ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان: دیموکراتیکبوون پێویستییەکی ژیانییە
ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: هەمووارکردنی یاساکان، ئێمە دەپەڕێنێتەوە بۆ قۆناغی بونیادنانی پۆزەتیڤی ڕاستەقینە و چاخێکی دیموکراتیک. دیموکراتیکبوون پێویستییەکی ژیانییە و سەرکەوتنی پرۆسەکەش نزیکترمان دەکاتەوە لەم ئامانجە.
ناوەندی هەواڵ
شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراستیی گەلان "دەم پارتی" دەربارەی دیدارەکەی دوێنێ ٢٤ی ئایار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕاگەیاندراوێکیدەربارەی پەیامی ڕێبەر بلاوکردەوە.
پەیامی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەم شیوەیەیە:
"ئەو کۆمەڵگانەی پڕن لە ناڕەزایەتی و تووڕەیی، بەبێ هزرێکی مەزن و بەهای ئەخلاقیی مەزن، ناتوانرێت بگۆڕدرێن. کۆمەڵگە لە هەموو ئاستێکی ژیاندا، لەڕووی ئەخلاقی و سیاسی و یاسایی و ئابوورییەوە، تووشی تەنگژە و گیرخواردن بووە. بۆیە پێداگرین لەسەر پرۆسەکە و پەلەی لێ دەکەین.
بە بۆچوونی من، دەشێت هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر شتێک بەدوای خۆیدا بهێنێت. دەوڵەتانی وەکو ئێران و ئیسرائیل تا دێت توند و سەختگیرتر دەبن. ئافراندنی نەتەوەپەرستی و جیاکاری و زیادبوونی مایکرۆ-نەتەوەپەرستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شتێکی زیانبەخشە. ئێمە پرۆسەیەک بەڕێوەدەبەین کە دەمانەوێت ببێتە بەربەست و ڕێگرێک لەبەردەم مەترسییەکانی ناوچەکە و هەر ئاکامێکی خوێناویی.
هەڵبەتە گرنگە چوارچێوە و بناغەیەکی یاسایی ببەخشرێت بەم کارە. مانەوە لەنێو هیوا و چاوەڕوانییدا، تەنها سەرچاوەی مەترسییە. سەردەمی کاتکوشتن نەماوە. بڕوام وایە، پێویستە هەموو ئەکتەر و لایەنەکان بەگوێرەی تێگەیشتن لەم بەرپرسیارێتییە مێژووییە مامەڵە بکەن، پەرلەمانی تورکیاش بەم هەستیارییەوە کارەکانی بکات.
یاسایەکی چوارچێوە دەتوانێت ببێتە بناغەی پرۆسەی دیموکراتیکبوون.
هەموارکردنی یاساکان، ئێمە دەپەڕێنێتەوە بۆ قۆناغی بونیادنانی پۆزەتیڤی ڕاستەقینە و چاخێکی دیموکراتیک. دیموکراتیکبوون پێویستییەکی ژیانییە و سەرکەوتنی پرۆسەکەش نزیکترمان دەکاتەوە لەم ئامانجە.
ئایا لە دیموکراسیدا دەکرێت دەرگای بارەگای حزبێکی سیاسی بشکێنیت و بچیتە ژوورەوە؟ ئەو ڕووداوانەی بەسەر جەهەپەدا هاتن، پەیوەندییان بە نەبوونی سیاسەتی دیموکراتیک و جێبەجێنەکردنی دیموکراسییەکی ڕاستەقینەوە هەیە. هۆکاری گەیشتنی دۆخەکە بەم ئاستە؛ نەبوونی پێوەرە دیموکراسییەکانە کە بناغەی کۆمار پێکدەهێنن. ئەو ڕێبازەی کە دیموکراسی وەک شتێکی لاوەکی و دیماگۆگییەت و زماندرێژی دەبینێت و بە گرنگییەوە ناڕوانێتە دیموکراسی، ئەنجامەکەی سەردەکێشێت بۆ هەڵەیەکی مەترسیدار. کۆمار هیچ شتێکی نییە هێندەی ئافراندن و پەرەپێدانی مۆرکی دیموکراتیکبوون گرنگ و پێویست بێت.
ئێمە هەوڵدەدەین لەم وڵاتە زەمینەی ئەمە بڕەخسێنین و دەرفەتەکانی مەزنتر بکەین. ئێمە لە ئیمراڵی زۆر بە گرنگی دەزانین کە بە هەنگاوی یاسایی بۆ چارەسەری، کۆمار بۆ هەنگاوێکی دیموکراتیک، یاسایەکی دیموکراتیک ئامادە بکەین. ئەمە وەکو هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بە کەموکوڕیی دیموکراسی لەناو پارتەکان و لە نێوان پارتەکان دەبینین. وەڵامی ئەو هەموو هەوڵانە ئافراندنی کەلتوور و ناوەڕۆکێکی دیموکراتیکی کۆمار و دامەزراندنی سیستەمێکی یاسایی دەبێت، کە گەرەنتیی هەموو ئەمانە بکات. لەسەر ئەم بنەمایە بانگەواز لە هەمووان دەکەم کە هاوکاریی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بکەن.
ئەمە واتای ئەنتێگراسیۆنی کوردە لە کۆماری دیموکراتیک. هەوڵدەدەین کۆتایی بەم دۆخە بهێنین کە چەندین ساڵە پرسی کوردی تێدا قەتیسماوە. ڕەگوڕیشەی ئەو توندوتیژییەی کە بەهۆی پرسی کوردەوە ڕوویدا، بە سیستەمێکی چارەسەری لەناو دەبرێت. دەتوانین بەم پرۆسەیە بڵێین؛ پرۆسەی سەرلەنوێ هەموارکردنەوە، هاوچەرخکردن و نۆژەنکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورک-کورد.
پەیامی ئەو ئەکادیمیسیەن و ڕۆشنبیرە نێونەتەوەییانەی کە پشتیوانییان لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد، بە شێوەی پەرتووک کۆکراونەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە ئامادەم هەموو جۆرە پێشنیار، ڕەخنە و هاوکارییەک، بە وردییەکی زۆرەوە هەڵبسەنگێنم. لەم کاتەدا کە لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستمان بە دیموکراسی و ئاشتی هەیە، سوپاسی هەموویان دەکەم بۆ پشتیوانییە زۆر گرنگەکەیان.
لەگەڵ ڕێزدا. ٢٥ـی ئایاری ٢٠٢٦
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی".