ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان: پێویستە هەمووان ئازادانە نەتەوەو ناسنامەی خۆیان دەستنیشان بکەن
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: وەک چۆن ناتوانیت ئایین و زمانەکەت بەسەر ئەوانیتردا بسەپێنێت، نابێ نەتەوەکەشت بەسەر ئەوانیتردا بسەپێنێت. پێویستە هەمووان بتوانن ئازادانە نەتەوەو ناسنامەی خۆیان دەستنیشان بکەن.
ناوەندی هەواڵ
شاندی ئیمراڵی لە ١٦ـی شوباتی ٢٠٢٦ دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا، دیدارەکە نزیکەی سێ کاتژمێر و نیوی خایاند، لە ڕاگەیاندراوێکدا، هەڵسەنگاندنە گرنگەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەم دیدارەدا بەم شێوەیە خراوەتە ڕوو:
کۆبوونەوەی دەستپێکردنی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک
ژیانی من، لە سەرەتای ڕاپەڕینمەوە لەنێو خێزانەکەم تا ئەمڕۆ، بە ڕیتمێکی خێرا دەربازبووە. هێشتاش هەر وایە. ئەم پرۆسەیەی کە تێمانپەڕاند، بەکورتی تێپەڕینە لە سیاسەتی توندوتیژی و جیاکارییەوە بەرەو سیاسەتی دیموکراتیک و ئینتیگراسیۆن، ئەمەش هێز و توانای ئێمەی بۆ دانوستان پشتڕاست کردەوە.
پێویستە ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن لەگەڵ ڕاستینە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەدا بسازێت. ئەم تایبەتمەندییەی ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن، بایەخێکی زۆری دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە لە ئایندەدا. ئەو سیاسەتەی بە لۆژیکی "نەهێشتنی تیرۆریزم" مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا دەکات، گوزارشتە لە بنبەست نەوەک چارەسەر.
پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پرۆسەیەکە کە بەردەوام هەڵسەنگاندنەوە بۆ خۆی دەکات و ستراتیژ و تاکتیکەکانی خۆی دەستنیشان دەکات. ئەم کۆبوونەوەیە، وەک کۆبوونەوەی دەسپێکردنی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک هەڵدەسەنگێنم. بەم بۆنەیەوە، جارێکی تر بەڕێزەوە هەڤاڵ سری سورەیا ئۆندەر بەبیردەهێنمەوە. بەنیسبەت منەوە، ئەو مزگێنی و هەڤاڵێکی هێژا بوو.
ئەم کۆمارە بەبێ کورد دانەمەزراوە
ئەو پرۆسەیەی بەرەو دامەزراندنی کۆمار دەستی پێ کرد، لەسەر بنەمای یەکێتی تورک و کورد دامەزرا. هەرچەند دواتر ئەم ڕاستییە شاردرابێتەوە، بەڵام شوێنەوارەکانی لە هەموو بەڵگەکاندا دەبینرێتەوە. ئەمە لە سەردەمی شەڕی سەربەخۆی، لەکۆنگرەکان و ڕاگەیاندنی کۆماردا پەسەندکراوە. خودی موستەفا کەمال لە ١٧ـی کانوونی دووەمی ١٩٢١ لە ئەزمیت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا هەڵسەنگاندنەکانی دەربارەی کوردان خستەڕوو. ئەم کۆمارە بەبێ کورد دانەمەزراوە.
ئەوانەی نکۆڵی لەمە دەکەن، هەموو ڕۆژێک بە زمانێکی توند و وێرانکەر دەدوێن. کورد لە بنک و بناغەی کۆماردا ئامادەیە. ئەو دەقە یاساییانەی دواتر ئامادەکران، کوردیان وەدەرنا، ناسنامە و زمانی کوردیان قەدەغەکرد، ئەمەش بووە سەرچاوەی نکۆڵی و سەرهەڵدان. ئەم پرۆسەیەی تێیداین، پرۆسەی کۆتاییهێنانە بە نکۆڵی و سەرهەڵدان. دەمانەوێت گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەوەی چۆن پێکەوە لەنێو ئاشتییدا بژین.
بونیادنان بەبێ یاسا و پرەنسیپ نابێ
لە سەدەکانی ناوەڕاستدا پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای یەکێتیی ئایینی بووە و سیستمی میرنشینەکان لەسەر ئەم بنەمایە بنیات نراوە. بەڵام ئێمە ئەمڕۆ بە فۆرمێک کە گونجاوبێت لەگەڵ پێوانە و لۆژیکی هاوچەرخ، لەگەڵ کۆماردا ئینتیگرە دەبین. ئەمە پێویستی بە بنیاتنان و تەلارسازییە. نکۆڵی لە گەلی کورد بەمانای ئەم بنیاتنان و تەلارسازییە نایەت. بەڵکوو ئەم بنیاتنان و تەلارسازییە بەبێ یاسا و پرەنسیپ نابێ. کورتکردنەوەی ئەم بابەتە بۆ هەندێ گۆڕانکاریی لە یاسای سزادان، هەڵوێستێکی چەوتە. پایە سەرەکییەکانی ئەم بنیاتنانە، یاخود بڵێین، پرەنسیپە سەرەکییەکانی ئینتیگراسیۆن، لە بانگەوازی ٢٧ـی شوباتدا باسکراون. ئەم بانگەوازە، خۆی لە خۆیدا بەرنامەیەکی سیاسییە.