بەناوی " هەینی کوردان" پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە

بە بەشداریکردنی دەیان هەزار هاوڵاتی، لە سەرجەم توێژەکان، بە دروشمەکانی"هەینی کوردان"، "یەکە یەکە یەکە گەلی کورد یەکە"، بە پێشکەشکردنی چەندین سرودی نیشتمانی، گەل لە سلێمانی پشتیوانی خۆی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەردەبڕی

سلێمانی

 

ئەمڕۆ  لە بەردەم باخی گشتی لە شاری سلێمانی، بە بەشداری دەیان هەزار کەس لە هاوڵاتییان، ڕۆشنبیران، مامۆستایانی ئاینی، هونەرمەندان، ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و خوێندکاران، لەگەڵ وتنەوەی دروشمەکانی" یەکە یەکە یەکە گەلی کورد یەکە" ، " ژن، ژیان، ئازادی"، " کوردن ئەم"، " ڕۆژئاوا تەنیا نییە دەروازەی ئازادییە" لەگەڵ نمایشکردنی چەندین کاری هونەری و شێوەکاری، هەڵگرتنی پەیکەری کەزییە لە لایەن گەنجانەوە، وتنەوی چەندین سرودی نیشتمانی لە لایەن  چەندین گۆرانیبێژی کورد و پارچەکانی دیکەی کوردستان، پاشان هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان و هەسەدە، چالاکییەکانی "هەینی کوردان" بەرێوەچوو. 

 

"وەک هونەرمەند پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەم"
هەنسک محەمەد، هونەرمەند، وتی: ئەمڕۆ بڕیارمدا بە شێوازی جیاواز بەشداری لە خۆپشاندانەکەی شاری سلێمانی بکەم، وەک هونەرمەندێک بە کێشانی وێنەی هەرێمی کوردستان پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەردەبڕم، جێگەی دڵخۆشییە کە تەواوی کورد ڕژاونەتە سەر شەقامەکان هونەرمەندان و  خوێندکاران و سیاسەتمەداران لە تەواوی پارچەکانی کوردستان دێن بۆ پشتیوانی، گەنجان ڕۆڵی کارایان لە خۆپشاندانەکاندا هەیە.


" ژنانی باشووری کوردستان پشتیوانی لە ژنانی شەرڤان دەکەن" 
پەروین عەلی عەندوڵا، هاوڵاتی وتی: من کوردم و وەک ژنێکی کورد بەشداریم لەم گردبوونەوەیە کردووە، من وەک ژنێکی تەمەندار بەشداری دەکەم کە گەنجانیش بەردەوام بێنە سەر شەقامەکان، ئێمە وەک ژنانی باشووری کوردستان پشتیوانی لە ژنان و گەنجانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین بتوانن بەرخۆدان بکەن، ئێمە یەکدەنگ دەڵێین کەس نەڵێ کورد مردووە کورد زیندووە، ئەوەتا گەنجان و کوردان ڕژاونەتە شەقامەکان، کورد لە دێرزەمانەوە یەکگرتووبووە، گەنجەکان و نەووی نوێمان ئێستە دەریانخست جارێکیدیکە پشتی یەکدی بەرنادەن لەژێر ناوی هیچ حزبێکا یەک ناگرین بەڵکوو لەژێر ئاڵای کوردستاندا یەکمان گرتووە.


" تەواوی سیاسەتمەداران و چینوتوێژەکان دەنگمان بۆیەکبوونی کورد یەکخستووە" 
کوێستان محەمەد، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی، وەک ژنێک بەدەر لە پۆستی سیاسیی بەشداری لە پشتیوانی ڕۆژئاوای کوردستاندا کردو وتیشی: ئێمە وەک گەلی کورد ئەمڕۆ بۆ نپشتیوانی لەڕۆژئاوای کوردستان و پشتیوانی لە بەرخۆدانی شەرڤانان هاتوینەتە سەر شەقام، دەنگمان یەکخست تا بتوانین دژ بە دوژمن بوەستینەوە. 


" شانۆکاران و هونەرمەندان پشتیوانی لەڕۆژئاوای کوردستان دەکەن" 
ڕووبار ئەحمەد، شانۆکار ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژئاوای کوردستان هەموو گەلی کوردی لە تەواوی پارچەکانی کوردستان یەکخست، وتیشی: لە شاری کوردانەوە پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەردەبڕین، هونەرمەندان لە ناو خۆپشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا دەستی باڵایان هەیە، ئێمەش کوردین و بۆ پشتیوانیکردن لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان هاتووینەتە سەر شەقام، ئەمە هەڵوێستی کوردە کە لێرەین،لە هەر کوچەوکۆڵانێکدا کوردێک هەبێت دەبێت ژێرپێی دوژمن بلەرزێت، ئەمڕۆ بەیەکدەنگ دەڵێین ئێمە کوردین و هەر کوردیش دەبین.