ئەوان خاوەنی زیاتر لە نیوەی ئەو سەرکەوتنانەن کە تا ئێستا بەدەستهاتوون. لە ئێستاشەوە باوەڕم بەوەیە کە پێشەنگایەتی دەکەن و دەڵێم بەو ئاستەی پێویستتانە، لەگەڵتان ژیان و لەگەڵتان بوون درێژە پێدەدەم."