بەمەبستی باشترکردنی ژینگەی کاری ژنان کۆڕبەندی ژنانی تەعز بەڕێوەدەچێت

لە چوارچێوەی پڕۆژەی باشترکردنی ژینگەی کار بۆ ژنانی کرێکار، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتی کۆمەڵایەتی، نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی، و ژنانی کار لە کەرتی تایبەت و گشتیدا، کۆڕبەندی “ژنانی کرێکاری تەعز” لە شاری تەعز لە باشووری ڕۆژئاوای یەمەن ڕێکخرا.

ڕانیا عەبدوڵا

 

یەمەن - دوێنێ ٢٧ی شوبات، بە سەرنجدان بە گرنگی چارەسەرکردنی پرسی ژنان، بلۆکی ژنانی وەهج ، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەک بۆ باشترکردنی ژینگەی کار بۆ ژنانی کرێکار، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتی کۆمەڵایەتی، نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کرێکارانی ژن لە کەرتی تایبەت و گشتی، و کەسایەتییە جۆراوجۆرەکانی ژن، کۆڕبەندی “ژنانی کرێکاری تەعز”یان سازکرد.

 

ئامانجی کۆڕبەندەکە تیشک خستنەسەر ئەو ئاستەنگە ئابووری و یاسایی و کۆمەڵایەتیانەیە کە ڕووبەڕووی ژنانی کرێکار دەبنەوە، هەروەها پێداچوونەوە بەو سیاسەت و ڕێکارانەیە کە پشتگیری لە بەهێزکردنی ژنان دەکەن و ئامادەبوونیان لە بازاڕی کاردا بەرز دەکەنەوە، بەشداربووانی کۆڕبەندەکە سێ دانیشتنی سەرەکی لەخۆگرتبوو کە باسیان لە دەرفەتە ئابوورییەکان و ئاڵەنگایەرییەکانی بەردەم ژنانی کرێکاریان کرد، چوارچێوەی یاسایی کە مافەکانیان لە ژینگەی کارکردندا ڕێکدەخات، هەروەها ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی کە بۆ گەشەپێدان پشتگیری لە بەشداریکردنی چالاکانەیان دەکات .

 

بەشداربووان دووپاتیان کردەوە کە کەمی هۆشیاری هەیە لەسەر ئەو یاسا و پێشێلکاریانەی کە بەرامبەر بە ژنان پراکتیزە دەکرێن، بۆیە ئەو کۆڕبەندە بەمەبەستی ڕۆشنکردنەوەی ئەو پێشێلکاریانە و پەروەردەکردنی ژنان لەسەر یاساکان بەڕێوەچوو، بەمەبەستی بەدەستهێنانی مافەکانیان و باشترکردنی ژینگەی کارەکانیان و هاندانیان بۆ بەشداریکردن لە هەموو کارێکدا.

 

ژنان لە یەمەن لە کەرتە جیاوازەکاندا کاردەکەن، چ لە کەرتی تایبەت یان گشتی یان لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا، ژنان ناچار دەبن دەستبەرداری مافەکانیان بن لە بەرامبەر بەردەوامبوون لە کارکردن یان بەدەستهێنانی سەرچاوەیەکی داهات بۆ دابینکردنی کەمترین پێداویستییە سەرەتاییەکان، ژنانیش لە شوێنی کاردا بەرەوڕووی چەندین پێشێلکاری و زەوتکردنی زۆرێک لە مافەکانیان دەبنەوە.

 

لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا، غەدیر عەدانی، چالاکوانی مافی مرۆڤ وتی: پێویستە کاربکەین بۆ فشارخستنە سەر جێبەجێکردنی یاساکانی وەکو موچەی یەکسان بۆ ژنان و پیاوان، پێدانی مافی ژنان لەو پشووانەی کە یاسا پێی بەخشیون، هەروەها مافی بەشداریکردنیان بۆی هەیە، بۆیە دەبێت پاڵپشتی ژنان بکەین بۆ بەشداریکردن لە بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و گەیشتن بە پێگەی بڕیاردان.

 

سەمیرە فەهیدی، ئەندامی بلۆکی ژنانی وەهج وتی: ئەم بۆنەیە لە هیچ شوێنێکەوە نەهاتە دەرەوە، بەڵکو دەرئەنجامی هەوڵە گەورە و زەبەلاحەکانی بلۆکەکە بوو، جەختی لە گرنگی باشترکردنی ژینگەی کارکردن بۆ ژنان کرد، کە بە یەکەم هەنگاو دادەنرێت بۆ ئەوەی ژنان ببنە بەشداربوو لە بڕیاردان، کەمی هۆشیاری هەیە لەسەر یاسا و پێشێلکارییەکان کە دژی ژنان ئەنجامدەدرێن، بۆیە ئێمە لە بلۆکەکەدا حەزمان لە دیراسەکردنی ئەو پێشێلکارییانە و پەروەردەکردنی ژنان لەسەر یاساکان بوو، دوای بەدواداچوون لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، ڕێنماییمان پێگەیشت بۆ چالاککردنی یاسای کار، کە تا ئێستاش بەردەوامە بەمەبەستی هۆشیارکردنەوەی زیاتر بۆ ئەوەی ژنان بتوانن مافەکانیان بەدەستبهێنن و ژینگەی کارکردنیان باشتر بکەن.

مەلاک عادل، خوێندکاری زانستە سیاسییەکان، وتی: لە کۆڕبەندەکەدا باسمان لە گرنگترین ئاستەنگەکانی بەردەم ژنانی کرێکار و ئەو سەختییە زۆرانە کرد، هەروەها داوای مافی ژنانی کرێکارمان کرد و هانمان دا کە بەشداری لە هەموو کارێکدا بکەن و دەست بەسەر ئەو مافانەدا بگرن کە بە یاسا و دەستووری یەمەن گەرەنتی کراوە.

 

لە میانی چالاکییەکانی  کۆڕبەندەکەدا، فیلمێکی دیکۆمێنتاری نمایشکرا سەبارەت بەو پێشێلکاریانەی کە ژنان لە ژینگەی کارکردندا بەرکەوتەی دەبن، هەروەها ڕاگەیەندرا کە لیژنەیەک بۆ چاودێریکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی ژنان لە ژینگەی کارکردندا پێکدەهێنرێت، کە لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا پێکهێنرا و ڕاهێنانی پێکرا.

 

کۆڕبەندەکە بە کۆمەڵێک پێشنیار کۆتایی هات بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئەو سیاسەتانەی کە پشتگیری لە ژنانی کار دەکەن و باشترکردنی ژینگەی کارکردن بە شێوەیەک کە بەشداربێت لە بەهێزکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتییان.