بەهۆی جلوبەرگەوە کەمپەینێکی نوێی دەستگیرکردن ژنان لە ئەفغانستان دەکاتە ئامانج
بەهۆی پابەندنەبوونیان بە ڕێساکانی جلوبەرگ و پۆشینی بورقەوە، بزووتنەوەی تاڵیبان نزیکەی ١٠ ژن و منداڵی کچ کە لە نێویاندا خوێندکار و مامۆستا هەبوون، لە یەکێک لە بازاڕەکانی پارێزگای دایکۆندیی ئەفغانستان دەستگیر کرد.
ناوەندی هەواڵ
بزووتنەوەی تاڵیبان بەردەوامە لە سەپاندنی کۆتوبەندی توند بەسەر ژنان و منداڵانی کچدا لە ئەفغانستان، کە خوێندن و کارکردن و ئازادییە کەسییەکان و ڕێساکانی جلوبەرگی گرتووەتەوە لە نێوەندی هەڵکشانی کەمپەینەکانی دەستگیرکردندا، کە ئەمەش نیگەرانیی نێودەوڵەتیی ڕوو لە زیادبوونی لێکەوتووەتەوە سەبارەت بە تێکچوونی دۆخی مافەکانی ژنان لە وڵاتەکەدا.
سەرچاوە ئەفغانییەکان ڕایانگەیاند، کە هێزەکانی ئاسایش و هەواڵگریی سەر بە بزووتنەوەی تاڵیبان، دوێنێ ١٨ی تشرینی دووەم، نزیکەی ١٠ ژن و منداڵی کچیان لە یەکێک لە بازاڕەکانی هەردوو ناوچەی "سانگ تەخت" و "بەندەر" لە پارێزگای دایکۆندی دەستگیر کردووە، ئاماژەیان بەوە کردووە، کە لە نێو دەستگیرکراوەکاندا خوێندکار و مامۆستا و ژمارەیەک ژن هەبوون کە خەریکی بازاڕکردن بوون، هەندێکیان ئازاد کراون لە کاتێکدا ئەوانی دیکە هێشتا لەژێر دەستبەسەرکردندان.
بەپێی سەرچاوەکان، هەندێک لە منداڵە کچەکان لە کاتی دەستگیرکردنەکاندا هەوڵیان داوە لە دەستی هێزە ئەمنییەکان هەڵبێت، هەندێکیان خۆیان هەڵداوەتە ناو ئاوەوە، ئاماژەیان بەوە کردووە کە هۆکاری دەستگیرکردنیان پابەندنەبوونیان بووە بەو ڕێسایانەی جلوبەرگەوە کە بزووتنەوەی تاڵیبان دەیانسەپێنێت بە پۆشینی بورقە "شادور"یشەوە.
ئەم دەستگیرکردنانە لە دوای ئەو کۆتوبەندانەوە هاتن کە تاڵیبان سەپاندوونی و کەمپەینە سەرکوتکارییەکەی دژی ژنان، کە ڕێکارگەلێکن لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا نیگەرانییان سەبارەت بە دۆخی ئازادییە کەسییەکان و مافەکانی ژنان لە ئەفغانستان دروست کردووە.