بەهۆی زۆری سوتاوییەکەیەوە ژنێک لە چەمچەماڵ گیانی لەدەستدا
دوای پێنج ڕۆژ مانەوەی ئاشنا ڕەئوف لە نەخۆشخانەی تایبەت بە سوتاوی سلێمانی، ئەمڕۆ بەهۆی سوتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا، هەتا ئێستاش کەس دەستگیر نەکراوە.
ناوەندی هەواڵ
بەر لە پێنج ڕۆژ و لە ٢٢ی مانگدا، لە گەڕەکی قادر کەرەم لە شارەدێی شۆڕشی سنوری چەمچەماڵ، ئاشنا ڕەئوفی ٢٤ ساڵ، هەوڵی خۆسوتاندن دەدات، لەلایەن هاوژینەکەیەوە کە ناوی ڕەنجە فوئادە، هەوڵی کوژانەوەی دەدرێت بەڵام بێ سود بووە، لەو کاتەشدا ڕەوانەی ناخۆشخانەی شەهید پێشڕەو دەکرێت لە چەمچەماڵ.
هاوژینەکەی ئاشنا ڕەئوف لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاشنادا دەستی دەسوتێت و چارەسەر دەکرێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ژنەکە هەوڵی خۆسووتانی داوە و هاوسەرەکەشی نەیتوانیوە بیوەستێنێت.
ئاشنا ڕەئوف بەهۆی ڕێژەی سوتاوییەکەیەوە لە پاش پێنج ڕۆژ ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی دەکرێت لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆش بەهۆی زۆری سوتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
قایمقامی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەداوە بە بیانووی پشووی نەورۆزەوە هیچ کەسێک لەسەر ئەو ڕووداوە دەستگیر نەکراوە، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی نزیک لە ئاشناوە دەستکەوتووە، ئاماژەی بەوەداوە ئاشنا کێشەی کۆمەڵایەتی هەبووە، تا تەواو بوونی لێکۆڵینەوەکانیش کێشەکە ئاشکرا ناکەن.
ت.پ