بەهۆی خۆڵبارین لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەدان کەس داخڵی نەخۆشخانە کران

شەپۆلێکی خۆڵبارین تەواوی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوەو بەهۆیەوە سەدان کەس داخڵی نەخۆشخانە کراون و ٥ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

لە دوێنێوە شەپۆلێكی خۆڵبارین عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و بەهۆی كاریگەریی خۆڵبارینەكەوە، سەدان کەس بەهۆی هەناسە تەنگییەوەسەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە و داخڵکراون کە منداڵیشیان تێدایە.

 

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر لە ڕاگەیەندراویکدا بڵاویکردووەتەوە، لە دوێنی شەوەوە تا کاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ، ٢٢٢ کەس بۆ مەبەستی چارەسەری کێشەی هەناسە تەنگی سەردانی فریاکەوتنەکانیان کردووە.

 

پزیشک پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی "د.جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری" لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، تا کاتژمێر یانزەی شەوی ڕابردوو چوار منداڵ بەهۆکاری تەنگە نەفەسی لە ئەنجامی خۆڵبارینەوە لەنەخۆشخانەکە داخڵ کراون.

 

هاوکات بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیاکان لە نەخۆشخانەو تەندروستی دووزخورماتووەوە وەریان گرتووە بە دەیان کەس لە نەخۆشخانە داخل کراون و ٥ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.