بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دروستکردنی کەسایەتی، باشترین هەنگاوە منبج دوای ئازادبوونی ئەنجامی بدات

مانەوەی داعش بۆ ماوەی ٣ ساڵ لە شاری منبج، کاریگەری لەسەر هاوڵاتیان و بەتایبەت ژنان هەبوو، هەر بۆیە لە دوای نەمانی داعش چەندین خولی ڕۆشنبیری کرایەوە لە پێناو پەروەردەکردنی تاک و بەدەستهێنانی ئازادییەکانیان.

 

سێلڤا ئیبراهيم

منبج- ئەو ئەکادیمیایانەی لە دوای ئازادکردنی شاری منبج لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە ساڵی ٢٠١٤ کرایەوە، ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە لابردنی فکری داعش کە بە ناوی ئایینەوە کاریان کردبووە سەر فکری دانیشتوانی شارەکە، لە دوای ئازادبوونی منبج لەلایەن هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی منبج و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ساڵی ٢٠١٦دا، ئەوەی جێی بایەخپێدان بوو بریتی بوو لە لایەنی ڕۆشنبیری.

 

 سەبارەت بەو شەڕە فکرییەی کە داعش بە ناوی ئاینەوە پراکتیزەی دەکرد لە پێناو بڵاوکردنەوەی نەزانی و فریودانی خەڵکی، ئامارا بەرکل، ئەندامی ئەکادیمیای شەهید زیلان لە منبج، کە ساڵی ٢٠١٧ دامەزراوە، بۆ ژنها دوا و وتی: مانەوەی داعش بۆ ماوەی ٣ ساڵ لە ناو شاری منبج کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر خەڵکی بە گشتی و ژنان بە تایبەت، چونکە جلی دیاری کراویان بەسەر ژناندا سەپاندبوو، هەروەها بیر و باوەڕی درۆیان لە مێشکیاندا جێگیر کردبوو، ئەوەشی ڕوون کردەوە هەرچەندە ئاینی ئیسلام ئاینی ئاشتی و ئاسایشە، بەڵام داعش دەیانوێست هاوڵاتی پی بترسێنن و قورسی بکەن لێیان، چونکە ئەوەی داعش بڵاویدەکردەوە بیری تیرۆرستی و ئەشکەنجە بوو کە هاوڵاتی سڵی لێدەکاتەوە.

ئاکادیمیاکە هەوڵی هۆشیارکردنەوەی تاک دەدات

ئامارا ئەوەشی خستەڕوو داعش خوازیاری ئەوەبوو بە پەروەردەوە بچێتە ناو هزر و فکری هاونیشتیمانیانەوە و کۆنتڕۆڵیان بکات، هەربۆیە بڕیارماندا ئەکادیمیایەک دابمەزرێنین کە کار لەسەر بڵاوکردنەوەی هزر و هۆشیاری بکەین، وتیشی: "سەرەتا بەربەستی زۆرمان بۆ دروست بوو بە تایبەت لەلایەن ئەو کەسانەی تەواو فکری داعش لە هزریاندا چەسپی بوو"

 

ئەکادیمیای شەهید زیلان لەو کاتەی دامەزراوە تا ئێستا ٣٠ خولی کردووەتەوە، لە کۆی ئەو خولانە ٥٢٥ ژن بەشداریان تێدا کردووە، هەروەها ئەکادیمیای شەهید ئیسماعیل کە خول بۆ هەردوو ڕەگەز دەکاتەوە، ژمارەی خولەکانی گەیشتووەتە ٣٣ خول و لە کۆی ئەو خولانە ٧٧٧ هاوڵاتی بەشداریان تێدا کردووە.

 

سەبارەت بە پێشوازیکردنی ژنان لە خولەکاندا ئامارا بەرکل ڕوونیکردەوە ژنان بە شێوەیەکی باش پێشوازیان لێکرد، بەتایبەت ئەو ژنانەی بە زۆر ناچار کرابوون پەچە ببەستن، باسی لەوەشکرد ژنانی منبج بەوە جیاکراونەتەوە کە دەتوانن بە گفتوگۆ ڕاستییەکانی دەوروبەریان پەسەند بکەن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ئامارا وتی: "لە پاش ٥ ساڵ کارکردن ژنان گەیشتوونەتە بیر و باوەڕییەکی باش و لە شوێنە جیاجیاکاندا جێگەی خۆیان کردووەتەوە، بەڵام هێشتا لە ئاست ئەو بەرنامەیەدا نییە کە ئەکادییمیاکە پلانی بۆداناوە"، بۆیە بە پێویستی دەزانێت هەوڵەکانیان زیاتر چڕ بکەنەوە خولی ڕۆشنبیری زیاتر بکەنەوە.

ت.پ