بلاسخارت: مافی ژنان لە عێراق بەدەستنەهێنراوە

جێنین بلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، ئاماژە بە توندوتژییەکان دەکات بەرامبەر بە ژنان، وتیشی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەستکەوتی بۆ ژنان پێبوو".

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی "ستراتیژی یەکسانی جێندەر و تواناسازی ژنان" لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، جێنین بلاسخارت، لە میانەی وتارێکدا وتی: "بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی پەرلەمانی عێراق، ژمارەیەکی زۆر لە کاندیدانی ژن بوونەتە ئەندامی پەرلەمانی عێراق، کە زیاتر لە ٪٢٥ی ڕێژەی کۆتا بوو، ئەمەش تەنها مایەی دڵخۆشی نییە بەڵکوو گرنگیشە".

 

جێنین ئاماژەی بە بەشداری و نوێنەرایەتی ژنان کرد و وەک ژنێک وتی: ئەوەی من لە نوێنەرایەتی ژناندا بینیومە زۆر گەورە بووە، وەک ژنێک گرنگی بەشداریکردنی ژنان لە سەرکردایەتی و گەیشتن بە پلە باڵاکان دەزانم، ئێستا ژنان لە دامەزراوەکاندا پێشەنگن بۆ نەوەکانی داهاتوو".

 

ئەو نوێنەرە جەختیکردەوە کە هێشتا مافی ژنان لە عێراق بەدەست نەهێنراوە، زۆرمان لەپێشە و پێویستە چاکسازی و گۆڕانکاری بکرێت.

 

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی خۆی وتی کە یەکەم وەزیری بەرگری بووە لە هۆڵەندا و یەکەم نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە عێراق، بەڵام کەسانێک پێی دەڵێن پیرە، جێنین وتی: "ئەو کەسانەی وام پێدەڵێن خۆیان لە من گەورەترن!".

 

ت.پ