بەهۆی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە ئەبیەز٣٧ ژن کوژران
لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا زیاتر لە پەنجا کەس گیانیان لەدەستدا، کە ٣٧ کەسیان ژن بوون و لەگەڵ ژمارەیەک منداڵ و خەڵکی مەدەنی، کە بەشدارییان لە مەراسیمی پرسەیەکدا کردبوو لە شاری ئەبیەزلە ڕۆژئاوای سودان.
سودان
کۆمەڵکوژییەکەی شاری ئەبیەزلە چوارچێوەی زنجیرە پێشێلکارییە دووبارەبووەکاندایە کە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی مەدەنی لە ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجامدەدرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بانگەوازەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پابەندبوون بە ئاگربەستی مرۆیی پێشنیارکراوی ڕزگارکردنی ژیانی بێتاوانەکان وەکوخۆی ماوەتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی پەیامنێرمان لە سودان بەڵگەی لەسەر کردووە، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە گروپێک هاوڵاتی مەدەنی کردە ئامانج لەکاتی بەشداریکردنیان لە پرسەیەکدا لە شاری ئەبیەزلە ڕۆژئاوای سودان، زیاتر لە پەنجا کەس کوژراون کە ٣٧ کەسیان ژن، لەگەڵ ژمارەیەک منداڵ و خەڵکی مەدەنی، ئەمەش لەکاتێکدایە کە خەم و پەژارەیەکی زۆر لە ناوچەکەدا هەبووە.
بە وتەی پەیامنێرمان، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی دوێنێ دووشەممە ٣ی تشرینی دووەم، هاوڵاتیانی مەدەنی بۆردومان کرد، سەر بە هێزەکانی پشتیوانی خێرایە، کە لە ناوچەکانی تەنیشت هەرێم چالاکن، هێرشەکە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە دەیان هاوڵاتی بۆ مەراسیمی پرسە کۆبوونەتەوە، لە ئەنجامدا دەستبەجێ ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتووەتەوە.
بەڕێوبەری گشتی نەخۆشخانەی فێرکاریی ئەبیەز، لای خۆیەوە ئاشکرای کرد، کە ژمارەی سەرەتایی بریندارەکان ٥٠ برینداربووە، هاوکات سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، بەهۆی پچڕانی پەیوەندییەکان و ئەو دۆخە ترسناکەی کە تووشی ئەو هاووڵاتیانە بووە، هیچ حاڵه تێکی تر نه گه یشتووه ته نه خۆشخانەکە، چونکە ئەو هاوڵاتیانەی کە هەڵاتوون و قوربانییەکانیان بەجێهێشتووە و بەشێکی زۆریان تا ئێستا بێسەروشوێنن.
ڕێکخراوە ناوخۆیی و مافەکانی مرۆڤ ئەم هێرشەیان بە توندی ئیدانە کرد و بە تاوانێکی ترسناکیان زانی کە سەرەتاییترین بنەماکانی مافی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆڤ پێشێل دەکات، داوایان کرد دەسەڵات لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و شەفاف دەستپێبکات بۆ لێپرسینەوە لە تاوانباران و دادگاییکردنیان.
چالاکوانانیش ئەم ڕووداوەیان بە تاوانی جەنگ ناوبرد، چونکە هێرشەکە گروپێکی مەدەنی دیاریکراوی کردە ئامانج کە هیچ ئامانجێکی سەربازییان لە نزیکەوە نەبووە، هەروەها داوای لێکۆڵینەوەی خێرا و سەربەخۆیان کرد بۆ دیاریکردنی بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوەی ئەوانەی تێوەگلاون، داوای دوورخستنەوەی هێزەکانی شەڕیشیان لە ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان کرد بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە لێکەوتەکانی شەڕ.