ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان: بانگەوازی لە کوردان دەکەم لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتیک کۆببنەوە

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پەیامێکی نووسراوی بۆ کۆنفرانسی “ئاشتی بە سەختی بەدەستهێنراوی تورکیا” نارد و بانگەوازیی لە هەموو کوردان کرد کە لەسەر زەمینەیەکی دیموکراتیک کۆببنەوە و یەکگرتووبن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە هەولێری باشووری کوردستان، سەبارەت بەو پرۆسەیەی لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەچێت، کۆنفرانسێک بە ناونیشانی “ئاشتی بە سەختی بەدەستهێندراوی تورکیا” بەڕێوەدەچێت.

 

لە کۆنفرانسەکەدا پەیامی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ کۆنفرانسەکە لەلایەن میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانیی و دیموکراستیی گەلان "دەم پارتی" خوێندرایەوە.

 

دەقی پەیامەکە بەمشێوەیەیە:

“بەشداربووانی هێژا

بەڕێزەوە سڵاو لە هەموو هەمووتان دەکەم

پیرۆزبایی لەم کۆنفرانسە دەکەم کە تایبەت بە ناونیشانی “ئاشتی بە سەختی بەدەستهێندراوی تورکیا” بەڕێوەدەچێت. ئەم ناونیشانە ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکانە. لە ئەزموونی ٤٠ ساڵەی ڕابردوومان چەندین جار بینیمان کە بەدیهاتنی ئاشتی لە تورکیا بە سەختی بەدەست دەهێنرێت. لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لە ڕێگەی ئەزمونی تاڵەوە بینیمان کە ئاشتی لە تورکیا ئەگەرێکە و دۆخێکە کە بەدیهێنانی قورسە. ئەمجارەش دەرفەتی ئاشتی “بە سەختی بەدەست هێنرا” بوو، بەڵام ئێمە بە هەموو هێز و هەستیارییەوە هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەین.

 

ئەگەر ئەم پرۆسەیه له تورکیا سەرکەوتوو بێت، ئەوا تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت؛ سەردەمێکی نوێ دەست پێدەکات کە لەبری شەڕ و وێرانکاری، ژیانێکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای ئاشتی دەبێت.

 

پشتیوانی من ئەوەیە کە کورد، لە یەکڕیزی و هاودەنگیدا بێت لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی کە دەرفەتی پەیوەندییەکی بنەمادار بە کۆمەڵگەی دیموکراتیکیان بۆ دەڕەخسێنن. من ئەمە بە “ئەنتیگراسیۆن لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتیک” پێناسە دەکەم. ئەو پرۆسەیەی ئێستا ئەنجامی دەدەین لەسەر ئەم بنەمایەیە و باوەڕم وایە سەرکەوتوو دەبێت.

 

بە بڕوای من پەیوەندییەکانی نێوان کوردانیش بە شێوەی یەکڕیزیی لەسەر بنەمای دیموکراتیک دەبێت. داوا لە هەموو کوردەکان دەکەم لەسەر زەمینەی دیموکراتیک کۆببنەوە و یەکگرتووبن.

 

هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوازم و لە دڵەوە سڵاو و ڕێزتان پێشکەش دەکەم.

 

عەبدوڵا ئۆجالان

دوورگەی ئیمرالی