بکوژی شنیار هونەر دانی بە تاوانەکەیدا ناوە

شنیار هونەر، کە لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هاوژینەکەیەوە سوتێنرا و دوای پێنج ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا، بە پێی وتەی پارێزەری شنیار هونەر، تاوانبار دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

سلێمانی

 

شنیار هونەری ٢١ ساڵ، دایکی دوو منداڵ بوو، درەنگانێکی شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ی شوبات، لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانی، لەلایەن "هونەر ڕەشید"، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٧، لە ماڵی خۆیاندا سوتێنرا.

 

شنیار هونەر بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتاوییەکەیەوە کە بە پێی قسەی پزیشکەکان ٪٨٥ بووە، دوای مانەوەی پێنج ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و تاوانبار لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکرا.

 

بەپێی دواین زانیارییەکانی ئاژانسی نوژنها لەسەر کەیسی شنیار هونەر، کە لە زاری ئاودێر عەلی، پارێزەری شنیار، وەرگیراوە ئاماژەی بەوەدا لە کاتی لێکۆڵینەوەدا تاوانبار "هونەر ڕەشید" دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و دوای ڕێکارەکان تاوانبار دەگوازرێتەوە بۆ دادگای تاوانەکان.

 

ئاودێر عەلی ئاماژەی بەوەشدا کە لە کاتی دەستگیرکردنی تاوانبار "هونەر ڕەشید" بە ماددەی ٤٠٦ لەسەر ٣١ دەستگیرکراوە، چونکە لەوکاتەدا شنیار هونەری تاوانلێکراو لە ژیاندا بووە، بەڵام دوای گیان لەدەستدانی شنیار هونەر ماددەی تاوانبار گۆڕدرا بۆ ماددەی ٤٠٦ و سزاکەی گۆڕانی بەسەردا دێت.

 

ت.پ